هه‌واڵه‌كانی عێراق

کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ حەلەب لەسەر سنور گیردەخوات

لۆرییەکانی کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە خۆراکیان بۆ مەدەنیە گەمارۆدراوەکانی حەلەب هەڵگرتووە، ئه‌مڕۆ هەینی (16 ئەیلول) هێشتا له‌سه‌ر سنووری سوریا گیریان خواردووه‌، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەپێی ئەو ئاگربەستەی روسیا و ئەمریکا لەسەری رێککەوتوون، کە رۆژی دووشەممە چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، دەبێت شەڕ لەسەرتاسەری وڵاتدا رابگیرێت تەنها لەو ناوچانەدا نەبێت کە گروپە تێرۆریستیەکانی تیادان.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگربەسەکەی به‌ "پەنجەرەی هەلێکی گرنگ" وه‌سفكرد بۆ دابینکردنی کۆمەك بۆ ئەو ناوچانەی حەلەب کە لە ژێردەستی ئۆپۆزسیۆندان و نزیکەی 250,000 مەدەنی لەژێر گەمارۆی رژێمدان.

نەتەوە یەکگرتووەکان بەو هیوایەبوو بتوانێت 40 لۆری خۆراك -- کە بەشی مانگێکی 80,000 کەس دەکات -- بەزووترین کات بگەیەنێتە خۆرهەڵاتی حەلەب.

بەڵام وتەبێژێکی نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروبارە مرۆییەکان، ده‌یڤید سوانسن، وتی بەرەبەیانی رۆژی هەینی لۆریەکان هێشتا لەسەر سنوری تورکیا چاوەڕوانیان دەکرد.

سوانسن وتی: "ئەو تەحەدایەی روبەڕوومان دەبێتەوە -- ئەمەش واقیعه‌ زۆر خەمناکەكه‌یه‌ -- ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت زامنی ئه‌وه‌ بكه‌ین کە هەموو لایەنەکانی ململانێکە و ئەوانەش کە دەسەڵاتیان بەسەریاندا هەیە هاوڕان."

لەسایەی ئەم رێککەوتنی ئاگربەستەدا رێگای سەرەکیی گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بە حەلەبی دابەشبوو، رێگای کاستێلۆ، بە ناسەربازی دەکرێت و کاروانەکانی کۆمەك لە تورکیاوە دێنەناوەوە.

هەر کە کۆمەك دابینکرا و ئاگربەستەکەش بەردەوامبوو، ئەمریکا و روسیا دەستدەکەن به‌ هەماهەنگی بۆئەوەی پێکەوە ئەو گروپە توندڕەوانە بکەنە ئامانج کە لە سوریادا شەڕدەکەن.

سەرچاوەیەکی سەربازی رۆژی هەینی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت کە سوپای سوریا "ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێهێناوە و چەند خاڵێکی داوەتەدەست تیمە چاودێرییەکانی روسیا" بەڵام گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پێگەکانیان نەکشاونەتەوە.

لەهەمانکاتدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی خێرا دەکات بۆ بیستنی وردەکاریەکانی رێکەوتنەکەی نێوان ئەمریکا و روسیا دەربارەی سوریا.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە کاتژمێری 5.30 ئێواره‌ کۆدەبنەوە بۆ راوێژکاری لە دانیشتنێکی داخراودا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێری و وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگی لاڤرۆڤ بڕیارە لەم وتووێژەی ئەنجومەنەکەدا بەشداربن کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سازدەکرێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500