ئەو توێژینەوە نوێیە دەریخستووە کە ژنانی توندڕەو لە ئەوروپا یان ئەوانەی لە عێراق و سوریاوە دەگەڕێنەوە نابێت تەنیا حسابی "بووك"یان بۆ بکرێت بەڵکو وەك چەکدار کە دەتوانن رۆڵێکی چالاکیان هەبێت لە هێرشەکانی داهاتوودا، ئەمە هەمان رای بەرپرسانی کەمپی هۆلی سوریاشە.
ئەو توێژینەوەیە، کە چوارشەممە (11 ئەیلول) لە برۆکسل بڵاوکرایەوە لەلایەن رێکخراوی ناحکومیی سلۆڤاکییهوه، گلۆبێسك، بڵاوکرایەوە، دەڕوانێتە زانیاریی 326 تووندڕەوی ئەوروپی کە لە 2015وە دەستگیرکراون، یان سنوورداشکراونەتەوە یاخود کوژراون.
دەریشیخستووە کە هەرچەندە ژنان و كچان کەمینەیەکی بچوکی بەناو "چەکدارانی تیرۆریستی بیانی"ن، هیشتا دەکرێت هەڕەشەیەکی بەرچاو بن.
راپۆرتەکە دەڵێت لەنێو 43 ژنی گومانلێکراوی توێژینەوەکەدا، کەیسی "پلاندانەری هێرش، راکێشەری چالاکی ژنانی جیهادی، پروپاگەندەکار و ئەوانەی تێدا بووە کە دەکرێت ناوببرێن بە ئەفسەرانی کاروباری لۆجستی" کە پەنای چەکدارەکان دەدەن.
تێبینیی هەوڵێكی سێ ساڵ لەمەوبەری تۆڕێکی ژنانی کرد بۆ تەقاندنەوەی کەنیسەی نۆتهردام له پاریس و چەند هەوڵێکی ئەمدواییانەش لەلایەن ئەندامانی دەستگیرکراوی ئەوروپیی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارەی جەماوەری.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "ئەوە ئاشکرادهبێت کە ئەو زیاتر لە 40 ژنەی نێو داتابهیسهكه تەنیا 'بووك' نەبوون، چونکە ئەو رۆڵەی هەیانە لە تۆڕە تیرۆریستیەکاندا ئاڵۆزتر و زیاترە."
'تەنیا ژن و دایك نین'
بەرپرسێك لە مانگی سووری کوردی، ئازاد دودەکی بە دیارونای وت ئەوە ئاشکرا بووە بۆ بەرپرسان لە کەمپی هۆل، له خۆرهەڵاتی حەسەکە، کە زۆرێك لەو ژنانهی داعش كه لەوێ هێڵراونەتەوە، رەنگە تەنیا ژن و دایك نەبن.
وتی بهشێك له کاریان لەگەڵ داعش کاری حسبە ("پۆلیسی ئایینی") و دەوریەی چەکداری بووه لەگەڵ چەند چالاکییەکی لۆجستی وەك راکێشانی لهڕێی تۆڕی ئینتەرنێتهوه.
وتیشی زۆرێك لەم ژنانە، چ سوری بن یاخود بیانی، بەردەوامن لە پابەندبوون بە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی گروپەکەوە و رێڕهوهكانی لەنێو کەمپەکەدا پەیڕەودەکەن.
دودەکی بە دڵڕەق تا ئاستی تاوانکار لهقهڵهمیدان و ئاماژەیکرد بە مامەڵەی تووندیان لەگەڵ ئەو ژنانەی هەوڵی جیابوونەوە دەدەن لە پەیڕەوە تووندەکەی گروپەکە و هێرشەکانیان بۆسەر ئەو پاسەوانانەی بۆ پاراستنیان دانراون.
دودەکی وتی: "ئەو بەشەی کەمپی هۆل کە بۆ ژنانی داعش دانراوە یەکێکە لە مەترسیدارترین شوێنەکان بۆ هەر کەسێك." ئاماژەشیکرد بەوەی کە تووندڕەوترین خەڵك ئەوانەن کە گەیشتنە ئەوێ دوای ئەوەی گروپەکە لە باغوز دەکرا
وتیشی چەند تیمێکی حسبەیان دروستکردووە کە سزای هەر کەسێك دەدەن کە لێیان جیاببێتەوە و ئاماژەیکرد بەوەی لانیکەم دوو حاڵەت تۆمارکراوە کە تێیاندا کچەکان هێرشیان دەکرێتە سەر لەبەرئەوەی نیقابیان لاداوە.
هەروەها رێگرییان لە ژنانی دیکە کردووە لەوەی بەتەنیا پشکنینی پزیشیکییان بۆ بکرێت، یاوەری حسبەیان لەگەڵ هەموو نەخۆشەکان ناردووە تا نەهێڵن لەڕێ دەربچن.
وتیشی ژمارەیەك حاڵەت هەبووە کە ژنانی داعش چەقۆیان داوە لە پاسەوانان و خۆیان لەنێو ژنانی دیکەدا ونکردووە، کە هەموویان نیقابیان پۆشیوه و وادەکات دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکە زهحمهت بێت.
پەیوەندیی نێوان تاوان و تووندڕەوی
توێژینەوەکەی گلۆبێسك باس لە پەیوەندیی نێوان تاوان و تووندڕەوی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێك لە چەکدارانی تووندڕەو بە تاوانی ئاسایی دەستیانپێکردووە و دواتر لە زینداندا تووندڕەو بوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە كه سێ یەکی ئەو کەیسانەی لێکۆڵینەوەیان لێکراوە ئەو چەکدارە بیانییانە بوون کە گەڕاونەتەوە بۆ ئەوروپا "کە زۆرجار وەك دەستپێشخەری کاری جیهادی یان سەرکردەی خاوەن کاریزمای شانە و تۆڕەکان کاردەکەن".
لە راگهیاندنی راپۆرتەکەدا، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپای پەیوەندیدار بە سیاسەتی ئەمنیەوە پێیانوترا کە زۆربەی ئەوانەی تاوانبارن بە تاوانی تیرۆریستی لە ئەوروپا، دوای ئازادکردنیان تاوانیان ئەنجامداوە.
زۆربەی هەوڵەکانی نەهێشتنی تووندڕەویی شکستیان هێناوە.
توێژەرێکی ئەمنی لە زانکۆی لایدن لە هۆڵەندا كه بەشدارییكردووه لە راپۆرتەکەدا، بارت سخویرمان، وتی: "کارمەندانی هۆڵەندی دوای چەند ساڵێك لە کار تەنیا دوو نمونەیان دەستکەوتووە لەو تووندڕەوانەی کە تووندڕەو نەمابنەوە. ئهمه لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەستەمە."
ئاماژەیکرد بەوەی مشتومڕی نەهێشتنی تووندڕەوی بەکراوەیی ماوەتەوە بەڵام، "پێموانییە سوودی هەبێت".
سخویرمان و ئەوانەی تر کە لەسەر راپۆرتەکە کاریانکردووە، وتیان لەجیاتی ئەوە کاربەدەستانی زیندان زیاتر تەرکیزیان دەخستە سەر جیاکردنەوەی تووندڕەوەکان لە خەڵکانی ئاسایی زیندانیکراو بۆ بەرگرتن بە تووندڕەوکردنی ئەوانیدی.