هه‌واڵه‌كانی عێراق

چەند چەکدارێك ژنە رۆژنامەنوسێکی عێراقی دەڕفێنن

چەند چەکدارێك ژنە رۆژنامەنوسێکی عێراقی دەڕفێنن دوای ئەوەی خۆیان وەك ئەندامانی هێزە ئەمنیەکانی عێراق نمایشدەکەن و هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی لە بەغدا، ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە (27 کانونی یەکەم) رایگەیاند.

سەرۆکی چاودێری مافی رۆژنامەنوسانی ئازاد، زیاد عەجیلی، رایگەیاند کە ئەفراح شەوقی حەمودی رۆژی دوشەممە نزیك سەعات 10 شەو رفێندراوە لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکێکی باشوری پایتەخت.

عەجیلی وتی: "هەشت چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی ئەفراح لە گەڕەکی سەیدییە کە جلوبەرگی ئاساییان لەبەر بووە و چونەتەژورەوە بە خۆپیشاندان وەك ئەوەی کە سەر بە هێزە ئەمنیەکان بن."

وتیشی: "کوڕەکەیان بەستۆتەوە و مۆبایل و کۆمپیتەر و پارەیان دزیوە پێشئەوەی ئەفراح بڕفێنن و رابکەن."

راپۆرتەکە لەلایەن سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری عێراقەوە پشتڕاستکراوەتەوە کە مەرجی ئەوەی ناوی بڵاونەکرێتەوە لێدوانی دا.

حەمودی تەمەن 43 ساڵ کارمەندی رۆژنامەی شەرقولئەسوەت و ژمارەیەك وێبسایتی هەواڵییە، لەنێویاندا ئەقلام. ئەو تایبەتمەندە بە رۆژنامەوانی بەدواداچون و کێشەی ئافرەتان.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا سێشەممە رایگەیاند کە تیمێکی هاوبەشی ئاسایش و هەواڵگیری پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رفاندنەکە و داوای هاوکاری لە هەرکەسێك دەکات کە زانیاری هەیە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، ئیدانەی رفاندنەکەی کرد و داوای لە هێزە ئەمنیەکان کرد کە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەنوسەکە و هەڵگرتنی شوێنپێی ئەنجامدەران.

گروپی ئازادی رۆژنامەوانانی بێسنور هەفتەی رابردو رایگەیاند کە حەوت رۆژنامەنوس لە عێراق کوژراون لە ساڵی 2016دا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500