دەروازەیەکی سنووری لەسەر شاڕێگەیەکی گرنگ کە پایتەختەکانی عێراق و سوریا پێکەوە دەبەستێتەوە و لە 2014 لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه گیرا، دووشەممە (30 ئەیلول) دووبارە کرایەوە.
هێزە ئەمنیەکانی عێراق ئەو دەروازە سنورییەی نزیك بە شاری قائیمی پارێزگای ئەنباریان لە 2017 گرتەوە وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێك کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی دەکرا.
دووشەممە، ڤیدۆی رۆژنامەوانێکی ئاژانسی فرانس پرێس لۆرییەکی نیشاندا کە بەنێو گەراجی دەروازەکەدا دەڕوات، کە دەکەوێتە سەر شاڕێگەیەکی نێودەوڵەتی کە بەغدا و دیمەشق پێکەوە دەبەستێتەوە.
قائیم کە نزیك بە رووباری فوراتە لە ئەنبار، راستەوخۆ بەرامبەر ئەلبوکەمالی ئەوبەری سوریایە لە پارێزگای دێرەزووری خۆرهەڵاتی سوریا.
ئەوە تاکە دەروازەیە كه لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریاوە کۆنترۆڵکراوە لەلایەك و کاربەدەستانی فیدراڵیی عێراق لەلایەکی دیکەوە.
دەروازەیەکی دیکە لەکاتی شەڕدا تێکشکێنرا، لەکاتێکدا تەواوی ئەوانی دیکە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە کۆنترۆڵکراون کە تاڕادەیەك سەربەخۆن لە هەردوو وڵاتدا.
ئەو سنوورە نزیکەی 600 کیلۆمەتر دەبێت و بەنێو بیابان و چیاکاندا دەڕوات، زۆر سەخت دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوە.
لە هاوینی 2014 داعش هێرشێکی کتوپڕی ئەنجامدا، بەشێکی گەورەی سوریا و باکوری عێراقی گرت و لێكدانهوهیهكی تووندی رێسا ئیسلامیەکانی سەپاند.