هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێرشە ئاسمانییەکان 13 کەس لە خۆرهەڵاتی حەڵەبی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن دەکوژن

لانیکەم 13 کەس، لەناویاندا نۆ منداڵ، کوژران لە هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی هەینی (5 ئاب) بۆ سەر خۆرهەڵاتی حەڵەب کە لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندایە، وەك روانگەی چاودێریی مافی مرۆڤی سوریا رایگەیاند.

مەرگی ئەو هاوڵاتیانە لەکاتێکدایە کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن، لەناویاندا باڵە توندڕەوەکان، هێرشدەکەن بەمەبەستی شکاندنی ئەو گەمارۆیەی رژێم 17 تەمموز دەستیپێکرد.

لە پەیامێکی دەنگیدا کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، ئەبو محەمەد جۆلانی، سەرکردەی ئەو گروپەی کە پێشتر سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو لە سوریا، بەڵێنی دا ئۆپەراسیۆنەکە بەمزوانە سەرکەوتن بەدەستدێنێت.

هێرشەکە رۆژی یەکشەممە دەستیپێکرد و ناوچەی راموسای کردۆتە ئامانج، کە رێگەی سەرەکیی گەیشتنی پاڵپشتییە بە خۆرئاوای شارەکە کە لەژێر دەستی رژێمدایە.

دوای چەند پێشڕەوییەکی سەرەتایی، هێزەکانی رژێم چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیان ناچار بەکشانەوە کرد، لەناویاندا توندڕەوەکانی گروپەکەی جۆلانی بوون، کە لە ئێستادا بە جەبهەی فەتحی شام ناسراوە.

بەگوێرەی روانگەکە، لانیکەم 112 مەدەنی، لەناویاندا 33 منداڵ، لە حەڵەب کوژراون لەلایەن هەردوولاوە، لەوکاتەوەی هێرشەکەی ئۆپۆزسیۆن رۆژی یەکشەممە دەستیپێکردووە.

روانگەکە رایگەیاند کە لە شوێنەکانی دیکەی پارێزگای حەڵەب هاوپەیمانێتیی عەرەب و کورد پێشڕەویی دەکات بەرەو ناو مەنبیج کە قەڵایەکی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش)ە.

بەڕێوەبەری روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) لە ئێستادا لەسەدا 70 ی شارۆچکەکەیان بەدەستەوەیە.

ناوبراو بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "داعش روبەڕووی دوا قۆناغی خۆی دەبێتەوە لە مەنبیج." راشیگەیاند کە داعش چەند مەدەنییەکی لەوێ هێشتۆتە تا وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500