هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئاسەوارە دوبارە دروستکراوەکانی سوریاو عێراق لە کۆلیسیەم نمایشدەکرێن

سێ پارچە ئاسەواری تەلارسازی سوری و عێراقی کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) زیانیان بەرکەوتووە یان تێکشکێنراون وەك خۆی دروستکراونەتەوە و رۆژی پێنجشەممە (6 تشرینی یەکەم) لە کۆلیسیەم لە رۆما نمایشکران، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

کۆپیی بە ئەندازەی راستەقینەی گامێشە باڵدارەکەی نەمرود لە عێراق و بەشێكی هۆڵی ئەرشیفە دەوڵەتیەکانی سەردەمی پاشایەتی کۆنی ئێبلە لە سوریا و نیوەی بنمیچی پەرستگای بێڵ لە تەدمور، لە نمایشەکەدا دەبن تا 11 کانونی یەکەم.

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پاوڵۆ جێنتیلۆنی، لەکاتی کردنەوەی پێشانگاکەدا وتی: "بۆ چەندین ساڵە ئيمە وتوێژدەکەین لەبارەی گرنگی ئەوەی ئیتاڵیا و جیهان کاربکەن بۆ پاراستنی ئاسەوارە کولتوریەکانی ئەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە و ئەم پێشانگایەش بەتەواوی گەواهی ئەم هەوڵدانەیە."

لێپرسراوانی شوێنەوارناسیی سوریاش رێککەوتن بۆ هێنانی دوو پەیکەری تەدمور بۆ رۆما کە لەلایەن داعشەوە زیانیان پێگەیەنراوە.

دوای پێشانگاکە، کە لەلایەن ئینکۆنترۆ دی سیڤیلتا (کۆکردنەوەی شارستانیەتەکان) رێکخرابوو، هەردوو پەیکەرە لە ئیتاڵیا چاکدەکرێنەوە پاشان دەنێردرێنەوە بۆ سوریا.

سێ ئاسەوارەکە بە یارمەتی پرینتەری سێ-دووری دروستکراونەتەوە.

ئەندازیاری تەلارسا، ماتیۆ فابری لە کۆمپانیای ترایکۆ، ئەو کۆمپانیا ئیتاڵیەی کارەکەی ئەنجامداوە، وتی کە نزیکەی سێ مانگی خایاند تا بەشەکانی پەرستگای بێڵ دروستکرانەوە.

فابری وتی: "زۆربەی کات ئێمە زۆر خێراتر کاردەکەین لەگەڵ سکانەری سێ-دووری، بەڵام لەم حاڵەتەدا دەبوو کارەکەمان بەگوێرەی وێنە کۆنەکان و باسکردنە زارەکیەکان ئەنجامبدەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500