هه‌واڵه‌كانی عێراق

دوای هێرشێکی کوشندە، نەتەوە یەکگرتووەکان کاروانی کۆمەك هەڵدەپەسێرێت

نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو کۆمەکێکی مرۆیی لە سوریا هەڵپەسارد رۆژی سێشەممە (20 ئەیلول) دوای هێرشێکی کوشندە بۆ سەر ئۆتۆمبیلەکانیان، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەکانی خاچی سور و مانگی سور رایگەیاند هێرشەکەی دووشەممە بۆ سەر کاروانێکی کۆمەك کە بەرەو حەلەب دەچوو "نزیکەی 20 مەدەنی" کوشت، لەنێویاندا کارمەندێکی مانگی سوری سوری.

روداوەکە توڕەیی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێکەوتەوە و بەرپرسی کۆمەك ستیڤن ئۆبرایان هۆشداری دا کە ئەگەر بە مەبەست کرابێت "بە تاوانی جەنگ ئەژماردەکرێت".

فیدراسیۆنەکە رایگەیاند لانیکەم 18 بۆ 31 ئۆتۆمبیل تێکشکێنراون، لەگەڵ گەنجینەیەکی مانگی سور لە ئۆروم کوبرا لە حەلەب.

"زۆربەی کۆمەکەکە لەناوچوو،" فیدراسیۆنەکە رایگەیاند، بە ئاماژەکردن بەوەی "هێرشەکە بە هەزاران مەدەنی لە پێدوایستیی بنەڕەتیی خۆراك و کۆمەکی تەندروستیی بێبەشدەکات."

وتەبێژی فیدراسیۆنەکە بینۆیت کارپێنتایەر وتی عومەر بەرەکات کە بەرپرسی لقی ناوخۆیی مانگی سورە لە هێرشەکەدا برینداربوو، دواتر گیانی لەدەستدا.

ئاژانسی کۆمەكی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند جوڵەی تەواوی کاروانەکانی کۆمەك لە سوریادا هەڵپەسێردراوە وەك "هەنگاوێکی ئەمنیی دەستبەجێ".

وتەبێژی ئاژانسی کۆمەك یەنس لایرکە وتی هێرشەکە دەستنیشانی "رۆژێکی زۆر زۆر رەشی کرد بۆ مرۆڤدۆستەکانی سوریا و لەڕاستییدا جیهانییش،" ئەوەشی وت کە "زۆر گرنگە بتوانین کە راستییەکانمان لەڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆوە بۆ دەربکەوێت".

هێرشەکە چەند کاتژمێرێك دوای راگەیاندنی کۆتایی ئاگربەست هات لەلایەن رژێمی سوریا وە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500