كرده و ههڵوێستهكانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لە عێراق و تەواوی ناوچەکە بۆتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێك لە ناڕەزایی گەورە لە ئێراندا، شیکاروانانی سیاسیی بە دیارونایان وت.
سەرکردەکانی هەریەکە لە جوڵانەوەی ریفۆرمخواز و تووندئاژۆکان وەك یەك ناقایلن بەو شێوازەی سەرکردایەتی پاسداران ماوەیەکە کاروباری دەرەکی بەڕێوەدەبات، دەلێن ئەمە وڵاتەکە زیاتر گۆشەگیر دەکات و قەیرانی ئابوری دروستدەکات.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران لەم مانگەدا شکستی هێنا لەوەی دوو کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجامبدات بەهۆی جیاوازیی زۆرەوە لەنێوان حکومەتهكهی سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی، كه سهر به جوڵانەوەی ریفۆرمخوازه و پاسدارانی تووندئاژۆدا.
بهگوێرهی راپۆرتهكان، نوێنەرانی حکومەت لە ئەنجومەنەکەدا سوپای قودسی پاسداران کە لەلایەن لیوا قاسمی سولێمانییەوە بەڕێوەدەبرێت، تۆمەتباردهكهن بە رێخۆشکردن بۆ توڕەیی لە عێراق بەرامبەر ئێران بەهۆی پشتیوانییەوە بۆ هەندێك میلیشیای عێراقی.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، هەندێك لایەنی ئێرانی رەخنەدەگرن لە هەندێك هەڕەشە کە بەمدواییانە لەلایەن باڵیۆزی ئێرانهوه لە عێراق، ئیرەج مەسجدی، کراون.
لە چاوپێکەوتنێکدا له 26 ئەیلول لەگەڵ تەلەفزیۆنی دیجلەی عێراقی، مەسجدی وتی گەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی بکرێتە سەر، ئێران بۆمبارانی هێزەکانی ئەمریکا دەکات لە هەر شوێنێك بوونیان هەبێت، لەنێویاندا عێراق.
هەندێك ئێرانی ئەم لێدوانەیان ناوزەدکرد بەوەی نابەرپرسانەیە و ئاماژەیان کرد بەوەی تەنیا توڕەیی عێراقیەکان زیاد دەکات له دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراقدا.
بەرپرسانی ئێرانی نەبوونی متمانەیان دەربڕیوە بهو راپۆرتە مەیدانیانەی سولێمانی بۆ بەرپرسانی باڵای دەنێرێت و بە "سەرلێشێوێنەر" ناوزەدیدەکەن کە لەسەر بنەمای "ستراتیژێکی هەڵە"ن.
'دەنگە میانڕەوەکان بەرزتر دەبنەوە'
نوسەر و توێژەر زیاد سنجاری بە دیارونای وت: "ئێران وڵاتێکی گەورەیە کە بەدڵنیاییەوە چەند سەرکردەیەکی هەیە زۆر تووڕەن لە مامەڵەی هێرشکارانەی پاسداران و هێزی قودس لە عێراق و وڵاتانی دیکەی دراوسێ."
ئاماژەیکرد بە بوونی دووبەرەکی لەنێوان ئێرانیە ریفۆرمخوازەکان و تووندئاژۆکاندا دەربارەی سیاسەتی دەرەوەی پاسداران و رۆڵی لە دروستکردنی نائارامیی هەرێمی و کەمبایەخکردنی سەروەریی وڵاتان و حکومەتانی دیکەدا.
سنجاری وتی: "جیاوازییەکان چیتر لەودیو دەرگا داخراوەکانەوە نین، بەڵکو ئێستا ئاشکران و زیاد دەکەن چونکە بارگرژی لە ناوچەکە زیاد دەکات بەهۆی هێرشەکانی ئەمدواییەوە."
چاودێران، لەنێویاندا سنجاری، لهوباوهڕهدان کە دەنگی ئێرانییە میانڕەوەکان بەرزتر دەبێت و داوای کۆتاییهێنان دەکەن بەو سیاسەتانەی کە دەڵێن "ئێرانی بەرەو دواوە بردووە و تەنیا بوونەتە هۆی هێرشکاری".
ئاماژە بە تووڕەیی جەماوەری دەکەن لە ناوچەکە بەرامبەر چالاکیەکانی پاسداران.
وتی پاسداران چەك و پارە دەداتە میلیشیا هاوسۆزەکانی، بە ئامانجی بەهێزکردنی نفوزی خۆیان و لاوازکردنی وڵاتانی ناوچەکە، لێدان لە دەسەڵاتیان و بڵاوکردنەوەی پشێوی و گەندەڵی.
وتیشی: "سەرکردایەتی پاسداران دەستێوەردان لە ئاسایش و سەرچاوەکانی دەرامەتی ئەو وڵاتانەدا دەکات لەجیاتی تەرکیز خستنە سەر دۆخی کارەساتباری ئابوریی خەڵکی ئێران."
کارەکانی پاسداران ژیانی قورستر کردووە
شیکاروانی ستراتیژی و سەربازی، رەبیع جەواری بە دیارونای وت: "تەقینەوەی ناوخۆیی رژێمی ئێران نزیکە."
وتی: "هەندێك لایەنی سیاسی و بەشێکی گەورەی خەڵکی ئێران دژی کارەکانی پاسدارانن و بە بەرپرسیان دەزانن لە خراپیی دۆخی ئابورییان."
وتیشی بۆ خەڵکی ئێران، کارەکانی پاسداران بوونەتە هۆی "هەژاریی زیاتر، بێکاری و کەمبوونەوەی بەهای دراوەکەیان".
جەواری وتی: "خەڵکی ئێران تووڕەشن لە نفوزی پاسداران لە وڵاتەکەی خۆیاندا لەگەڵ دزینی پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری فەرمی و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات."
وتیشی ئەمە "جیا لە سوودبینین لە سەرچاوە نیشتمانیەکانی ئێران بۆ خۆشکردنی چالاکی دوژمنکارانە و پشتگیریی دارایی لایەنە بیانییە هاوسۆزەکانی".
بەگوێرەی جەواری، زۆرێك لە ئێرانیەکان چیتر مەزهەبی ویلایەتی فەقهیه (فەرمانڕەوایی ئاخوندان)یان ناوێت، کە داوای دڵسۆزی دەکات بۆ رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی.
وتی بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان لە ئێران بۆ ماوەی چەند مانگێك، سەرەڕای سەرکوتکردنی لەلایەن پاسدارانەوە، بەڵگەی ئەم داوایەیە، لەبەرئەوەی "ئێرانیەکان ئاگادارن لەوەی پێویستیان بە گۆڕانکاریی ریشەیی ههیه لە تەواوی وڵاتدا".
وتیشی حکومەتی ئێران پشتیوانییهكی کەمی هەیە لەنێو ئێراندا و لە دەرەوە.
ئاماژەیکرد بەوەی وڵاتانی ناوچەکە و خەڵکەکانیان رژێمی ئێران بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی نائارامی و کێشە دەزانن و وەك هێزێکی دوژمنکار دەیبینن کە تەنانەت لەگەڵ خۆیدا ناکۆکە و تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی لایەنێکی بچوکی فەرمانڕەوا دەکات لە ئێران.
ئهگهر ئێران جددی بوایه له چاكسازیكردن له بارودۆخی ئابوریی خهڵكهكهیدا، دهبوایه دهسهڵاتی سوپای پاسدارانی كهمبكردایهتهوه؛ ئهگهرنا خهڵكی ئێران دهبنه بۆمبێكی تهوقیتكراو كه ئهگهر بتهقێتهوه دهرهنجامهكهی روخانی رژێم دهبێت.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت