هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئابوری

شارەزایان: سیستمەکانی دارایی و دادوەریی ئێران لاوازن لەبەردەم گەنده‌ڵیدا

جونەید سەلمان لە بەیروت

ژنانی ئێرانی ئامێری بانكیی راكێشانی پارە بەکاردەهێنن لە تاران له‌ 20 ئایار. [عەتا کیناری/ئاژانسی فرانس پرێس]

ژنانی ئێرانی ئامێری بانكیی راكێشانی پارە بەکاردەهێنن لە تاران له‌ 20 ئایار. [عەتا کیناری/ئاژانسی فرانس پرێس]

شارەزایان بە مه‌شاریقیان وت بەهۆی ئەو رژێمه‌ بەهێزە ناوەندییەوه‌ كه‌ ئێران کۆنترۆڵ دەکات، سیستەمەکانی دارایی و دادوەری نەیانتوانیوە بە ئاستی ئەوەی دەتوانن چالاكبن و لاوازن لەبەردەم خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیدا.

راوێژکارێكی ئابوری، رۆجەر مێڵکی بە دیارونای وت: "کەرتی گشتی دەستیگرتووە بەسەر ئابوری ئێراندا و زۆربەی سێکتەرە گرنگەکان لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵکراون."

وتی ئەو ئاستە لە کۆنترۆڵی دەوڵەت کێشەدارە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ دەزگاکانی حکومەت کۆنترۆڵی دامەزراوە مەزنه‌کان دەکەن، ئەوانیش کۆنترۆڵی هەموو شتێك دەکەن لە پیشەسازی نەوتەوە بگرە تاهەموو کاروبارەکانی پیشەگەری لە بەرهەمهێنان و سەربازی و گەشتوگوزار.

وتی بوونی ئابورییەك کە دەوڵەت ئاراستەی دەکات بە رژێمێكی ئایینییەوە "ئابوری سنووردار دەکات و بانکی ناوەندی کەلەپچە دەکات" و وتیشی بانکەکانیش ده‌كه‌ونه‌ژێر بڕیار و فه‌رمانی سیاسییه‌وه‌.

مێڵکی وتی شکست "هەر روودەدات" لەو دەوڵەتانەی تیایاندا سەرۆکایه‌تی سیاسی پشتگیری ناكات له‌ چەمکی ئابوریی بازاڕ.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئێران دەبینێت ناكیكی دێته‌ ئاراوه‌ لەسەر ده‌سه‌ڵات و دەستوەردان له‌ ئابوریدا "كه‌ پشت نابه‌ستن به‌ دیدێكی ئابوری و داتاكان".

سیستمێكی بانکی لاواز

لە چەند ساڵی رابردوودا، زۆر کەس دەنگی نیگەرانییان بەرزکردەوە لەسەر کێشەکانی سیستمی بانکیی ئێران و ئەو ژمارە زۆرەی بانکی تایبەت کە کاریگەریی نەرێنی ئابورییان هەیە.

بەرپرسی به‌شی قه‌ڵاچۆكردنی پارە سپیکردنەوە و دارایی تیرۆریزم لە بانکی بازرگانی باکوری ئەفریقا، شەوقی ئەحواش وتی: "سێکتەری بانکی ئێرانی پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە و ژێرخانی دارایی نییە کە پێویستە بۆی تا رۆڵێ خۆی ببینێت، هۆکاری ئەمەش به‌په‌راوێزبوونی ئێرانه‌."

ئەحواش بە مه‌شاریقی وت ئەمە وایکردووە "لاوازبێت لەکاتی پەشێویدا و نەتوانێت داواكارییه‌كانی مشتەرییەکانی جێبەجێبکات".

شارەزای زانستە سیاسی و ستراتیژییه‌كان، عەبدلموحسین شەمەری وتی: "رژێمی ئێران بژاردەی کەمی لەبەردەستدایە لە سیستمی داراییدا و شکستی هێناوە لە وەستاندن یان هێورکردنه‌وه‌ی داڕووخانی خێرای ئابورییەکەی."

شەمەری بە مه‌شاریقی وت سەدان قەوارە و کەسایەتی کراونەتە ئامانج بە ئابڵوقەکان، له‌نێویاندا 50 بانك و دەزگای دارایی.

بەهۆی ئابڵوقەکانەوە رێنادرێت بانکەکانی ئێران خزمەتگوزارییەکانی تۆڕی بانکی سویفت بەکاربهێنن.

وتی ئەمە "گواستنەوەی ئەلیکترۆنیی دراوی بۆ بانکەکانی ئێران راگرت لە سیستمی حەواڵەی نێوان بانکەکانی جیهاندا".

لە لێدوانەکانیدا بۆ ماڵپەری هەواڵی فەرمیی پەرلەمانی ئێران، ئەندام پەرلەمانی ئێران مەحمود سادقی لە ئایار وتی هەندێك لە ئێرانییە پارێزگارەکان پشتیوانیی ئەو گروپانە دەکەن کە دەیانەوێت ئابڵوقە بشکێنن -- ئەوانەی هاوکاری کۆماری ئیسلامی دەکەن لە پشتی ئابڵوقەکانی ئەمریکاوە کارەکانی ئەنجامبدات.

سادقی وتی: "ئەو گروپانە بڕوایان وایە مەحاڵە کاروباری وڵات بەڕێوەببرێت بەبێ پەنابردنە بەر گەندەڵی دارایی."

سیستمێكی دادوه‌ریی گەندەڵ

شەمەری وتی دادوەری خۆی ده‌بێت له‌ پێشه‌نگی قه‌ڵاچۆكردنی گەندەڵیدا بێت، "بەڵام لە ئێران دادوەری داردەستە بۆ کپکردنی بەرهەڵستی و تووندکردنی دەستی هێزە ئەمنییەکان لەسەر هەر کەسێك کە تەنانەت بیربکاتەوە لە یاخیبوون دژی رژێمی دەسەڵاتدار".

وتی بۆیە سیستمی دادوەری له‌ ئێران خزمەتدەکات وەك "پارێزگاری رژێمی ئێران" بە سەرۆکایەتی رابەری باڵا عەلی خامنەیی.

لە چەند راپۆرتێکی میدیای ناوخۆییدا ئەندام پەرلەمان سادقی ئاشکرایکرد كه‌ ژمارەی زیندانیان لە ئێران "بیست قات زیادیکردووە بە بەراورد بە ساڵی 1979".

وتی ئەمە ئێرانی خستۆتە ژێری ژێرەوەی ریزبەندی له‌ راپۆرتی رێکخراوی ترانسپارێنت ئینتەرناشناڵ (رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی) لەسەر گەندەڵی. ئێران لەمدواییانەدا لە ریزبەندیی 130 بوو لە کۆی 160 وڵات.

شەمەری وتی: "هەندێك پرسیاردەکەن: ئەگەر سیستمی دادوەری گەندەڵ بێت، کێ لێپرسینەوە لە گەندەڵەکان دەکات لە ئێران؟" ئاماژەشی كرد به‌وه‌ی سیستمی دادوەری لە ئێران "تەواوی سیستمە سیاسییەکە دەپارێزێت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500