هه‌واڵه‌كانی عێراق

لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاوپەیماناندا بە هەزاران کەس لە مەنبەجی ژێردەستی داعش هەڵدێن

بە نزیکبوونەوەی هێزە رزگارکەرەکان، بە هەزاران مەدەنی لە شارۆچکەی مەنبەجی باکوری سوریای ژێردەستی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) هەڵهاتوون، ئاژانسی فڕانس پرێس رۆژی سێشەممە (7 حوزەیران) رایگەیاند.

شەڕڤان دەروێش کە فەرماندەیی هێرشی هێزەکانی سوریای دیموکرات (SDF) دەکات وتی، "لە سێ لاوە مەنبەجمان ئابڵۆقەداوە و ئۆپەراسیۆنەکانیش باش دەڕۆن بەڕێوە."

وتی، "هەموو رۆژێك گوندی نوێ رزگاردەکەین."

بە گوێرەی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سوری، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئێستا لە باکورەوە پێنج کیلۆمەتر لە مەنبەج دوورن، دوو کیلۆمەتر لە باشورەوە و حەوت کیلۆمەتریش لە خۆرهەڵاتەوە.

بەڕێوەبەری چاودێری مافی مرۆڤی سوریا رامی عەبدولڕەحمان وتی، "داعش دەستیکردوە بە رێگەدان بە خەڵکی مەدەنی بۆ هەڵاتن رووە و خۆرئاوا،" هەندێکیان بە ئۆتۆمبیل بەڵام زۆرێکیش باریان بە پشتەوەیە و بەپێ دەڕۆن.

نزیکەی 20,000 کەس هێشتا لە مەنبەج دەژین، کە پێش جەنگ ژمارەی دانیشتوانی 120,000 کەس بوو.

ئەفسەرەکانی هاوپەیمانان وتیان کە هێرشی ئاسمانیی چڕوپڕیان بۆ پاڵپشتی جەنگی مەنبەج کردوە، کە دەگاتە لانیکەم 35 هێرش بۆ سەر داعش لە هەفتەی پێشوودا.

لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مەنبەجەوە کە 31 ئایار دەستیپێکرد، هاوپەیمانان بەگشتی 344 کیلۆمەتری چوارگۆشەیان لە داعش ئازادکردوە.

هەروەها شارۆچکەی تەبقە، کە لە ژێردەستی داعشدایە و نزیك لە گەورەترین بەنداوەوە لە سوریا، لە دوو قۆڵەوە لە ژێر پەلاماردایە. هێزەکانی سوریای دیموکرات هەفتەی پێشوو پێشڕەوییان بەرەو تەبقە دەستپێکرد، بەڵام هێشتا 60 کیلۆمەترن لێوەی دوورن.

رێکخراوەکە وتی داعش کاروانێکی چەك و نزیکەی 100 چەکداری ناردوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی لە تەبقە لە خۆئامادەکرندا بۆ جەنگێکی گەورە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500