شەش گەڕەك لە خۆرهەڵاتی موسڵ لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) گیراوەتەوە، فەرماندەیەکی باڵا هەینی (4 تشرینی دووەم) وتی.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی موسڵ ملازم عەبدولئەمیر رەشید لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "یەکەکانی دەزگای دژە-تیرۆر ئەمڕۆ گەڕەکەکانی مەیەلان، سەماح، خەزرا، کەرکوکلی، قودس و کەرامەیان ئازادکردوە لە خۆرهەڵاتی موسڵ."
ئاژانسی فرانس پرێس هەینی رایگەیاند بەڵام لەگەڵ ئەوەی بلدۆزەر و تانکەکان بە پاڵپشتی هێرشی ئاسمانی لە خۆرهەڵاتەوە دەچنە نێو شەقامەکانی موسڵەوە، رووبەڕووی بەرگرییەکی توندی چەکدارانی داعش دەبنەوە، کە هەندێك لە یەکەکانی ناچاری نیمچە کشانەوە دەکات .
هەندێك لە زرێپۆشەکانی دژە-تیرۆر دوای چەند کاتژمێرێك لە چوونە نێو گەڕەکی کەرامەوە، گەڕانەوە.
ئەفسەرێك وتی: "پێشبینی ئەو بەرگرییەمان نەدەکرد. هەموو رێگەکانیان گرتووە."
ئەو ئەفسەرەی دژە-تیرۆر، کە داوایکرد ناوی نەدرێت، وتی: "ژمارەیەکی زۆر جیهادیی لێیە... باشتربوو بکشێینەوە و پلانێکی نوێ دابنێین."
بەڵام هەندێك لە هێزەکانی دژە-تیرۆر لە شارەکەدا مانەوە، لانیکەم پێنج فەوج بەشدارییان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردوە کە هەینی دەستیپێکرد، کە وا دەکات قورس بێت رادەی کشانەوەکە بزانێت.