هێزە ئەمنیەکانی عێراق دووشەممە (23 ئەیلول) دەستیانکرد بە هەڵمەتێکی ئەمنیی نوێ بۆ بەدووکەوتنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، بەرپرسێکی ناوچەکە بە دیارونای وت.
چەند یەکەیەکی گهوره لە فیرقەکانی 16 و 20ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و پۆلیسی نەینەوا بەشداریدەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، بە هەماهەنگییهكی بەرچاو لهگهڵ دانیشتوانی ناوچەکە.
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حەسەن شەبیب سەبعاوی وتی هەڵمەتەکە مەبەستێتی کۆتاییبهێنێت بە بوونی ئەندامانی داعش لەو ناوچەیەی لە زنجیرە چیاکانی عەتشانەوە درێژدەبێتەوە و بیابانی خۆرئاوای نەینەوا دەگرێتەوە بەرەو هێڵی سنووری لەگەڵ سوریا.
وتی بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، پاشماوەکانی داعش خۆیان لەنێو ئەشکەوتەکان و تونێلەکانی نێو چیاکاندا شاردۆتەوە لەگەڵ بیابانی خۆرئاوا، کە نزیکەی 60 گوندی تێدایە و دەکەونە ناوچەکانی حەمام عەلیل و شورە و حەزهر.
وتی: "تەنیا لە شەودا هاتوچۆدەکەن و زۆر بە نهێنییش، بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی ترسنۆکانە دژی خەڵکی ئەو گوندانە و سوود لە دووریی نێوانیان دەبینن، لەگەڵ ئەو راستیەی کە کراوەن بەڕووی بیاباندا و نزیکن لە سنووری سوریاوە."
شەڕی گەریلایی
سەبعاوی وتی تا ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنەکە بۆتە هۆی رووماڵکردنی زنجیرەچیای عەتشانە، تێکشکاندنی دوو تونێل و دوو شوێنی پشوودان لە چیای شێخ یونس، ناوچەكهی دهوری دەریاچەی سونهیسلە و ناوچەكهی نێوان تەل عەبتە و باکوری حهزهر.
وتی هەروەها بۆتە هۆی دەستگیرکردنی چوار ئەندامی داعش و تەقاندنەوەی 17 بۆمبی دەستکرد و گولە هاوەنێك.
سەبعاوی وتی: "پاشماوەکانی داعش شێوازی شەڕی گەریلایی بەکاردەهێنن بە ئەنجامدانی چەند هێرشێکی سنووردار و خێرا کە دواتر دوای هەر هێرشێك وندەبن له ناوچە چیایی و بیابانییەکاندا."
وتیشی ئەم هێرشانە "مەدەنیەکان دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی لەو خێزانانەی کە ئەندامیان هەیە لە سوپا و پۆلیسدا، تا خەڵکی ناوچەکە بترسێنن و رێگرییان لێبکەن لەوەی پەیوەندی بكهن بە هێزە ئەمنیەکانەوە یان هاریکارییان لەگەڵدا بکەن".
ههروهها وتی لەناوبردنی ئەم چەکدارانە پێویستی بە زیادكردنی رووماڵی ئاسمانیی ناوچە بەئامانجکراوەکان هەیە تا چاودێریی ماوە به ماوە دابینبکرێت، لەگەڵ تۆمارکردن و چەکدارکردن و راهێنانی ئهندامانی خێڵهکانی ناوچەکە.