پەرلەمانی کەنەدا سێشەممە (25 تشرینی یەکەم) یاسایەکی پەسەندکرد بۆ نیشتەجێکردنی یەزیدیە ئاوارەکان لە ماوەی چوار مانگدا، لە کاتێکدا کە چەوساندنەوەی گروپەکەی لە لایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بە جینۆساید ناساند، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
حکومەتی کەنەدا رایگەیاند کە تائێستا خەریکی پلاندانانە بۆ گواستنەوەی یەزیدیەکان لەڕێگەی فڕۆکەوەو جارێ نازانێت کەنەدا چەند ئاوارەی یەزیدی وەردەگرێت لە ماوەی ئەو 120 رۆژەدا.
وەزیری کۆچبەران، جۆن مەککەڵم، ئەوەی بیرخستەوە کە کەنەدا توانیویەتی زیاتر لە 25,000 ئاوارەی سوری نیشتەجێبکات تەنیا لەماوەی جەند مانگێکی کەم لەسەرەتای ئەم ساڵدا.
نادیە مورادی تەمەن 23 ساڵ لەلایەن داعشەوە گیرا لە گوندەکەی خۆی، کۆچۆ، لەنزیك شەنگالی باکوری عێراق مانگی ئابی 2014 و بردرا بۆ شاری موسڵ. لەوێ ئەشکەنجە دراو دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر بۆ ماوەی سێ مانگ تا توانی رابکات و هەڵبێت بۆ ئەڵمانیا.
دوای ئەمە، بووە چالاکوانیکی مافەکانی مرۆڤ و گرفتی کۆمەڵگەی یەزیدیەکانی، بەتایبەتی کێشەی دەستدرێژی سێکسی و بازرگانیکردن بەو ژن و منداڵانەی کە لەلایەن داعشەوە گیران، بەدونیا ناساند.