هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

عێراق پشتیوانیی کۆمەڵایەتی بۆ خێزانەکانی نەینەوا فراوان دەکات

خالید تائی

دانیشتوانی نەینەوا موچەی دابینکراوی حکومییان پێدەگات لە 1 ئاب 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی]

دانیشتوانی نەینەوا موچەی دابینکراوی حکومییان پێدەگات لە 1 ئاب 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی]

لە سەرەتای ئەمساڵدا، حکومەتی عێراقی رایگەیاند پلانی داناوە بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو خێزانانەی نەینەوا کە لە بەرنامەی پشتیوانیی کۆمەڵایەتیدا تۆمارکراون.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هیام عەبدال بە دیارونای وت لەوکاتەوە، نزیکەی 40,000 خێزان لە بەرنامەکەدا تۆمارکراون کە لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە زیانیان بەرکەوتووە.

عەبدال وتی موچەیەکی مانگانەی نزیکەی 420,000 دینار (350 دۆلار) هەیە بۆ هەر خێزانێك كه‌ ئه‌و كۆمه‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌، لەنێویاندا ئاوارەکان، بێسەرپەرشتان، بێوەژنەکان و ئەو کەسانەی کەمئەندامن لەگەڵ خێزانی ئەو کەسانەی ونبوون.

وتیشی ئەم پشتیوانییە مەینەتیی ئەو خێزانانە "به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر کەمكردۆته‌وه‌" و دۆخی ژیانیانی باشترکردووە.

رێکخراوێکی خێرخوازی کۆمەکی دارایی دەدات بە بێسەرپەرشتان لە 13 حوزەیران 2018. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی خێرخوازیی سەنابل بۆ بێسەرپەرشتان و بێوەژنان]

رێکخراوێکی خێرخوازی کۆمەکی دارایی دەدات بە بێسەرپەرشتان لە 13 حوزەیران 2018. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی خێرخوازیی سەنابل بۆ بێسەرپەرشتان و بێوەژنان]

بەڕێوبەرانی بەرنامەکە کاریشیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەندێك لەو خێزانانەی پێشتر لە بەرنامەکەدا تۆمارکرابوون بەڵام موچەی مانگانەیان پێنەدەگەیشت.

عەبدال وتی لە هەندێك حاڵەتدا، موچەکە لەکاتی مردنی سەرۆکی خێزانەکەدا وەستاوە یان وەك پێدراو لەقەڵەمدراوە، بەڵام لەئێستادا ئەمە چارەسەرکراوە.

عەبدال جەختیکردەوە لە گرنگیی دابینکردنی کۆمەك بۆ خێزانی زیاتر کە تووشی دۆخی سەخت بوون لەسەر دەستی داعشدا یان لە ئەنجامی داگیرکاریی ئەو گروپەوە.

وتی: "بەهیواین حکومەت بتوانێت ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکانی هەژار و زیانبار تۆماربکات وەك سوودمەند لە بەرنامەکە."

بودجەی کەم

عەبدال وتی شەڕی دەرکردنی داعش لێکەوتەی مرۆیی خراپی هەبوو لەسەر دانیشتوانی ناوچەکە و ئاماژەیکرد بەوەی گرنگە پشتیوانیی ئەم خەڵكە بکرێت و باری سەر شانیان سووکبکرێت لەکاتێکدا خەریکی زاڵبوونن بەسەر ئەو دۆخە سەختەدا.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسامەدین عەبار بە دیارونای وت: "خەڵکانی هەژار و ئەوانەی زیانی تیرۆریزمیان بەرکەوتووە لەئێستادا بەرفراوانترین توێژی دانیشتوانی نەینەوان، بەهۆی ئەو تاوانە قێزەونانەی کە داعش ئەنجامی داون."

وتی لەئێستادا 15,000 بێوەژن و 33,000 هەتیو لە پارێزگاکەدا هەن.

بەهۆی ژمارەی زۆری هەژارانەوە، کاربەدەستانی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ دابینکردنی کۆمەکی دارایی، پەروەردەیی، تەندروستی و نیشتەجێبوونی زیاتر.

داوای لە حکومەت کرد کە بودجەی پێویست دابین بکات بۆ یارمەتیدانی خەڵکی نەینەوا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە و ئاماژەیکرد بەوەی بودجە دابینکراوەکە "پێویستیەکانی تەواوی هەژاران و زیانبەرکەوتووان دابین ناکات".

پشتیوانی بۆ بێسەرپەرشتان

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، سەیدۆ چەتۆ، ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە حکومەت ماوەیەکە پشتیوانیی خێزانە هەژارەکانی پارێزگاکە دەکات لەڕێی بەرنامەی پاراستنی کۆمەڵایەتیەوە.

بەڵام داوایکرد ئەم پشتیوانیە فراوان بکرێت بە "لەخۆگرتنی هەزاران خێزان لەنێو بەرنامەکەدا" و پێدانی موچەی وا کە یارمەتییان بدات لە سووککردنی باری دارایی سەرشانیان و ئاماژەیکرد بەوەی قۆناغی داعش زۆر کەسی بێكار کرد.

چەتۆ وتی: "بێسەرپەرشتان لەنێو شیاوترین توێژەکاندان بۆ پشتیوانی."

وتی دوو خانەی بێسەرپەرشتان لە موسڵ -- زوهور و بەراعیم -- کراونەتەوە، لەگەڵ چەندین خانەی دیکە لە تەواوی پارێزگاکەدا، لەنێویاندا ناوەندەکانی شێخان و باڵەخانەکانی شاریا و خانەك.

وتی: "کاردەکەین بۆ پشتیوانیكردنی رێکخراوە خێرخوازییەکان کە کەشێکی تەندروست بۆ هەموو بێسەرپەرشتان دابیندەکەن و یارمەتی هەموو توێژە هەژارەکانی نێو خەڵك دەدەن لەگەڵ ئەوانەی بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە."

وتیشی: "پلان و بەرنامەمان هەیە بۆ پشتیوانیكردن لەم گروپانە و بەهیواین پێشڕەویی زیاتریش بەدەستبهێنین لە مسۆگه‌ركردنی پێداویستیە مرۆییەکانیاندا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500