سەردانهكهی سێشەممە (22 تشرینی یەکەم)ی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بۆ شارۆچکەی هوبهیت لە دەوروبەری ئیدلیب کە وێنەی زۆری گیرا بەشێوەیەکی بەرفراوان وەك ئاماژەیەك لێکدرایەوە بەوەی کە شەڕ دژی دوایین بنکەی ئۆپۆزسیۆن لە ئان و ساتدایە، چالاکوانانی ناوچەکە وتیان.
پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت دەرکەوتنی دەگمەنی جەماوەریی ئەسەد تەنیا بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکانی نەبوو لە بەرەکانی پێشەوە، بەڵکو خاڵی بیرخەرەوەش بوو بەوەی کێ لەدەسەڵاتدایە.
وتی ئەم نمایشی دەسەڵاتە لە دۆخی پەرتەوازەییدا دێت، چونکە دڵسۆزانی رژێمی سوریا گیریانخواردووە لەنێوان روسیا لەلایەك و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران)دا لەلایەکی دیکەوە.
لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ هوبهیت، ئەسەد بەشێوەیەکی بەرفراوان وێنەی گیرا لەکاتی پشکنینی هێزەکانی رژێمدا و دۆخەکەی لەگەڵ ئەفسەرانی باڵا تاووتوێ کرد و پێداچوونەوەی بۆ نەخشەیەکی سەربازی کرد لەگەڵیان.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه هێزەکانیان ئامادەکارییان تەواوکردووە بۆ هێرشێك لە ئیدلیب و "لەئێستادا ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی فهرمان هەرکات گەیشت".
بەسام وتی سەردانەکە چەندین لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و دهشێت ئاماژە بێت بەوەی "شەڕی ئیدلیب لە ئان و ساتدایە".
وتی دەکرێت مەبەستی بەرزکردنەوەی ورەی هێزەکانی رژێمی سوریاش بێت، کە زیاتر پەرتەوازە بوون لەبەرئەوەی روسیا و ئێران نفوزیان هەیە بەسەر چەندین فیرقەی سوپای ئاساییدا.
دانیشتوان پێشوازی لە ئەسەد ناکەن
چالاکوانێكی ئیدلیب، هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت دانیشتوانی ناوچەکە بەئاشکرا رقیان لە سەردانەکەی ئەسەد بووهوه بۆ هوبهیت.
وتی ناوچەکە هێشتا لە دەرەوەی دەسەڵاتی رژێمە، بۆیە سەردانەکە وەك پشتڕاستکردنەوە دەبینن بەوەی شەڕ لە ئان و ساتدایە، بەتایبەتی چونکە لەکاتی تۆپباران و هێرشی ئاسمانیی چڕی روسیا و سوریادا بوو.
ئیدلیبی وتی خەڵکی ئاوارەی هوبهیت کە ناچارکرابوون هەڵبێن بۆ ناوەوەی ئیدلیب بەتایبەتی رەخنەی توندیان لە سەردانەکەی ئەسەد دەگرت.
وتی ئاماژەیان بەوە کرد سەردانەکە لە خوێندنگەیەکدا بوو کە کرابووە رەبیەی سەربازی و وتیان ئهمه گاڵتەجاڕییە لهكاتێكدا منداڵانیان كهوتوونهته دەرەوەی خوێندن لەمساڵدا بەهۆی ئاوارەییانەوە.
ئیدلیبی وتی لە چەند کاتژمێری دواییدا، چەندین بەشی ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب رووبەڕووی تۆپبارانی سەخت بوونەتەوە، بەتیابەتی شارۆچکەکانی حەزیران، کەفر نەبل، حیش، کەفر سەجنە، مەعەرەت حەرمە، مەعەرزیتا، تەح و شێخ موستەفا.
وتی ئەم ناوچانە بەردەوام لێیاندەدرێت بە تۆپباران و موشەکی پێگەکانی رژێم له بەرامبەریان، لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانیەکان بوونەتە هۆی ژمارەیەك لە قوربانیی مەدەنی.