هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنە لە کوژرانی خەڵکی مەدەنی دەگرێت لە توندوتیژیەکانی حەلەب

هێرشێکی ئۆپۆزسیۆن بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر حەلەبی سوریا خاوبویەوە دووشەممە (31 تشرینی یەکەم) لە ناوەڕاستی بەرگریەکی توند، هەروەك نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە توشی "نیگەرانی" بوو بە کردنە ئامانجی خەڵکی مەدەنی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

باڵەکانی ئۆپۆزسیۆن بەهاوپەیمانی لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان، لەنێویاندا بەرەی نوسرە، کە ئێستا بە بەرەی فەتح ئەلشام ناسراوە رۆژی هەینی هێرشێکی سەرەکیان ئەنجامدا بە پاڵپشتی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و موشەك هاویشتن، بۆ شکاندنی هێڵەکانی رژێم و گەیشتن بەو 250,000 کەسەی لە رۆژهەڵاتی شارەکەدا گەمارۆدراون.

بەگوێرەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەکاتێکدا کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن پێشڕەویەکی سەرەتاییان تۆمارکرد، هێرشەکە لەوکاتەوە هێواشبووەتەوە.

سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، دووشەممە وتی: "لە یەکشەممەوە، رژێم دەستپێشخەریەکی دەستپێکردووە و پێکدادانەکان خاوتر بونەتەوە."

لە ئامارێکی تازەی کوژراواندا، روانگەکە دووشەممە رایگەیاند کە 61 جەنگاوەری رژێم و ئەندامی میلیشیا هاوپەیمانەکانی کوژراون لە هێرشەکەدا، لەگەڵ 72 جەنگاوەری ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

روانگەکە هەروەها رایگەیاند کە بۆردومانی چڕی موشەکەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەینییەوە 48 کەسی مەدەنیان کوشتووە، لەنێویاندا 17 منداڵ.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاشتی، ستیفان دی مستورا رایگەیاند کە ژمارەی زۆری کوژراوانی مەدەنی نیگەرانی زۆری لێکەوتەوە.

لە راگەیاندراوێکدا یەکشەممە، نوسینگەی دیمستورا رایگەیاند کە ئەو "نیگەرانەو توشی شۆك بووە بەو ژمارە زۆرەی موشەك" کە لەلایەن گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنە هاویشتران.

راگەیاندراوەکە وتی: "ئەوانەی مشتومڕ دەکەن کە ئەم هێرشانە بۆ بەهاناوەچونی گەمارۆی سەر رۆژهەڵاتی حەلەبە دەبێت بیریان بهێنرێتەوە کە هیچ شتێك رەوایەتی نادات بە بەکارهێنانی چەکی نەگونجاو و بێ جیاکاری، لەنێویاندا چەکی قورس، بۆ سەر ناوچەکانی مەدەنی و لەوانەیە ئەمە بچێتە خانەی تاوانەکانی جەنگ."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500