هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتوەکان ماوەی لێکۆڵینەوەی هێرشی کیمیایی سوریا درێژدەکاتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان پێنجشەممە (17 تشرینی دووەم) بەکۆی دەنگ بڕیاریدا ساڵێك درێژبکاتەوە بۆ ئەو لیژنەیەی ئەرکی لێکۆڵینەوە لە هێرشی کیمیایی سوریا و دیاریکردنی بەرپرسانی پێسپێردراوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەپشتیوانی روسیا، ئەنجومەنەکە بڕیارێکی پەسەندکرد کە ئەمریکا دایڕشتبوو بۆ درێژکردنەوەی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی تا تشرینی دووەمی 2017.

تیمی ئەرکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش جەختیکردەوە لەوەی هێزەکانی رژێمی سوریا سێ هێرشیان بە گازی کلۆر ئەنجامداوە بۆ سەر چەند گوندێك لە 2014 و 2015 دا. هەروەها گەشتەئەوەی کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) گازی خەردەلی وەك چەك لە ئابی 2015 دا لە سوریا بەکارهێنا.

بڕیارەکە داوا لە تیمەکە دەکات کە "ئەنجامدەران، رێکخەران، پاڵپشتکاران"ی هێرشەکان دیاریبکەن، لەنێویاندا ئەو گروپانەی کە سەر بە داعش یان قاعیدەن، دەشڵێت کە هەر "کەس، یەکە، گروپ و حکومەتێك بەرپرس بێت لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی چەکی کیمیاریی دەبێت روبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێتەوە".

سوریا لە 2013دا رێککەوتنی چەکی کیمیایی واژۆکرد و قایلبوو بەوەی دەستبەرداری چەردە کیمیاییەکەی بێت لەژێر فشاری روسیادا.

هەفتەی رابردو لە کۆبونەیەکی لاهای دا، بەرپرسی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی سەرکۆنەی سوریای کرد لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کە یەکەمین سەرکۆنەکردنی دەوڵەتە لەسەر پێشێلکاری رێکەوتنی چەکی کیمیایی.

تیمەکە، کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە لە ئابی 2015دا دامەزرا، دەبوو هەینی هەڵبوەشێنرێتەوە گەر ماوەی ئەرکەکەی بۆ درێژنەکرایەتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500