هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئۆپۆزسیۆنی سوریا رەتیدەکاتەوە لە حەلەب بکشێتەوە

گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، دووشەممە (5 کانونی یەکەم) رەتیانکردەوە لە خۆرهەڵاتی حەلەب بکشێنەوە، سەرەڕای پێشڕەوی بەتاوی حکومەت، ئەمەش دوای ئەوەی مۆسکۆ رایگەیاند لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆ دەربارەی کشانەوەی ئەوان لە شارەکە دەکات، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

سوپای سوریا دوو-لەسەر-سێی خۆرهەڵاتی حەلەبی گرتوە و دووشەممەش بەردەوامبوو لە پێشڕەویی، بە لێدانی ئەو ناوچانەی کە لە ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندا ماون.

وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤرۆڤ پێشتر وتی ئەم هەفتەیە مۆسکۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن دەکات سەبارەت بە وادەیەك بۆ کشانەوەی هەموو چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب.

لاڤرۆڤ وتی: "هەرکە رێککەوتن لەسەر ئەم شێواز و وادانە ئەنجامدرا، دەکرێت ئاگربەستێك بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

بەڵام بەرپرسانی دوو لە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو حەلەب وتیان هەر پلانێك رەتدەکەنەوە کە کشانەوەی چەکدارانی لە شارەکە تێدابێت.

یاسر یوسف لە گروپی ئۆپۆزسیۆنی نوردەین زەنگی وتی هەر پێشنیارێك "بۆ دەرچوونی گروپە یاخیەکان قبوڵناکرێت".

ئەبو عەبدولڕەحمان حەمماوی لە سوپای ئیسلام، گروپێکی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، وتی، "شۆڕشگێڕەکان حەلەب جێناهێڵن" و بەردەوامدەبن لە شەڕ "تا دوا دڵۆپی خوێن".

هەردوو بەرپرسەکە وتیان چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ئامادەن پلانێکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاتنەناوەوەی کۆمەكی مرۆیی بۆ خۆرهەڵات قبوڵبکەن، کە لە ناوەندی تەمموزەوە بەهێزەکانی حکومەت گەمارۆدراوە.

لە خۆرهەڵاتی شارەکە، هێزەکانی سوریا شەڕی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیان کرد لە ناوچەی شاعر، کە سوپا نزیکەی بەتەواوی دەوری گرتوە دوای پێشڕەوییەکەی شەوی پێشتر.

دووشەممە، سوپا بە هێرشی بەردەوام لە ناوچە ماوەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی دا لەگەڵ تۆپبارانی تۆپخانەکانی کە بەهۆیەوە پارچەیەك دوکەڵی بەسەر ئاسمانی شارەکەوە دەبینرا.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەکاتی هێرشەکەدا لانیکەم 324 کەس کوژراون لە خۆرهەڵاتی حەلەب، لەنێویاندا 44 منداڵ.

روانگەکە دەڵێت لە هەمان ماوەدا هێرشی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر خۆرئاوای شارەکە کە لەژێردەستی حکومەتە 73 کەسی کوشتوە، لەنیویاندا 29 منداڵ.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاربوو دووشەممە دەنگ لەسەر رەشنوسی بڕیارێك بدات بۆ ئاگربەستێکی حەوت رۆژە لە شارەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500