هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی رژێم لە حەلەبی سوریا دژی ئۆپۆزسیۆن پێشڕەویی دەکەن

هێزەکانی رژێمی سوریا رۆژی سێشەممە (26 تەمموز) دەستیانگرت بەسەر گەڕەکێکی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری خۆرئاوای حەڵەب، بەمەش ئابڵۆقەی خۆیان بەسەر ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە شارەکەدا توندکردەوە، وەك ئاژانسی فرانس پرێس وتی.

روانگەی سوریی بۆ مافی مرۆڤ وتی حکومەت دەستیکردەوە بە هێرشی بۆمبی بەرمیلیی لە گەڕەکەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش رۆژێك دوای ئەوەی بۆمبارانەکان لانیکەم 24 کەسیان کوشت.

روانگەکە وتی دوای پێکدادانی سەخت، هێزەکانی رژێم کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەی لێرەمونیان کرد، باسی شەڕیشی کرد لە شارۆچکەی بەنی زەیدی تەنیشتی، کە ئەویش لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆندایە.

ئەو دوو ناوچەیە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەکانەوە بەکارهێنراون بۆ هەڵدانی موشەك بۆ گەڕەکەکانی ژێردەستی رژێم لە خۆرئاوای شارەکە.

لەم هەفتانەی دواییدا، پێشڕەوییەکانی رژێم لە دەوروبەری شارەکە تاکە رێگەی گەیشتنی پاڵپشتی بۆ گەڕەکەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرهەڵات بڕی، بەمەش کەوتنە ژێر ئابڵۆقەوە.

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن وەڵامیان دایەوە بە هاویشتنی موشەك بۆ گەڕەکەکانی ژێردەستی حکومەت، بەمەش چەندین مەدەنییان کوشت.

بەڕێوەبەری روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی "گرنگیی گرتنی لێرەمون و بەنی زەید بۆ وەستاندنی هێرشی موشەکییە و هەروەها بۆ توندکردنەوەی ئابڵۆقەکەیە".

روانگەکە هیچ ژمارەیەکی قوربانیەکانی شەڕەکانی لەبەردەستدا نەبوو.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500