بەرپرسان و شیکاروانانی عێراقی ئەو راپۆرتانەی باس لە هەوڵی ئێران دەکەن بۆ راکێشانی بۆرییهكی نەوت لە عێراقەوە بۆ سوریا بۆ خۆلادان لە سزاکان بە "پهسهندنەکراو" لەقەڵەمدەدەن و دەڵێن حکومەتی عێراق هەرگیز رێ بەوە نادات.
بەگوێرەی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی ئەمدواییانە، ئێران چاوی لەسەر راکێشانی بۆرییەکی نەوته بەنێو عێراقدا بۆ بەندەری بانیاسی سوریا وەك رێگەیەك بۆ خۆلادان لە سزاکانی ئەمریکا کە فرۆشتنی نەوتی ئێرانی قەدەغە دەکات.
بەرپرسان و شیکاروانانی عێراقی وتیان بەڵام عێراق هەرگیز رێ بە پرۆژەی لەوشێوەیە نادات.
توێژەرێك لە ناوەندی شەرق بۆ توێژینەوە ستراتیژی و هەرێمییەکان، سامی غەیت وتی: "بەبێ قایلبوونی حکومەتی عیراق رۆژی رووناك بەخۆیەوە نابینێت."
بە مەشاریقی وت بەخشینی توانای گواستنەوەی نەوتی ئێران بەنێو عێراقدا بەبێگومان عێراق دەخاتە بەردەم مەترسی سزاکان و ئاماژەیکرد بەوەی حکومەتی عێراق "ئەو مەترسییە تووشی خۆی ناکات".
پەرلەمانتاری عێراقی، سەلام شەممەری بە مەشاریقی وت بیرۆکەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لەڕێی عێراقەوە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا سەری دەرهێناوە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراقەوە نا.
وتی گەر پێشنیارێكی لەوشێوەیە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، "هیچ وەڵامێکی نادرێتەوە و هیچ پەرلەمانتار یان فراکسیۆنێکی پەرلەمانی بوێریی ئەوەی نابێت پهسهندی بکات" و باسی لەوەش کرد كه ئهوه هاوشێوەیە به "پێدانی رزق و رۆزی خێزانی خۆت بە کەسێکی دیکە".
شەممەری وتی ئێران هەوڵدەدات نەوت لە عێراقەوە بۆ سوریا هەناردەبکات "لەڕێی بۆرییە نەوتیەکانی ئێستای عێراقەوە، کە مانای وایە تەنیا ئەو بەشە بنیاتدەنێت کە خاکی خۆی دەبەستێتەوە بە عێراقەوە".
جەختیشی کردەوە لەوەی: "بیرۆکەکە پهسهندناکرێت."
وتی: "زیان بە عێراق دەگەیەنێت." ئاماژەیکرد بەوەش كه سزاکانیش بهولاوه، "هیچ وڵاتێك لە تەواوی جیهاندا" پێشوازی ناكات له کێبڕکێ لە وڵاتێکی دیکەوە بۆ نێو کەرتی سەرەکیی کاروبارهكانی خۆی -- بەتایبەتی شتێك کە سەرچاوەی هەرە سەرەکیی داهاتی هەناردە بێت.
وتیشی زۆربەی فراکسیۆنە پەرلەمانیەکان هەر بەهۆی رەهەندە ئابورییەکەوە پرۆژەکە رەتدەکەنەوە.
شەممەری وتی ئێران هەوڵدەدات بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پرۆژەکە ئەنجامبدات لەڕێی تۆڕێك لە گرێبەستەوە، "بەڵام ئەو پرۆژانە تەنیا دەتوانن لەڕێی پەرلەمانەوە تێپەڕن".
قەیرانی ئابوری له ئێران
غەیت وتی ئێران هەوڵی راڕەوی جێگرەوە دەدات بۆ هەناردە بەهۆی ململانێ بەردەوامهكانی کەنداو و سەختیی بەقاچاخبردنی نەوت لەڕێی کەشتییەوە.
توێژەری کاروباری ئێران، شیار تورکۆ بە مەشاریقی وت کورتهێنانی بودجه لە وڵاتهكهدا و لەنێو سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران)دا وادەکات رژێمی ئێران ئەو پرۆژەیە لەبەرچاو بگرێت.
تورکۆ تێبینیی ئەوەی کرد کە میلیشیاکانی هەواداری پاسداران رووبەڕووی کورتهێنانێکی سەخت دەبنەوە لەڕووی پارەوە لە ئەنجامی کارەکانی ئێران و سزاکانی سەریەوە، کە ئەمەش بەشێکە لە هۆکاری ئهو بیرۆکەی بۆریی نەوته.
ئاماژەیکرد بەوەی ئەو رێگەیەی ئێران چاوی لەسەرێتی بۆ بنیاتنانی بۆرییه نەوتهكه بۆ سوریا بە ناوچەیەکدا دەڕوات کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئامادەییان لێی هەیە.
تورکۆ وتی پاسداران "بەردەوامە لە فراوانکردنی ئامادەیی خۆی" لە پارێزگای دێرەزووری سوریا، کە هاوسنووری عێراقە، بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکە و پاراستنی هەر پرۆژەیەکی داهاتووی ئێران.
وتی لهو پرۆژانە دەکرێت ئهو بۆرییه نەوته بێت كه خواستی ئێرانه، یان رێگەیەك بۆ بەقاچاخبردنی نەوتی خاو به تانكهر بۆ بەندەرەکانی سوریا تا لە سوریا بەکاربهێنرێت یان بفرۆشرێتەوە دوای ئەوەی بە قاچاخ دەبرێت بۆ لوبنان.