هه‌واڵه‌كانی عێراق

راپۆرتێک دەڵێت داعش لە 12% ناوچەکانی لەدەستداوە لە نیوەی یەکەمی 2016دا

بەپێی راپۆرتێکی شیکاری گروپی لێکۆڵینەوەی ئای ئێچ ئێس کە رۆژی یەکشەممە (10ی تەمموز) بڵاوبۆتەوە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) 12% ی ناوچەکانی ژێردەستی لەدەستداوە تەنیا لە نیوەی یەکەمی 2016 دا.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، راپۆرتە شیکارییەکەی ئای ئێچ ئێس IHS دەڵێت کە داعش بەردەوام ناوچەی زیاتر لەدەستدەدات ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گروپەکە توشی چەندین پاشەکشە هاتووە لە ساڵی رابردودا.

راپۆرتە شیکاریەکەی رێکخراوەکە دەڵێت کە داعش 12,800 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە 78,000 کیلۆمەتر چوارگۆشە لەدەستداوە لە ساڵی 2015 داو، ئەمەش دەکاتە 14%ی خاکەکەی ژێر دەستی.

راپۆرتەکە دەڵێت کە "لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2016دا، ناوچەکانی ژێر دەستی داعش بە رێژەی 12% بچوکبونەتەوە." راپۆرتەکە دەشڵێت کە لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵدا "نزیکەی 68,300 کیلۆمەتر چوارگۆشە لەژێر کۆنترۆڵی داعشدایە لە عێراق و سوریا."

شرۆڤەکاری باڵای ئای ئێچ ئێس کۆلومب ستراك وتی کە لەدەستدانی ئەو ناوچانە دەکرێت مانای ئەوە بێت کە داعش هەوڵەکانی دووقات بەگەڕ بخات بۆ "هێرشە خوێناویەکانی"، بەتایبەتی کاتێک "رۆژ بە رۆژ روونترە کە پڕۆژەی حوکمکردنەکەی لە داڕوخاندایە."

ڕێکخراوی ئای ئێچ ئێس دەشڵێت کە سەرمایەی داعش کەمیکردوە لە 80 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییەوە لە مانگێکدا لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 دا بۆ 56 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە مانگێکدا لە سەرەتاکانی مانگی ئازاری ساڵی 2016 دا.

شرۆڤەکارێکی باڵای دیکەی ئای ئێچ ئێس، لودوڤیچۆ کارلینۆ، وتی : "ئەو ژمارەیە لە مانگی ئازارەوە تاوەکو ئێستا بە رێژەی 35% دابەزیوە."

وتیشی:"ئەمە هاوکاتی پاشەکشە سەربازییەکان کاریگەریان لەسەر ریزەکانی ناوخۆی گروپەکە کردووە و نیشانە دیارەکەشی زیادبونی ژمارەی هەڵهاتوانی گروپەکەیە لە کانونی دووەمی ئەمساڵەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500