هه‌واڵه‌كانی عێراق

بەرەی نوسڕە لە قاعیدە جیابۆوە

بەرەی نوسڕە کە لقی قاعیدە بوو لە سوریا رۆژی پێنجشەممە (28 تەمموز) رایگەیاند کە لە تۆڕی تیرۆرە جیهانیەکە جیادەبێتەوە لەڕێی ڤیدیۆیەکەوە کە تیایدا سەرکردەی بەرەی نوسڕە ئەبو محەمەد جۆلانی بۆ یەکەمجار دەرکەوت.

ڤیدیۆکەی کە لەلایەن هەواڵی کەناڵی جەزیرەوە پەخشکرا دوای چەند دەنگۆیەکی سەر ئینتەرنێت هات دەربارەی لێکترازانی قاعیدە لەلقەکەی لە سوریا، کە بە رکابەری سەرەکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دادەنرێت و خۆی لە گروپەکە بەدوردەگرێت و بەم هەڵوێستەش ئەیەوێت خۆی بەدووربگرێت لە هێرشە ئاسمانیەکان.

جۆلانی کە بۆ یەکەمجار لە ڤیدۆیەکەدا بۆ رای گشتی دەرکەوت وتی بەرەی نوسڕە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ "بەرەی فەتحی شام" و خوازیارە یەکێتی ریزەکانیان پێکبهێنن لەگەڵ شەرکەرە سەرەکیەکانی دیکە لە سوریا.

وتی: "بڕیارماندا کە کارەکانمان رابگرین لەژێر ئاڵای بەرەی نوسڕە و بەرەیەکی دیکە دروستبکەین بەناوی جەبهەی [بەرەی] فەتحی شام."

جۆلانی ریشدار کە بە جلوبەرگی سەربازی و عەمامەیەك بەسەریەوە دەرکەوت سوپاسی "فەرماندارەکانی قاعیدەی کرد کە لە پێویستی جیابونەوەکەیان تێگەشتوون."

هەروەها پەیمانیدا کە گروپە تازەکەیان "هیچ پەیوەندیەکی نەبێت بە لایەنە بیانیەکانەوە".

چاودێران دەڵێن بەرەی نوسڕە لە هەوڵی گۆڕینی ناسنامەکەیەتی بۆ بەرگریکردن لەخۆی، چونکە لە ئێستادا کەوتوونەتە ژێر فشارێکی زۆرەوە دوای رێکەوتنی مۆسکۆ و واشینتن لەسەر کاری هاوبەش دژ بە گروپە جیهادیەکان.

واشینتن وتی بەرەی نوسڕە هێشتا وەك مەترسی دەبینێت سەرباری بانگەوازەکەیان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێربی وتی: "ئێمە بە دڵنیایەوە هیچ هۆکارێك نابینین کە باوەڕمان پێبکات چالاکی و ئامانجەکانیان جیاواز بن."

کێربی وتی: "ئەوان هێشتا گروپێکی تیرۆریستی بیانین، ئێمە بڕیار لەسەر گروپێك دەدەین بەوەی کە چی دەکەن نەك چی ناوێك لەخۆیان دەنێن."

لە تۆمارە کورتەکەدا جۆلانی کە دوو پیاوی ریشدار لە تەنیشتیەوە بوون وتی جیابونەوەکە ئامانجی "پارێزگاریکردنە لە شۆڕشی سوریا" و بۆئەوەی بەهانەش بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی نەهێڵێتەوە تاوەکو گروپەکە بە ئامانج بگرن.

چاودێر چارڵز لیستەر وتی یەکێك لە پیاوەکانی لە تەنیشت جۆلانیەوە دەرکەوت دانیشتبوو کۆنە ئەندامێکی قاعیدەیە بەناوی ئەحمەد سەلامە مەبروك.

وتی: "قاعیدە رۆڵێکی یەکجار کاریگەر دەگێڕێت لە ئاراستەکردنی ئەم پێشهاتە و بیرکردنەوە و ستراتیژەکانیان کاریگەریەکی زۆری دەبێت لەسەر ئەم گروپە تازەیە - بزوتنەوەی فەتحی شام."

وتیشی: "گروپەکە هێشتا دژی گروپە هەرە میانڕەوەکان دەوستێتەوە لە سوریا، و دواجار زۆر مەزهەبیانەش دەمێنێتەوە، هەروەها دوائامنجیشی دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیسلامیە لە سوریا بە توانستی هێرشی دەرەکیەوە بۆ سەر وڵاتانی رۆژئاوا."

چاودێر ئەیمەن جەواد تەمیمی بەر لە بانگەوازەکەی جۆلانی وتی: "سەرکردایەتی ناوەندی قاعیدە زۆر پشتگیری ئەو بۆچونەن کە بەرەی نوسڕە بخزێننە ناو بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا."

قاعیدە، کە لەلایەن ئوسامە بن لادنەوە دامەزراوە و بەرەی نوسڕە لە 2013 بەیعەتی پێدا، ئامادەکاری بۆ بانگەوازەکەی پێنجشەممە کردبوو.

ئەحمەد حەسەن ئەبو خەیر، کە وەك جێگری سەرۆکی قاعیدە ئەیمەن زەواهیری ناسێنراوە، لە تۆمارێکی دەنگیدا کە بەرەی نوسڕە لە سەر ئینتەرنێت بڵاوی کردۆتەوە، وتی: "ئێمە ئاراستەی سەرکردایەتی بەرەی نوسڕە دەکەین کە بەو ئاراستەیە کاربکات کە ئیسلامەتیی و موسڵمانێتی بە باشی دەهێڵێتەوە و جیهادی گەلی سوریا دەپارێزێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500