ئاژانسی فرانس پرێس له راپۆرتێک‌دا رایگه‌یاند که هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق رۆژی پێنجشه‌ممه به نمایشی سه‌ربازی به‌ناو به‌غدا دا ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنیان گێراوه به‌سه‌ر "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام" (داعش)، به‌ڵام راهێنانێکی بانگهوازنهکراو بۆ نمایشه‌که دوو رۆژ پێشتر دڵه‌راوکێی خسته ناو دانیشتوانی گه‌ڕه‌که‌کانه‌وه.
سه‌رۆک وه‌زیران حه‌یده‌ر عه‌بادی له باڵه‌خانه‌یه‌که‌وه چاوی ده‌خشاند به هێزه‌کاندا له‌وکاته‌ی به‌ناوه‌راستی گۆڕه‌پانی ته‌حریردا تێپه‌ڕبون، هه‌ر له‌و کاته‌دا فرۆکه جه‌نگیه‌کان و هه‌لیکۆپته‌ره‌کان به‌سه‌ر شاره‌که‌دا فڕین.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری عه‌مید ته‌حسین ئیبراهیم له لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس وتی نمایشه سه‌ربازیه‌که رێکخراوه به‌بۆنه‌ی "رزگارکردنی فه‌لوجه و ره‌مادی و هه‌موو ناوچه ڕزگارکراوه‌کانی عێراق."
به‌ڵام راهێنانه‌کان بۆ نمایشه‌که که پێشتر رانه‌گه‌یه‌ندرابوون رۆژی سێشهمه له‌بری خۆشی ترسی خسته ناو دڵی دانیشتووانی شاره‌که‌وه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی که زۆربه‌ی شه‌قامه‌کان گیرابوون و ئوتومبیله سه‌ربازیه‌کانیش به‌ناو شاردا هاتوچۆیان ده‌کرد.
عێراق رزگارکردنی فه‌لوجه‌ی له کۆتایی مانگی حوزه‌یران راگه‌یاند. فه‌لوجه به 50 کیلۆمه‌تر ده‌که‌وێته رۆژئاوای شاری به‌غدا، شاره‌که بۆ ماوه‌ی دووساڵ زیاتر له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆنترۆڵی حکومه‌تی عێراقیدا بوو.
ره‌مادی که پایته‌ختی هه‌رێمی ئه‌نباره له کانونی یه‌که‌می ساڵی پار ئازادکردنی راگه‌یه‌ندرا به‌ڵام شهر له‌وێ هه‌ر به‌رده‌وام بوو بۆ چه‌ند مانگی دواتر.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا هێزه‌کانی عێراق فڕۆکه‌خانه‌یه‌کی سه‌ربازی گرنگیان له ده‌ستی چه‌کدارانی داعش گرت له باشوری موسڵ، که سه‌رکرده‌کانی هاوپه‌یمانان پێیان وایه وه‌ك ناوچه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ده‌کرێت به‌کاربهێنرێت بۆ پیشڕهویکردن هەتا گرتنەوەی دوا شاری ژێر ده‌ستی داعش له وڵاته‌که.