هه‌واڵه‌كانی عێراق

قاعیدە ئاسانکاریی دەکات بۆ دابڕان لە بەرەی نوسرە لە سوریا

قاعیدە رۆژی پێنجشەممە (28 تەمموز) دەستیکرد بە ئامادەکاریی بۆ دابڕان لە لقەکەی لەسوریا، بەرەی نوسرە، ئەمەش دوای گفتوگۆیەکی چەند رۆژەی ئینتەرنێتیی دەربارەی لێکترازانی دوو گروپە جیهادییەکە، وەك ئاژانسی فرانس پرێس وتی.

ئەحمەد حەسەن ئەبولخەیر لە پەیامێکی دەنگییدا کە بەرەی نوسرە لە ئینتەرنێت بڵاویکردەوە وتی: "ئێمە پێشنیاز بۆ بەرەی نوسرە دەکەین بەردەوامبێت لەو ئیسلامەتیی و موسڵمانێتییە باشەی پاراستویەتی، لە پاراستنی جیهادی گەلی سوریاش."

ئەبولخەیر کە وەك جێگری سەرکردەی قاعیدە ئەیمەن زەواهیری ناسێنرابوو وتی، "ئێمە تکایان لێدەکەین کە هەنگاوی دروست بنێن بە ئاراستەی چارەسەری ئەو کێشەیە."

باڵی راگەیاندنی بەرەی نوسرە، مەنارەی سپی، رایگەیاند کە سەرکردەی گروپەکە ئەبو محەمەد جۆلانی بەنیازە وتارێك بدات و وێنەیەکی ئەویشی بۆ یەکەمجار بڵاوکردەوە.

وێنەکە پیاوێکی دەم بەخەندە نیشاندەدات، بە قژی لولی رەش و ریشەوە، جلی سەربازیی و تەربوشێکەوە لەسەری.

چاودێران لەسەر ئینتەرنێت تاوتوێی ئەگەری لێکترازانی بەرەی نوسرە و ئەو شانەیە دەکەن کە ئوسامە بن لادن داینابوو، کە لە ساڵی 2013دا بەڵێنی ئەمەکداریی پێدابوو.

شیکاروانان دەڵێن بەرەی نوسرە مەبەستێتی خۆی نوێبکاتەوە و بەرگریی لەخۆی بکات دوای ئەوەی روبەڕوی فشارێکی زۆر بۆتەوە لەلایەن مۆسکۆ و واشنتۆنەوە کە یەکهەڵوێستن لەسەر ئەوەی هەوڵەکانیان دژی گروپەکە پەرەپێبدەن.

بەرەی نوسرە رکابەری سەرەکیی جیهادیی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ە لە سوریا.

بەڵام بەپێچەوانەی داعش، کە دژایەتیی هەرکەسێ دەکات سوێندی ئەمەکداریی نەخوات، بەرەی نوسرە کاری لەگەڵ چەندین گروپی دیکەی ئۆپۆزسیۆن کردووە کە دژی رژێمی سوریا شەڕدەکەن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500