هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزی پشتگیریی دەڕژێنە ناو حەلەبەوە لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکان

هێزەکانی رژێمی سوریا و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن رۆژی دوشەممە (8 ئاب) بەسەدانیان لە هێزی پشتگیری ناردە حەلەبەوە، لەکاتێکدا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن هێرشێکی گشتگیریان راگەیاند بۆ گرتنی شارەکە، وەك ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

شەڕەکە پەرەدەسەنێت دوای ئەوەی پێشڕەویی ئۆپۆزسیۆن لە کۆتایی هەفتەدا ئابڵۆقە سێ هەفتەییەکەی رژێمی شکاند لەسەرخۆرهەڵاتی شارەکە کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندایە، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەبوو بۆ هێزەکانی رژێم.

رۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن رایانگەیاند هەوڵی گرتنەوەی هەموو شاری حەلەب دەدەن، بەڵام هێزەکانی رژێم شەڕێکی سەخت دەکەن و دەستیانکردووە بەهێنانی هێزی پشتگیریی بۆ ناو شارەکە.

روانگەی سوریا بۆ مافی مرۆڤ رایگەیاند لە درەنگانێکی یەکشەممەوە نزیکەی 2,000 چەکداری سەر بە رژێم لە سوریا، عێراق، ئێران و حیزبوڵای لوبنانەوە گەیشتونەتە حەلەب.

بەڕێوەبەری روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی: "هەردوولا هێزەکانیان کۆدەکەنەوە وەك ئامادەکاریی بۆ شەڕی گەورەی حەلەب."

لە هەوڵێکدا بۆ شکاندنی گەمارۆکە، هاوپەیمانێتییەکی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن رۆژی شەممە دەستیانگرت بەسەر ژمارەیەك بینادا لە ئەکادیمیای سەربازیی لە کەناری باشوری خۆرئاوای حەلەب و دواتر بەرەو باکوری خۆرهەڵات چون بۆ گەیشتنەوە بە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ناو شارەکە.

عەبدولڕەحمان رۆژی دوشەممە وتی بە سەدان چەکداری ئۆپۆزسیۆن گەیشتونەتە حەلەب لە ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگاکە و ئیدلیبی دراوسێوە.

راشیگەیاند کە زۆربەیان چەکداری بەرەی فەتح ئەلشام بون، ئەو گروپەی پێشڕەویی "سوپای رزگاریی" ئۆپۆزسیۆن دەکات، کە مانگی رابردوو دوای جیابونەوە لە ئەلقاعیدە ناوی خۆی لە بەرەی نوسرەوە گۆڕی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500