هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

پلانی بنیاتنانەوەی شاری کۆنی موسڵ لەژێر وردبینیدایه‌

عەلا حسێن لە بەغدا

ئەم وێنەیە، کە لە 10 ئاب گیراوە، شوێنێکی تێکدراوی مزگەوتی گەورەی نوری نیشاندەدات لە شاری کۆنی موسڵ لەگەڵ بناغەی منارەی حەدبا. [سەفین حەمید/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەم وێنەیە، کە لە 10 ئاب گیراوە، شوێنێکی تێکدراوی مزگەوتی گەورەی نوری نیشاندەدات لە شاری کۆنی موسڵ لەگەڵ بناغەی منارەی حەدبا. [سەفین حەمید/ئاژانسی فرانس پرێس]

حکومەتی عێراق له‌ پلانێك ده‌كۆڵێته‌وه‌ بۆ بنیاتنانەوەی شاری کۆنی موسڵ، کە به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر وێرانبوو لەکاتی شەڕی دەرپەڕاندنی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە 2017.

بەرپرسان دەڵێن پلانەکە خەرجیی بۆ دابیندەکرێت لەلایەن بەرنامەیەکی پشتەبستوو بە بودجەی فیدراڵی و هاوکاریی ئەو وڵاتانەی پشتیوانیی دارایی دەبەخشن لەگەڵئەو رێکخراوانەی پاڵپشتیی بنیاتنانەوە ده‌كه‌ن لە عێراق.

بەڕێوبەری شارەوانی موسڵ رەزوان شەهوانی بە دیارونای وت "پرۆژەی شاری کۆن" دوای بەدواداچوونی چڕ و راوێژ لەگەڵ حکومەتی عێراق هاتە ئاراوە.

وتی ئێستا نێردراوە بۆ کابینەی حکومەتی عێراق بۆئەوەی بە فەرمی رەزامەندیی لەسەر بدەن.

وتیشی هەر کە رەزامەندی لەسەر درا، هەنگاوی یەکەم رێکخستن و بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی بەرفراوان دەبێت بۆ لابردنی ئه‌و داروپه‌ردووه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ لە شاری کۆندا، لەژێر چاودێری حکومەتی ناوخۆی نەینەوادا.

قۆناغی دووەم دروستکردنەوەی دیزاینی شاری کۆنە تا رێنوێنیەکیش بێت بۆ دابینکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان.

وتی بۆ ئەوەش نەینەوا رەزامەندی وەزارەتی بنیاتنانەوە و خانووبەرەی بەدەستهێناوە، کە بەرپرسە لە دیزاینی سەرەتایی شارەکان.

شەهوانی وتی کارەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرێتی پلاندانانی ناوشار بەڕێوەدەبرێن.

وتی ئەو هەنگاوانە دوو قۆناغی هەرە گرنگی پرۆژەی بنیاتنانەوە پێکدێنن و بەگوێره‌ی ئەولەویەتی تایبەت و ئه‌و خشتەی کاتانه‌ بەڕێوەدەبرێن کە لە داهاتوودا دیاریدەکرێن.

به‌خشینی هه‌لی کار لە ناوخۆدا

جێگری وەزیری کۆچ، جاسم عەتیە بە دیارونای وت هەموو دیدگا و پێشنیارەکان بۆ پرۆژەکە کە دران بە حکومەتی ناوخۆیی لە موسڵ، نێردراون بۆ کابینەی حکومەت و ئێستا لەژێر وردبینیدان.

عەتیە، کە سەردانی موسڵی کرد لە 8 ئەیلول، وتی حکومەت دواتر بودجەی تایبەت دابیندەکات بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە و دانانی ئیدارەی ناوخۆ بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەنجامدانی کارەکان.

سەرۆکی فیدراسیۆنی گشتی سەندیکا کرێکارییەکان لە موسڵ، شیفا تەها وتی ئەو پرۆژانە دەبێت هێزی كاری ناوخۆ بەکاربێنن.

بە دیارونای وت ئەوە دەکرێت "بیمەی کۆمەڵایەتی" بۆ دانیشتووانەکە دابینکات لەگەڵ سوودی دیکەی ئابوری لە بنیاتنانەوە.

داوای لە حکومەتی ناوخۆیی نەینەوا کرد سەندیکاکە بەشداری پێبکات لە هەر پرۆژەیەکی نوێی بنیاتنانەوەدا کە لە پارێزگاکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی بەگوێره‌ی یاسای کاری عێراقی، کۆمپانیا بیانییەکانی لە وڵاتەکەدا کاردەکەن دەبێت کرێکاری ناوخۆ دامەزرێنن و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه‌ دەبێت رێژەیان لە هێزی کاری هەر پرۆژەیەكدا لەسەدا 52 کەمتر نەبێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500