هێزەکانی عێراق بەتەواوی گەورەترین گەڕەکی خۆرهەڵاتی موسڵیان ئازادکردووە دوای شەڕێکی دوورۆژە کە تیایدا "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) زیانێکی قورسی بەرکەوت، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، رۆژی هەینی (9 کانونی یەکەم) رایگەیاند.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، نەجمەدین کەریم جبوری، بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق گەڕەکی زوهوریان ئازادکردووە و ئاڵای عێراقیان لەسەر بیناکانی هەڵکردووە."
وتی: "ئەو گەڕەکە گەورەترینه لە بەشی خۆرهەڵاتی موسڵ. سوپا و پۆلیس و ئاژانسی دژە-تیرۆر، بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەوێ پەلاماری پاشماوەکانی داعشیان دا لە سێ قۆڵەوە."
وتیشی: "رزگارکردنی گەڕەکەکە ئێوارەی پێنجشەممە تەواوکرا و هێزەکانمان دەستیانکرد بە قایمکردنی پێگەکانیان و پێشکەشکردنی کۆمەك بۆ دانیشتوانی ئەوێ."
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، پێنجشەممە (8 کانونی یەکەم) رایگەیاند ژمارەی ئەو خێزانانەی ناوچەکانی ژێردەستی داعشیان جێهێشتووە بۆ کهمپهكانی ئاوارە کە لەلایەن حکومەت و نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دروستکراوون ،بەرزبۆتەوە بۆ 94,000.
ئهم وەزارەتە رایگەیاند كه وەزارەتهكه و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەردەوامن لە پێشکەشکردنی یارمەتی بۆیان و ئاماژهی بهوهشكرد کهمپی زیاتر دادەمەزرێندرێت بۆ لەخۆگرتنی شەپۆلی خەڵکە ئاوارەکە.