هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتوەکان: ژمارەی ئەو سورییانەی بە زەحمەت دەستیان پێیان دەگات گەشتۆتە 5 ملیۆن

رێکخەری هاوکاری بەپەلەی نەتەوە یەکگرتوەکان ستێفن ئۆبراین رۆژی پێنجشەممە (23 حوزەیران) رایگەیاند کە نزیکەی 5 ملیۆن سوری ئێستا گەمارۆدراون یان لەو ناوچانە دەژین کە بە زەحمەت پێیان دەگەن، ئەمەش ملیۆنێک هاوڵاتی زیاترە لەو ژمارەیەی کە پێشتر پێشبینیکرابوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فرانس پرێس، نوێنەرەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان زیادبونی ژمارەکەی گەڕاندەوە بۆ بەرفراوانبونی شەڕ لە ناوچەکانی حەلەب و رەقە و حەسەکە کە ئەمەش وایکردوە دەستگەشتن بەو ناوچانە سنوردار بێت.

ئۆبراین بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانی راگەیاند کە هیوادارە لە مانگی تەموز هاوکاری بگەیەنرێتە 1.2 ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی سوری لە 35 ناوچە کە لە هەموو جێگایەکی دیکە زیاتر هاوکاریان پێویستە. وتیشی کە حکومەتی سوری ئاستەنگی خستۆتە بەردەم ئەو هەوڵانەیان بە سنوردارکردنی دەسڕاگەیشتن یان لەمپەڕخستنە بەردەم گەشتنی کاروانەکان بۆ ئەو ناوچانە.

ئۆبراین وتی: "واقیعی ئەم جەنگە بەردەوامە و ئەوەی کە لایەنەکانی ئەم جەنگە بەردەوامن لە دەستوەردان و سەرسەختن لە گەشتن بە رێککەوتن کێشەی زۆر جدی دروستکردوە بۆ تواناکانمان لە گەیاندنی هاوکاری."

ناوبراو داوای لە 15 وڵاتەکەی ئەندامی ئەنجومەنی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد کە "بەبێ هیچ مەرجێک" پاڵپشتی تەواوەتی داواکاریەکان بکەن بۆ گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان.

لە کانونی دووەمی ئەمساڵەوە نەتەوە یەکگرتوەکان هاوکاری مرۆیی گەیاندۆتە 334,150 هاوڵاتی لەو 590,000 سوریەی لە ژێر گەمارۆدا ژیان بەسەردەبەن .

رۆژی پێنجشەممە (23 حوزەیران) نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند کە هاوکاری بەپەلە بە فڕۆکە دەستپێدەکات لە دیمەشقەوە بۆ شاری قامیشلۆ لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، چونکە دوو ساڵە ڕێگا ناوخۆیەکانی نێوان پایتەخت و ئەو شارە داخراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500