هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

کارمەندێکی پزیشكیی سوری لە فیلمی 'ئەشکەوتەکە'دا ستایشدەکرێت

ئاژانسی فرانس پرێس

دەرهێنەری سوری، فیراس فەیاز، لە 4 ئازار 2018 دەگاتە بۆنەی ئۆسکاری ساڵانە لە هۆلیود، کالیفۆرنیا. [ڤالێری ماکۆن/ئاژانسی فرانس پرێس]

دەرهێنەری سوری، فیراس فەیاز، لە 4 ئازار 2018 دەگاتە بۆنەی ئۆسکاری ساڵانە لە هۆلیود، کالیفۆرنیا. [ڤالێری ماکۆن/ئاژانسی فرانس پرێس]

دەرهێنەری کاندیدكراو بۆ خەڵاتی ئۆسکار، فیراس فەیاز، ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە بۆ گێڕانەوەی ستەمەکانی سەرۆکی رژێمی سوریا بەشار ئەسەد و رووبەڕووی ئەشکەنجە لە زینداندا بۆتەوە بەهۆی فیلمەکانیەوە.

سەرەڕای دەرهێنانی نینۆکەکانی و کارەبا لێدان لە هەندێك شوێنی هەستیاری جەستەی، فەیاز بەردەوامە لە بە بەڵگەنامەکردنی شەڕی هەشت ساڵەی سوریا.

بەڵام هێشتا له‌ حه‌ژمه‌تی دکتۆرێکی ژنی لاودایه‌ کە نەخۆشخانەیەکی ژێرزەمینیی بەڕێوەدەبرد لەکاتی گەمارۆیەکی چه‌ند ساڵەی وێرانکەردا -- بابەتی فیلمە نوێکەی "ئەشکەوتەکە"، كه‌ لەم هەفتەیەدا دەچێتە سینەماکان.

فەیاز وتی: "زۆری بەسەرهاتووە، گەمارۆی بەربەرییانە، درێژترین گەمارۆ لە مێژووی نوێی سوریادا لە خۆرهەڵاتی غوتە... کەس ناتوانێت مه‌زه‌نه‌ی ئەمە بكات."

کارمەندانی پزیشكی له‌ سوریا دەموچاوی کچێکی بریندار دەشۆن کە دەوترێت قوربانیی یەکێك له‌ هێرشە ئاسمانیەکانی رژێم بووە لە حاموریە، سەقبە و کەفر بەتنە و هێنراوەتە یەکێك لە نەخۆشخانە کاتیەکان لە غوتەی خۆرهەڵات لە 7 ئازار 2018. [عامر موهیبانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

کارمەندانی پزیشكی له‌ سوریا دەموچاوی کچێکی بریندار دەشۆن کە دەوترێت قوربانیی یەکێك له‌ هێرشە ئاسمانیەکانی رژێم بووە لە حاموریە، سەقبە و کەفر بەتنە و هێنراوەتە یەکێك لە نەخۆشخانە کاتیەکان لە غوتەی خۆرهەڵات لە 7 ئازار 2018. [عامر موهیبانی/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەمانی بالۆر،ژنە دکتۆرێکی منداڵانی لاوە و بابەتی فیلمەکەیە، تۆڕێکی ژێرزەمینیی به‌ڕێوه‌ده‌برد كه‌ پێكهاتبوو لە تونێل و نەخۆشخانەی کاتی و ژوورەکانی نەشتەرگەری لەژێر دوایین پێگەی ئۆپۆزسیۆندا لە دەروازەکانی دیمەشق.

بالۆر و تیمەکەی یەکەمین کەس بوون ده‌ستبه‌كار بوون و هیوای زۆرێك لە مەدەنییه‌كان بوون -- لەنێویاندا منداڵان -- کە بەر شەپۆلێکی بەردەوامی بۆمبارانی روسیا و رژێمی سوریا کەوتبوون، تا هێرشە کیمیاییەکەی 2018 دواجار ناچاریکردن بگوێزنەوە.

فەیاز وتی بالۆر، سەرەڕای قارەمانێتییه‌كه‌ی، زۆری پێیچوو تا قایل بوو بەوەی کە جیهان فیلمێکی بەلاوە گرنگە دەربارەی چیرۆکی ئەو.

دیمەنێکی تۆقێنەر

بالۆر پرسیاری لە فەیاز کرد: "بۆچی پێتوایە بەلایانەوە گرنگە لەکاتێکدا لەئێستادا کێشەی گەورەتر روودەدەن لای ئێمە؟" فەیاز ددانی نا بەوەدا كه‌ وەڵامێکی پێنەبوو.

بیری هاتەوە پێیوتبوو: " دەمەوێت هەوڵبدەم -- دەمەوێت باوەڕبکەم بەوەی خەڵك کاردانەوەیان دەبێت بۆ ئەمە. پێموانییە خەڵك (بتوانن) چاو لەمە دابخەن، لەوەی تۆ دەیکەیت."

ئەنجامەکەی فیلمێکی بەڵگەنامەیی تۆقێنەری 102 خولەکی بوو، كه‌ بە کامێرەیەکی ئاسایی گیرابوو لەگەڵ ستافێك کە هێشتا لە غوتە دەژین، ژیان لەسەر زەمین و ژێر زەمین نیشاندەدات لەکاتێکدا هێشتا بۆمباران بەردەوامە و قوربانییەکان بەپەلە دەبرێنە نێو عەرەبانە دەستی و نەقالەکانەوە.

فیلمەکە -- کە هی ناشناڵ جیۆگرافیك و فیلمە بەڵگەنامەییەکانی دانیمارکە -- لەلایەن فەیازەوە دەرهێنرا، بە پەیوەندیی رۆژانە لەگەڵ ستافەکەی لە باکوری سوریای ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن.

فەیاز، کە یەکەمین دەرهێنەری سورییە لە 2017 بۆ فیلمی "دوایین پیاو لە حەلەب" بۆ ئۆسکار هەڵبژێردرا، داوای لێکردن وێنەی ژیانی رۆژانە بگرن بە شێوازی سینەما ڤێرایت و خوڵقێنه‌ری هه‌ست به‌ ترس و ته‌نگه‌نه‌فه‌سی -- بەبێ ڤۆیس ئۆڤەر یان چاوپێکەوتنی راستەوخۆی بەردەم کامێرا.

لەنێو فرمێسك و کارەساتی دیمەنەکانی ژیانی رۆژانەدا، هەوڵە داهێنەرەکانی پەرستارێکی گه‌نج هەیە کە چاودێریی 150 کەس دەکات لەکاتێکدا شتومەك دەگمەنە، لەگەڵ ئاهەنگێکی رۆژی لەدایکبوون کە دەستکێشی نەشتەرگەری و میزەڵدانی تێدایە.

بەتایبەتی دیمەنی ئەوکاتەی کارمەندانی تەندروستی پەلەپەلیانە بۆ چارەسەرکردنی پاشماوەكانی هێرشێكی کوشندە به‌ گازی کلۆر جوڵێنەرە.

بەڕێوبەرێكی ژنی نەخۆشخانە

فەیاز، جگه‌ له‌ ئازایەتی، بالۆری هەڵبژارد بە هۆکارێکی دیکەش. بالۆر -- رەنگە یەکەمین -- بەڕێوبەری ژنی نەخۆشخانە بووبێت لە سوریا کە پیاوسالاری بەشێوەیەکی قوڵ رەگی تێدا داکوتاوە.

لە سەرەتای فیلمەکەدا لەلایەن مێردی نەخۆشێکی نائومێدەوە کەمبایەخ دەکرێت، کە تۆمەتی ئەوە دەبەخشێتەوە گوایە کەمیی کاڵا پزیشكییه‌كانی نەخۆشخانەکە هەڵەی بەڕێوبەرە ژنەکەیەتی.

فەیاز، کە لە ماڵێکدا گەورەبووە ژن ئاراستەی کردووە و دایکی کوردە و حەوت خوشکی هەیە، وتی بەووردی ئاگای لە هەراسانکردن و تەنانەت تووندوتیژییە دژی ئەو ژنانەی کە رەتیدەکەنەوە ملکەچ بن.

وتی: "سەرەڕای ئەو ئەشکەنجەیەی بینیوومە، گوێم لە دەنگی ئەو ژنانە بوو کە ئەشکەنجە دەدران بەهۆی جێندەریانەوە. هه‌روه‌ها هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌یان لێده‌كردم دایکم و خوشکەکانم بهێنن بۆ زیندان."

"کات هەبوو كه‌ گوێم لە دەنگه‌كان دەبوو، هەستمدەکرد دایکم یان خوشکەکانمن (ئەشکەنجە دەدرێن)."

بالۆر توانیی لە باکوری سوریا هەڵبێت و دواتر لەڕێی تورکیاوە بگاتە ئەوروپا.

فەیاز پێشتر بە سنووری ئەردەندا بە قاچاخ گواستراوەتەوە و لەئێستادا لەنێوان ماڵەکەیدا لە کۆپنهاگن و کارەکەی لە باکوری سوریا گەشتدەکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500