هه‌واڵه‌كانی عێراق

لە شەڕەکانی خۆرهەڵاتی موسڵدا داعش فەرماندە مەیدانیەکەی لەدەستدەدات

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) فەرماندە مەیدانیەکەی لە شەڕەکانی بەرەی خۆرهەڵاتی موسڵدا لەدەستدا، سەرچاوەیەکی فەرمی لە ده‌زگای دژە-تیرۆر پێنجشەممە (17 تشرینی دووەم) بە دیارونای وت.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ده‌زگای دژە-تیرۆر، لیوا سامی عارزی، وتی فەرماندەیه‌كی داعش، ئەبو حەسەن لیبی، لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوکارانی، لە ئۆپەراسیۆنێکی پلان بۆ داڕێژراودا لە موسەنای خۆرهەڵاتی موسڵ کوژران.

عارزی وتی: "ئەمڕۆ هێزەکانی عێراق پێشڕەویی بەرچاویان لە رەوتی شەڕەکاندا بەدەستهێناوە لە بەرەکانی خۆرهەڵات، باشور، خۆرئاوا و باکور."

وتی: "گوندەکانی عەزبە و ئەلبو یوسف لە باشوری موسڵ گیراونەتەوە. ئێمە چوینەتە ناو كۆمه‌ڵێك ناوچەی نوێ و شەقامەکانی گەڕەکەکانی موسەنا و فەلەستین و سەبعاوی لە خۆرهەڵاتی موسڵ."

وتیشی: "لە بەرەی باکور، دەستمانگرتەوە بەسەر ناوچەی گرنگی تەحریردا و پێگە نوێیەکانی خۆمان لەوێ پتەوکرد. لە بەرەی خۆرئاواشەوە، شارۆچکەی تەل ساوان، تەل عەزۆ و حەمرامان گرتەوە."

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ئاژانسی فرانس پرێس، لە هەمانکاتدا رێكخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ رۆژی پێنجشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە لێدوانی خەڵکی ناوچەی حەمام عەلیلی تێدابوو لە باشوری موسڵ، تیایدا ئاماژەیان بە دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ كردووه‌ لەوێ کە لاشەی ئەو پۆلیسانەی تێدایه‌ پێشتر لەلایەن داعشەوە کوژرابوون.

گۆڕەکە 7 تشرینی دووەم لە دەرەوەی شارۆچکەی حەمام عەلیل دۆزراوەتەوە، دوای ئەوەی هێزەکان لە هەڵمەتیاندا بەرەو باکور گرتیان.

شایەتێك بە چاودێریی مافی مرۆڤی وت کە مانگی پێشوو لە ماوەی دوو رۆژدا، لانیکەم 230 کەس، كه‌ هەندێکیان پێشتر پۆلیس بوون، هێنرانە ئەو شوێنە و پێدەچێت لەوێ گوله‌باران کرابن.

جێگری بەڕێوەبەری چاودێرییەکە جۆو ستۆرك وتی: "ئەمە بەشێکی ترە لە بەڵگەی ئەو کوشتارە بەکۆمەڵە تۆقێنەرانەی داعش بەرامبەر ئەفسەرانی پێشووی جێبەجێکاری یاسا ئەنجامیداون لە دەوروبەر و ناو موسڵدا."

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان، نزیکەی 60,000 کەس لە دەستپێکی هێرشی گرتنەوەی موسڵەوە ئاوارەبوون، کە 17 تشرینی یەکەم دەستیپێکرد.

زۆربەی شەڕەکانی هەفتەکانی سەرەتا لە ناوچە کەم دانیشتوانەکانی دەرەوەی شارەکە بوون، بەڵام لە ئێستادا هێزەکان بەرەو ناوچە چڕەکان دەڕۆن کە گواستنەوەی کۆمەك بۆیان ئاڵۆزە.

بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند: "بە نزیکبونەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەو بەشانەی موسڵدا کە چڕیی دانیشتوانیان هەیە، رێکخراوە مرۆییەکان زیاتر نیگەراندەبن لە توانای دەستڕاگەیشتنی ئەو خێزانانەی له‌ژێر کاریگەریی شەڕه‌كه‌دان، بە ئه‌منیه‌ت و هاوکارییه‌كان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500