هه‌واڵه‌كانی عێراق

بەرپرسێك: گومانلێکراوێکی داعش نیازی بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی بەرلینی هەبوو

پەنابەرێکی سوری رۆژی دووشەممە (10 تشرینی یەکەم) دەستگیرکرا دوای ئەوەی لەلایەن سێ هاونیشتمانیی خۆیەوە قۆڵبەستکرا، نیازی دانانی بۆمبی هەبوو لە فڕۆکەخانەی بەرلین بەناوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆ، هانز-گیۆرگ ماسن، بە تەلەفزیۆنی گشتیی ئەڵمانی ئەی ئاڕ دی وت: "لەلایەن دەزگا نهێنیەکانەوە زانیاریمان پێگەیشت کە سەرەتا نیازی بوو شەمەندەفەر بکاتە ئامانج لە ئەڵمانیا پێشئەوەی دواجار بڕیاری بۆ یەکێك لە فڕۆکەخانەکانی بەرلین دا."

بڕیاری دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکە رۆژی هەینی درا، پاشئەوەی کەتیرەی گەرمی کڕی.

ماسن وتی: "لەو باوەڕەدا بووین کە ئەوە دواهەمین کەرەستە بوو پێویستی بوو بۆ دروسکردنی بۆمب."

جەبار ئەکبەر، 22 ساڵ، رۆژی شەممە توانی خۆی دەربازبکات لە پۆلیس کاتێك کۆماندۆکان دایان بەسەر ماڵەکەیدا و تێیدا کیلۆونیوێك 'تی ئەی تی پی'یان دۆزییەوە کە هەمان ئەو تەقەمەنییەیە لەلایەن ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پاریس و برۆکسلەوە بەکارهاتبوو.

دوای دوو رۆژ بەدوکەوتنی (راوکردنی)، پۆلیس دواجار دەستگیریانکرد بەکۆمەکی سیان لە هاونیشتمانیە سوریەکانی خۆی لە شاری لایپزیگ لە خۆرهەڵاتی ئەڵمانیا.

سێ سوریەکە وتیان ئەکبەر لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر داوای لێکردوون داڵدەی بدەن. بردبوویانە ماڵەوە و لەوێ بەهۆی ئاگادارییەکی پۆلیسەوە بۆیان دەرکەوتبوو کە گومانلێکراوی هەڵهاتووی پلانی تەقینەوەکەیە.

ئەکبەر هەوڵیدابوو بەخشیش بدات بە پیاوەکان، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکردبووەوە و بە وایەرێکی کارەبا بەستبوویانەوە تا پۆلیس گەیشتبووە ئەوێ.

راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنجێلا مێرکل، رۆژی دووشەممە سوپاسگوزاریی خۆی دەربڕی و وتی سوریەکان "بەشدارییەکی یەکلاییکەرەوەیان کرد" لە دەستگیرکردنەکەدا.

جێگری فەرماندەی فیدراسیۆنی ئەفسەرانی پۆلیس، سێباستیان فیدلەر، وتی ئەمە "بەڵگەیەکی زۆر ئەرێنیە بۆ ئەوەی کە نابێت هەموو پەنابەران بخرێنەژێر گومانەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500