هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرش ئەنجامدەدات بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر حەلەب

جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەینی (28 تشرینی یەکەم) هێرشێکی سەرەکیان ئەنجامدا دژی هێزەکانی رژێم بۆ شکاندنی گەمارۆیەکی یەك مانگی لەسەر ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن، لەنێویاندا هاوپەیمانی ئەحرار ئەلشام، چەندین موشەکیان ئاراستەی ناوچەکانی ژێردەستی رژێم کرد لە رۆژئاوای حەلەب، کەبووە هۆی کوژرانی لانیکەم 15 مەدەنی.

روانگەکە هەواڵیدا سەبارەت بە پێکدادانی قورس لە چەندین بەرەوە لە رۆژئاوا و باشوری دەوروبەری حەلەب و رایگەیاند کە سێ ئۆتۆمبێلی خۆکوژ خاڵێکی پشکنینیان لە ناوچەی داحیەت ئەسەد کردە ئامانج. ئاماری زیانەکانی پێکدادانەکە و هێرشەکە دەستبەجێ نەزانراوە.

جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆن هەروەها پێگەکانی رژێمیان لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەب کردە ئامانج لەگەڵ ناوچەکانی لاتاکیای کەنار پارێزگاکە، لەنێویاندا بنکەی سەربازی حمەیمین.

فەرماندەیەکی سەربازی و وتەبێژی ئەحرار ئەلشام، ئەبو یوسف موهاجیر، رایگەیاند کە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن "دەستپێکردنی جەنگەکە رادەگەیەنن بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر حەلەب."

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی کە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن هەروەها چەندین موشەکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی سەربازی نەیرەب و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب کردووە، و موشەکەکانیان لە پارێزگای ئیدلیبەوە هاویشتووە بۆ پێگەکانی رژێم لە لاتاکیا، کە بووە هۆی کوژرانی یەك کەس و برینداربونی شەش کەسی تر.

لەهەمانکاتدا، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بان کی-مون، داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی کردووە لە هێرشەکەی چوارشەممە کە خوێندنگایەکی کردە ئامانج لە ناوچەی ئیدلیبی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن کە 22 منداڵی کوشت، وتەبێژی بان کی مون رایگەیاند.

کی-مون لە راگەیاندراوێکدا وتی: "ئەگەر هێرشەکە بەئەنقەست بوبێت، لەوانەیە بگاتە ئاستی تاوانی جەنگ."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500