تەقینەوەیەکی گەورە کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) بەرپرسیارێتیی لەئەستۆ گیرا، لانیکەم 44 کەسی کوشت و بە دەیانی تریشی بریندارکرد، رۆژی چوارشەممە (27 تەمموز) لە شاری قامیشلی کە زۆرینەی کوردە.
ئەوە گەورەترین و کوشندەترین هێرش بوو بۆ سەر ئەو شارە لە دەستپێکی شەڕی سوریاوە لە ئازاری 2011.
میدیای دەوڵەتی سوریا ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی بە 44 کوژراو و 140 بریندار دانا، کە لە گەڕەکێکی خۆرئاوای شارەکە ئەنجامدرا، لەو شوێنەی چەندین وەزارەتی کوردیی لێیە.
روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ ژمارەی قوربانیانی بە 48 کوژراو دانا و ئاماژەی بەوەشکرد کە منداڵ و ژن لەناو کوژراوەکاندا بوون.
بەرپرسانی کورد وتیان هێرشەکە لەلایەن خۆکوژێکەوە ئەنجامدراوە کە لۆرییەکی بۆمبڕێژکراوی لێدەخوڕی.
لە لێدوانێکدا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆوە، داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆگرت.