هه‌واڵه‌كانی عێراق
تاوان و دادپەروەری

عێراق دادگایه‌ك دادەمەزرێنێت بۆ دادگایکردنی کەیسە باڵاکانی گەندەڵی

خالید تائی و ئاژانسی فرانس پرێس

ئەنجومەنی باڵای دادوەری له‌ 16 تشرینی یەکەم کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاردرا دادگایەکی ناوەندی تاوان لە بەغدا دابمه‌زرێنرێت بۆ کەیسە گەورەکانی گەندەڵی. [خاوەنی وێنە: ئەنجومەنی باڵای دادوەری]

ئەنجومەنی باڵای دادوەری له‌ 16 تشرینی یەکەم کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا بڕیاردرا دادگایەکی ناوەندی تاوان لە بەغدا دابمه‌زرێنرێت بۆ کەیسە گەورەکانی گەندەڵی. [خاوەنی وێنە: ئەنجومەنی باڵای دادوەری]

دوای شەپۆلێك لە خۆپیشاندانی کوشندە دژ بە حکومەت، بەغدا دەستەیەك رێکاری نوێی راگەیاند بۆ لەناوبردنی گەندەڵی.

میدیا ناوخۆییەکان چوارشەممە (16 تشرینی یەکەم) رایانگه‌یاند كه‌ دادوەریی عێراق دادگایەکی ناوەندی تاوان دادەمەزرێنێت بۆ کەیسە گەورەکانی گەندەڵی بۆ ئەو تۆمەتبارانەی پۆستی باڵای حکومییان هەیە.

بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەك دەرکرا کە تێیدا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فائق زیدان و نوێنەرانی دادگاکان و کۆمسیۆنەکانی دەسپاکی و دارایی ئامادەی بوون.

بەگوێره‌ی بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی دادوەری، بەشداربووان رێوشوێنی دانانی میکانیزمی نوێیان تاوتوێکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دۆزینەوەی ریشەی هاتنه‌كایه‌ی.

عێراقییەکان ناڕەزایی دەردەبڕن دژ بە گەندەڵی. [خاوەنی وێنە: ده‌زگای ماڵی عێراق]

عێراقییەکان ناڕەزایی دەردەبڕن دژ بە گەندەڵی. [خاوەنی وێنە: ده‌زگای ماڵی عێراق]

سەرۆکی دەزگای یاسا و کلتوور، تاریق حەرب بە دیارونای وت دادگا نوێکە "رێکارێکی کاریگەرە و هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکان دژ بە گەندەڵی".

وتی ئێستا هەموو دادگاکانی عێراق بەرپرسیارن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئه‌و تاوانانه‌ی پەیوەندییان هەیە بە گەندەڵیی ئیداری و داراییه‌وه‌، وەك بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی ئیدارە و دارایی گشتی.

وتیشی: "دوای گوێگرتن لە بیروبۆچوونەکانی نوێنەرانی حکومەت و کۆمسیۆنی دەسپاکی و دادگاکانی پێداچوونەوە، ئەنجومەنی دادوەری بڕیاریدا دادگایەکی تاوانی تایبەت دابمه‌زرێنێت لە نوسینگه‌كانی دادگای پێداچوونەوەی بەری کەرخ لە بەغدا."

بەگوێره‌ی حەرب، دادگاکە "کار لەسەر کەیسە گەورەکانی گەندەڵی دەکات لەگەڵ ئەوانەی کە تۆمەتبارەکانیان بەرپرسی حکومین، وەك جێگری سکرتێرەکانی وەزارەت و بەڕێوبەری گشتی و سەرۆکی دەزگا سەربەخۆکان".

وتی لەڕێی ئەم هەنگاوەوە، ئەنجومەنی دادوەری ئامنجێتی "گوشار لەسەر دادگاکان کەمبکاتەوە و بەدواداچوون و رێکارە یاساییەکان خێرا بەڕێوەبچن بۆ ئەو کەیسانەی وەك تاوانی گەورەی گەندەڵی دەستنیشانکراون".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئه‌و سزایانه‌ی ئەو دادگایە دەریکات دەکرێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت وەك هەموو بڕیارێكی دادگاکانی دیکە.

وتی ئه‌و کەیسانه‌ی دەکەونە بازنەی بڕیاردانی دادگاکە لەلایەن دیوانی داواکاری گشتییەوە دیاریدەکرێن بەهاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی دەسپاکی و وتیشی دادوەرانی شارەزا لە کەیسەکانی دەسپاکی لێكۆڵینەوەکان ئەنجامدەدەن.

'بەرپرسانی باڵا دەدرێنە دادگا'

حەرب وتی دادگاکە هاوکار دەبێت بۆ دادگاییکردنی بەرپرسی گەندەڵ و ئەوانەی پارەی حکومییان خراپ بەکارهێناوە، "ئەوەش داوای سەرەکی خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی سەرەتای ئەم مانگە بوو."

وتی: "بڕیاری دامەزراندنی دادگاکە، کە بیرۆكه‌یه‌كه‌ دەمێکە لەسەر مێزە و تاووتوێ دەکرێت، بەبۆنەی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانەوە پەلەی لێکرا." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بڕیارەکە جێبەجێکردنی یەکێك لە داوا هەر گرنگەکانی خۆپیشاندەرانە.

گروپی ترانسپارێنت ئەنتەرناشناڵ کە دژ بە گەندەڵییە، پار عێراقی لە ریزبەندیی 12هەمین وڵاتی گەندەڵی جیهاندا دانا، بە پشتبەستن بە بیروبۆچوونی شارەزایان و شرۆڤەکاران.

بەرپرسێكی دژە گەندەڵی کە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس دواوە سێ کردەوەی باوی دەستنیشان کردووە: پاسەوانانی سنوور بەرتیل وەردەگرن تا چاوبپۆشن لە وەرگرتنی پارەی گومرگ، بازرگانیكردنی نایاسایی به‌ بەنزینه‌وه‌ لەگەڵ کڕین و فرۆشتنی زەوی و ماڵە نرخ گرانەکانی دەوڵەت خاوەنیانە.

بەرپرسێکی دیکە لە دەزگای پشکنینی گشتیی وەزارەتی نەوت وتی "زۆر رووداوی گەندەڵی" دۆزراونەتەوە.

ئەو بەرپرسە کە داوایکرد ناوی نه‌هێنرێت وتی دەزگاکە "توانیوێتی دروستکردنی بۆرییەکی نەوت رابگرێت بۆ ئه‌رده‌ن، چونکە هەر کیلۆمەترێكی بە 1.5 ملیۆن دۆلار مەزەندەکرابوو،" کە وه‌ك وتی نرخێكی به‌رزه‌.

وتیشی ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستگیرکردنی قاچاغچیانی نەوت و خاوەن کۆمپانیاکانی گواستنەوەی لێکەوەتۆتەوە کە "پەیوەندییان بە لایەنی گەندەڵکارەوە هەیە".

سەركوەزیران عادل عەبدول مەهدی "لیستێك ناوی 1,000 فەرمانبەری حکومی" رایگەیاند کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی و دراونەتە دادگا.

بەڵێنیشیداوە دوای ماوەیەکی كورت "یەکەم لیستی بەرپرسانی باڵا دەدرێتە دادگا".

بەگوێره‌ی نوسینگه‌كه‌ی عەبدول مەهدی، هەرچەندە هیچ ناوێك بەفەرمی رانەگەیەنراوە، لیستەکە ناوی بەرپرس و وەزیرانی ئیستا و پێشووی تێدایه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

هه‌مان شته‌.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

خودا دادوه‌ریی عێراق سه‌ربخات!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌