هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتوەکان: بەرهەمهێنانی خۆراك لە سوریا لەنزمترین ئاستدایە

قەیرانی کشتوکاڵی سوریا بەرهەمهێنانی خۆراکی گەیاندۆتە نزمترین ئاست و ترسی لەناو خەڵکی وڵاتەکەدا دروستکردوە کە ناچاردەبن لەدەست قاتوقڕیی هەڵبێن، ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە (15 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

رێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵ (فاو) لە راپۆرتێکدا کە لەگەڵ پرۆگرامی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەرهەمیهێنابوو رایگەیاند "شلۆقیی بەرفراوان و دۆخی کەشوهەوای نەخوازراو" لە هەندێك بەشی وڵاتەکەدا بەردەوامن لە "بەربەستدروستکردن لە دەستڕاگەیشتن بە کێڵگە و کەرەستەی کشتوکاڵی و بازاڕ".

فاو هۆشداریی دا لە "ئاکامی قورس نەك تەنیا بۆ ئاسایشی خۆراكی کشتوکاڵی ماڵان بەڵکو بۆ هەبوونی خۆراك،" کە "رەنگە دواجار سەربکێشێت بۆ ئاوارەیی زیاتر".

راپۆرتەکە رایگەیاند شەڕی بەردەوام وادەکات قورس بێت بۆ جوتیاران دەستیانڕابگات بە خاکی چاندن یاخود سەرچاوەی ئاویی، لەکاتێکدا نرخی خۆراکی ئاژەڵ زۆر بەرزبۆتەوە، "زۆر خێزانی ئاژەڵداری ناچارکردوە ... بە فرۆشتن یان سەربڕینی مەڕ و بزن و پەلەوەرەکانیان".

بەرزبونەوەی نرخەکان و کەمیی پەیین و تۆویش زیان بە جوتیارانی دانەوێڵە دەگەیەنێت کە "هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نیە جگە لە وازهێنان لە بەرهەمهێنانی خۆراك گەر پاڵپشتیی دەستبەجێیان پێنەگات".

راپۆرتەکە رایگەیاند بەرهەمهێنانی گەنم بەڕێژەی 55% دابەزیوە، قەیرانی ئاویش سەریکێشاوە بۆ ئەوەی جوتیاران رووبکەنە دانەوێڵەی قایمتر بەڵام کەمتر خۆراکیی.

راپۆرتەکە رایگەیاند لەکاتێکدا پێشتر هەناردەکەری ئاژەڵ بوو، لەسەرەتای قەیرانەکەوە گاگەل و پەلەوەر لە سوریا کەمتربوونەتەوە، بە ئاماژەکردن بەوەی "رێژەی مانگا 30% دابەزیوە، مەڕ و بزن 40% و پەلەوەریش 60%".

راپۆرتەکە رایگەیاند "زۆرێك لە جوتیاران توانای خۆگونجاندیان نەماوە،" راشیگەیاند نزیکەی 80%ی خێزانەکانی سوریا بۆیان قورسبووە دەستیان بگات بە خۆراك یان بیکڕن، دۆخەکەش دەشێت خراپترببێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500