هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێرشێکی خۆکوژیی داعش لە ئاهەنگێکدا لە سوریا 24 کەس دەکوژێت

خۆکوژێك لانیکەم 24 کەسی کوشت رۆژی دووشەممە (3 تشرینی یەکەم) لە هێرشێکدا بۆسەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە پارێزگای حەسەکە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەگوێرەی حکومەتی خۆجێی کوردی، خۆکوژەکە لەناو هۆڵێکدا لە گوندی تەل تاویل خۆی تەقاندەوە لەکاتی ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا.

هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوپەیمانێتییەکی عەرەبی-کوردیە کە دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) شەڕدەکەن لە باکوری سوریا.

داعش بەرپرسیارێتی لە هێرشەکە راگەیاند و وتی یەکێك لە چەکدارەکانی تەقەی لە گردبوونەوەیەك کردووە لەنزیك شاری حەسەکە پێشئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە.

شایەتحاڵێك بەناوی ئەحمەد کە لە تەقینەوەکەدا برینداربووبوو، ئەو ساتەی وەسفکرد کە خۆکوژەکە هێرشەکەی دەستپێکرد.

وتی: "کاتێك بوك و زاوا پەیمانیان دەگۆڕیەوە، پیاوێکم بینی چاکەتێکی رەشی ئەستوری لەبەردابوو بەلامدا تێپەڕی."

"هەستمکرد کە نامۆ دەهاتەپێشچاو و چەند چرکەیەك دواتر تەقینەوەیەکی گەورە رویدا."

"خەڵکەکە کەوتبوونە سەرزەوی و چەندین لاشەم بینی پارچەپارچە بووبوون."

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ باسی لە ژمارەیەکی بەرزتر کرد کەوا 36 کوژراون، لەنێویاندا 11 منداڵ.

بوك و زاوا هەردوکیان سەلامەت بوون، بەڵام باوکی زاواکە و برایەکی کوژران لە هێرشەکەدا، خزمێکیان بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت.

گۆرانیبێژێکی ئاهەنگەکە، محەمەد کەسار، هەوڵیدەدا فرمێسکەکانی رابگرێت کاتێك باسی ساتەکانی دوای هێرشەکەی دەکرد.

وتی: "هێشتا لە شۆکدام. هەمووی منداڵ و ژن بوون."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500