هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

میلیشیاکانی عێراق تۆمەتبارده‌كرێن بە قاچاخچێتی نەوت بۆ سوریا

حەسەن عوبێدی لە بەغدا

ئۆتۆمبیله‌ سەربازییه‌كانی سوپای عێراق ده‌ورییە ئەنجامدەده‌ن لە قائیم لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سوریا، بەرامبەر ئەلبوکەمال لە دێرەزووری سوریا، 12 تشرینی دووەمی 2018. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئۆتۆمبیله‌ سەربازییه‌كانی سوپای عێراق ده‌ورییە ئەنجامدەده‌ن لە قائیم لەسەر سنووری عێراق لەگەڵ سوریا، بەرامبەر ئەلبوکەمال لە دێرەزووری سوریا، 12 تشرینی دووەمی 2018. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەرپرسان و شرۆڤەکارانی عێراق دەڵێن سەرباری هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ نەهیشتنی قاچاخچێتی لە سنوورەکان، هەندێك لە میلیشیاکان بەردەوامن لە كرده‌وه‌ی نایاسایی و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هێزەکانی رژێم و میلیشیا هەوادارەکانیان لە سوریا.

وتیان به‌قاچاخبردنەکە لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانی هه‌واداری ئێرانه‌وه‌ ئەنجامدەدرێتو لەژێر چاودێریی حەشدی شەعبیدا کارەکانیان ئەنجامدەدەن، ئاماژەش دەکەن به‌وه‌ی ئەو میلیشیانە سوودیان لەو پەیوەندییە وەرگرتووە و لەژێر پەردەی ناوی حەشدی شەعبیدا ئەو کارانە دەکەن.

ئەو بەرپرس و شرۆڤەکارانەی بۆ دیارونا دوان ئاماژەیانکرد بەوەی هەندێك لەو میلیشیانە پەیوەندیی نزیکیان هەیە لەگەڵ هێزەکانی رژێمی سوریا لە تەننەف و ئەلبو کەمال، راسته‌وخۆش لە سنوور دەپەڕنەوە لە شاری قائیمەوە لە پارێزگای ئەنبار.

سەرکردەی فەرماندەیی جەزیرە و بادییە، لیوا قاسم محەمەدی وتی یەکێك لە ئەرکە سەرەکیەکانی سوپای عێراق "رێگرتنە لە قاچاخچێتی نایاسایی بەدرێژایی سنوورەکە".

چەکدارێکی حەشدی شەعبی ماتۆڕەکەی لێدەخوڕێت لە ناوچەی سنووریی قائیم له‌ 12 تشرینی دووەمی 2018. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

چەکدارێکی حەشدی شەعبی ماتۆڕەکەی لێدەخوڕێت لە ناوچەی سنووریی قائیم له‌ 12 تشرینی دووەمی 2018. [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

بە دیارونای وت ئەمە ئەرکی دووەمە دوای راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش و رێگرتن لێیان لە دزەکردنە ناو عێراق لە سوریاوە.

محەمەدی وتی ژمارەیەکی زۆر دەستگیرکردن ئەنجامدران لە چەند هەفتەی رابردووداپەیوەند بە قاچاخچێتیکردن بە چەندین کەلوپەله‌وه‌ لەنێوان عێراق و سوریادا، وەك کەلوپەلی کارەبایی و مەکینەی ئۆتۆمبیل و بەرهەمە نەوتییەکان و دەرمان.

قاچاخچێتیی سه‌ر سنوور

ئەندامێکی شارەوانیی قائیم بە دیارونای وت سوتەمەنی لە ناوچەی قائیم بەئەستەم دەسدەکەوێت چونکە میلیشیاکان لە عێراق بەقاچاخ دەیبەن بۆ سوریا.

ئەو ئەندامەی شارەوانی کە داوایکرد ناوی نه‌هێنرێت وتی بەرهەمە نەوتییەکان دەگوێزرێنەوە بۆ ئەودیو سنوور "بە بەکارهێنانی ناسنامەی حەشدی شەعبی وئۆتۆمبیلەکانیان".

بەرپرسە ناوخۆییەکە وتی وەزارەتی نەوتی عێراق بەشە نەوت دەداتە بەنزینخانەکان لە قائیم و حوسەیبە و ناوچەی کیلو 160.

وتی بەشێك لەو سوتەمەنییە لادەدرێت و دەخرێتە ناو تانەکەرەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە هەواداری رژێمی ئێرانن و دواتر دەگوێزرێتەوە بۆ سوریا.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه‌ نرخی لیترێك بەنزینی حکومی لە عێراق 450 دینارە (0.40 دۆلار)، لەکاتێکدا میلیشیاکان کە دەیبەنە سوریا بە نزیکەی 1.50 دۆلار دەیفرۆشنەوە.

وتی: "هەندێك بەنزین دەچێت بۆ هێزەکانی رژێم و تەنیا بۆ کاسبکارەکان نییە لە دیوی سوریاوە."

کەتائیب حیزبوڵا و حەرەکەی نوجەبا و سەید شوهەدالەو میلیشیا سەرەکیانەن کە خەریکی چالاکییەکانی بەقچاخبردنن بۆ سوریا، بە هەمئاهەنگیکردن لەگەڵ هێزەکانی رژێمی سوریا لەدیوی ئەودیوی سنوورەکەوە، به‌رپرسه‌كه‌ وتی.

وتیشی ئەو میلیشیانە بەئاسانی جموجۆڵ دەکەن چونکە بەڵگەنامەی ناسنامەی حەشدی شەعبییان هەیە و ئۆتۆمبیلەکانی ئەوان بەکاردەهێنن بۆئەوەی رێگای هاتوچۆی ئازادیان بۆ کراوەبێت، هەربۆیە پێناچێت بوەستێنرێن.

هه‌روه‌ها وتی سوود لە حەشدی شەعبی وەردەگرن "بۆ ئەنجامدانی تاوانەکان و کاری نایاسایی بۆ پشتیوانیکردنی رژێمی [بەشار] ئەسەد و پڕكردنی گیرفانیان لەڕێی بە قاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە عێراقەوە بۆ سوریا".

كورتهێنانی سوتەمەنی لە قائیم

دانیشتووییه‌كی قائیم، ریاز کەربولی بە دیارونای وت: "چاوەڕوانین تانکەرەکانی سوتەمەنی لە بەغداوە بگەن و سوتەمەنییەکان داگرین لە بەنزینخانەکان."

وتی زۆربەی جار سێ رۆژ جارێك دێن بۆئەوەی تانکەری بەنزینخانەکان پڕبکەن.

وتی: "بەڵام ئەوە ماوەیەکە تەنیا نیوە یان چارەکێكی تانکەرەکان دێنن و دەشوترێت میلیشیاکان دەسدەگرن بەسەر بەشێکی زۆری بەشی ئێمەدا و دەیبەن لە سوریا دەیفرۆشن."

وتیشی: "نیگەرانین لەوەی رەوشەکە وا بمێنێتەوە تا زستان، ئەوکاتە میلیشیاکان دەکرێت نەوتی سپی بەقاچاخ ببه‌ن کە بۆ گەرمکردنەوەی به‌كاردێت و ئەوەش دەکرێت ببێتە کێشەیەکی گەورەتر لەو ریزانەی ئێستا بەستراون لە دەرەوەی بەنزیخانەکان."

بە وتەی شارەزایه‌كی ستراتیژی کە خۆی خەڵكی موسڵە، موئەیەد جوحەیشی، میلیشیاکان چەند مانگێکە دەستیانکردووە بە قاچاخچێتی لەنێوان عێراق و سوریا.

بە دیارونای وت دارایی میلیشیاکان و پشتیوانی بۆ رژێمی سوریا قاچاخچییەکان هاندەدەن.

وتی: "بوونیان لەودیو سنوورەکەوە لە سوریا رێگەی خۆشکردووە بۆ قاچاخچێتیان، کە تەنیا بەرهەمەکانی نەوت نییە و کەلوپەل و شمەکی تریشە، وەك ماددە ‌هۆشبەرەکان.

لە بەیاننامەیەکدا له‌ 6 ئاب، وەزارەتی بەرگری عێراق رایگه‌یاند هەوڵی بەقاچاخبردنی ژمارەیەکی زۆر پارچەی سپێری ئۆتۆمبیلی سەربازیی هەمەری بۆ سوریا پوچەڵکردەوە کە نرخەکەی چەندین ملیۆن دینار بوو.

بەیاننامەکە رایگه‌یاند كه‌ لۆرییەکەی پارچە سپێرەکانی هەڵگرتبوو لە ناوچەی شەمال لە شارۆچکەی شەنگال دەستی بەسەردا گیرا و راشیگه‌یاند كه‌ ئەو شمەکانەی دانرابوون بە قاچاخببرێن بەگوێره‌ی رێکارەکانی لە عێراق کاریان پێ دەکرێن مامەڵەیان لەگەڵدا کرا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500