هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزە ئازادکەرەکان پێشڕەویی دەکەن بەرەو مەنبەجی سوریا

لە هێرشی هاوپەیماناندا بۆ سەر شاری مەنبەج لە باکوری سوریا زیاتر لە 130 چەکداری "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) کوژراون، ئاژانسی فڕانس پرێس رۆژی پێنجشەممە (9 حوزەیران) رایگەیاند.

هێزەکانی سوریا دیموکرات (SDF) لە روباری فوراتەوە رووە و خۆرئاوا پێشڕەویی دەکەن و ئابڵۆقەی نزیکەی هەموو مەنبەجی داوە، کە خاڵێکی سەرەکیی رێڕەوی گەیشتنی پاڵپشتی داعشە لە سنوری تورکیاوە بۆ خۆرهەڵاتی کە رەققەی مۆڵگەی سەرەکی داعشە.

بەڕێوەبەری چاودێریی مافی مرۆڤی سوریا رامی عەبدولڕەحمان وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەوری شارەکەیان لە باکور، خۆرهەڵات و باشورەوە داوە. بەیانی پێنجشەممە چەکدارانی هێزەکە بەرەو رێگای سەرەکیی خۆرئاوای مەنبەج پێشڕەوییان کرد.

راگەیەندراوێکی پێنجشەممەی ئۆپەراسیۆنەکانی مەنبەجی هێزەکانی سوریای دیموکرات وتی چەکدارەکانی ئێستا هێندە نزیکن دەتوانن پێگەکانی داعش لە شارەکەدا بکەنە ئامانج.

رێکخراوەکە وتی لە سەرەتای شەڕەکەوە 132 چەکداری داعش و 21 چەکداری هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژراون.

عەبدولڕەحمان وتی، "زۆربەی چەکدارانی داعش لە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیماناندا کوژراون."

وتی بەیانی پێنجشەممە دەیان لاشەی چەکدارانی داعش لە گوندێکی نزیکی خۆرهەڵاتی مەنبەج دۆزراونەوە.

رێکخراوەکە وتیشی لانیکەم 30 مەدەنی، لەنێویاندا 11 منداڵ، کوژراون.

هاوکات، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا رۆژی پێنجشەممە وتی فەڕەنسا هێزێکی تایبەتی بۆ راوێژپێکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ناردووە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بدات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500