هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئەڵمانیا دادگایی 180 گومانلێکراوی توندڕەو دەکات

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، داواکارانی گشتی ئەڵمانی دەستیکردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دژ بە 180 کەس کە گومانی پەیوەندییان لێدەکرێت بە گروپە تووندڕەوەکانی سوریاوە، ئەمەش بەوتەی وەزارەتی دادی ئەم وڵاتە رۆژی هەینی، 3 حوزەیران، رۆژێك دوای ئەوەی پۆلیس سێ کەسی سوریی بە گومانی پلاندانان بۆ هێرشێك دەستگیرکرد.

وتەبێژی وەزارەتی داد، فیلیپ شۆڵتز، وتی: "داواکاری گشتی باڵا ئێستا خەریکی ئەنجامدانی 120 پرۆسەی دادگاییە دژی 180 گومانلێکراو لەپەیوەندیاندا بە شەڕی ناوخۆی سوریاوە و ئەندامێتییان یان پشتگیریکردنیان لە رێکخراوانی تێرۆریستی.

لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی دا بە بوونی "499 کەس لەبواری تێرۆریزمی ئیسلامیدا کە دەشێت مەترسیداربن".

داواکارانی گشتی فیدراڵی رۆژی پێنجشەممە وتی پۆلیس شانەیەکی تێرۆری گومانلێکراویان هەڵوەشاندۆتەوە کە خەریکی پلاندانان بوون بۆ هێرشێکی خوکۆژی لە شاری دیوسڵدۆرف لە رۆژئاوای ئەڵمانیا بۆ "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

داواکارانی گشتی لە بەیاننامەیەکدا وتی دووان لە هێرشبەرەکان گومانی پلاندانانیان لێدەکرێت بۆ تەقاندنەوەی پشتێنی بۆمبڕێژکراو، لەکاتێکدا ئەوانی تر پلان وابوو خەڵکی رێگوزەر بکوژن بە چەك و تەقەمەنی لەسەر شەقامێکی سەرەکی لە دیوسلدۆرف.

گومانلێکراوەکان ئەمانە بوون: حەمزە س. 27 ساڵ؛ ماهود ب. 25 ساڵ؛ ئەلڕەحمان ا. ك. 31 ساڵ، کە لە ویلایەتەکانی براندنبورگی نزیکی بەرلین، راین ڤێستفاڵیای باکور و بادن ڤورتمبێرگ دەستگیرکرابوون.

هەروەها وتیان کەسێکی چوارەمیش، پیاوێکی سوری بەناوی ساڵح ا. کە تەمەنی 25 ساڵە، لە فەرەنسا دەستبەسەرە لەوکاتەوەی لە مانگی شوباتەوە خۆی داوە بەدەستەوە و ئێستاش ئەڵمانیا داوای تەسلیمکردنی دەکات.

سەرچاوەیەکی دادی فەرەنسی وتی کە ساڵح ا. لە رۆژی 1 شوبات چووبوو بۆ بنکەیەکی پۆلیس لە باکوری پاریس و وتبووی "کۆمەڵێك زانیاری [لەلایە] دەربارەی شانەیەکی نوستوو کە ئامادەبوو بۆ هێرشکردن لە ئەڵمانیا".

سەرچاوەکە وتی: "وتەکانی بوونە سەرەتایەك بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانی کە ... لەدەرەنجامدا ئەم سێ گومانلێکراوە دەستگیرکران."

بەپێی راپۆرتێکی هەفتەنامەی (شپیگل)ی ئەڵمانی، ساڵح ا. بە لێکۆڵەرەوە فەرەنسیەکانی وتبوو کە دەبوو 10 کەس پلانە تێرۆریستیەکە ئەنجامبدەن و جگە لە خۆی و ئەو سێ کەسەی لە ئەڵمانیا دەستگیرکران، دەبوو ئەندامانی تری شانەکە سەفەربکەن بۆ ئەڵمانیا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500