هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

عێراقیەکان بەهیچ جۆرێك ئایدۆلۆژیای داعش پەسەندناکەن

حەسەن عوبێدی لە بەغدا

عێراقیەکان لە سوپەرمارکێتێکی فەلوجە بازاڕدەکەن لە 29 کانونی یەکەم 2016، نزیکەی شەش مانگ دوای ئەوەی داعش لە شارەکە دەرکرا. بەرپرسانی عێراق بە دیارونا دەڵێن كه‌ دانیشتوانەکەی مەبەستیانە دڵنیابن لەوەی هیچ پاشماوەیەکی ئایدۆلۆژیا ژەهراوییەکەی ئەو گروپە نەماوە. [سەباح عەرار/ئاژانسی فرانس پرێس]

عێراقیەکان لە سوپەرمارکێتێکی فەلوجە بازاڕدەکەن لە 29 کانونی یەکەم 2016، نزیکەی شەش مانگ دوای ئەوەی داعش لە شارەکە دەرکرا. بەرپرسانی عێراق بە دیارونا دەڵێن كه‌ دانیشتوانەکەی مەبەستیانە دڵنیابن لەوەی هیچ پاشماوەیەکی ئایدۆلۆژیا ژەهراوییەکەی ئەو گروپە نەماوە. [سەباح عەرار/ئاژانسی فرانس پرێس]

لە سه‌رده‌می دوای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، بەرپرسانی ئەمنی لە چەندین پارێزگا روونیانکردۆتەوە کە قایل نابن بەوەی هیچ کەسێك شیرازەی کۆمەڵایەتی تێکبدات بە سەپاندنی ئایدۆلۆژیای توندڕەوانە بەسەر خەڵکی دیکەدا.

ئەمە لە رووداوێکی ئەمدواییانەدا دەرکەوت لە رەمادی، کە تێیدا ئەفسەرانی پۆلیسی عێراق پیاوێكیان دەستگیرکرد وەك وەڵامێك بۆ سکاڵای چەند خاوەن دوکانێکی جلوبەرگی ژنانە.

خاوەن دوکانەکان راپۆرتیان دابوو لە پیاوەکە لەسەر هەراسانکردن و وتبوویان ئەو پیاوە بانگەشەی ئەوە دەکات بەکارهێنانی بووکەڵە بۆ نیشاندانی جلوبەرگ لە پەنجەرەی دوکانەکانەوە حەرامە و داوایکردبوو لاببرێن.

نەقیبێكی پۆلیس، ئەسەد فەهداوی بە دیارونای وت دانیشتوانی رەمادی بێزاربوون له‌م جۆرە مامەڵەیه‌.

وتی ئەوان ئەو ئایدۆلۆژیایەی داعش هەوڵی چاندنی ده‌دالە مێشکی دانیشتوانی شارەکەیاندا لە ساڵانی فەرمانڕەوایی خۆیدا، وەك شتێك دەیبینن کە مەترسی کەمتر نیە لەو مینانەی چاندنی لە شەقامەکانیاندا دوای شکستی.

فەهداوی وتی: "ئەو جۆره‌ بیرۆکە و گرینامانه‌ی داعش و پێشتریش قاعیدە هێنابوونیانه‌ كایه‌وه‌، چیتر پێشوازییان لێناکرێت."

وتی وەك دەرکەوت، تۆمەتباری رووداوی بووکەڵەکانی رەمادی تێوەگلابوو لە چالاکیی پەیوەندیدار بە داعشەوە لە شاری هیتی خۆرئاوای ئەنبار و لە دادگای تاوانەکانی ناوچەکە داواکراوبوو.

وتیشی دوای شکستهێنانی، گروپەکە بەردەوامبوو لە برەودان بە ئایدۆلۆژیاکەی و تۆمه‌تباركردنی ئەوانەی دژایەتی ده‌كه‌ن بە کوفركردن.

عێراقیەکان توندڕەوی رەتدەکەنەوە

بەڕێوبەری نوسینگەی وەقفی سوننە لە ئەنبار شێخ عەبدوڵا جەلال وتی: "کۆمەڵگەی ئەنبار هاوشێوەی جەستەی مرۆڤێکە کە دژی دەردێك دەرزیی لێدرابێت و تەواو پارێزراو بێت بەرامبەری."

بە دیارونای وت: "ئەزمونی خەڵکی ئەنبار تۆقێنەر بوو. رووی راسته‌قینه‌ی داعش و ساختەبوونی دروشمەکانیان بینی و شایەتی ئەو کار و وێرانکاریانە بوون كه‌ لەگەڵ خۆی هێنانی."

وتی لەبەر ئەم هۆیە، دڵنیان کە داعش "بەهیچ جۆرێك نە نوێنەرایەتی ئیسلام دەکات نە داب و نەریتەکانی خەڵکی بەشەرەفی ئەنبار".

وتیشی: "دانیشتوانی هەموو شارەکانی ئەنبار ئێستا بانگه‌وازه‌كانی دووبەرەکی و تووندوتیژی و ره‌تكردنه‌وه‌ی ئەوانیدی لەسەر بنەمای باوەڕەکانیان و ئایین و کارەکانیان، رەتدەکەنەوە و رێناده‌ن بە کەس خۆی بکات به‌ هه‌ردوو حاکم و جەلادیش."

بەهەمانشێوە لە شاری تکریتی پارێزگای سەلاحەدین، جێگری بەڕێوبەری پۆلیس، عەقید عەباس عەجیلی بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان چیتر پێویستیان بە چاپکردنی نامیلکە و پۆستەر نیە تا بیری خەڵك بخەنەوە پەیوەندی بكه‌ن بە ژماره‌ ته‌له‌فونی 104 بۆ هەواڵدان له‌ تووندڕەوان یان چالاکیی گومانلێکراو.

وتی دانیشتوان بەردەوام و بەشێوەیەکی خۆبەخشانە ئەو زانیاریانە دەبەخشن.

بۆنمونە لە 13 تەمموز، پیاوێك لە خۆرئاوای شارەکە دەستگیرکرا دوای ئەوەی ژمارەیەك کەس هەواڵی ئەوەیان دا کە ئه‌كاونتی فەیسبوکەکەی (لەژێر ناوێکی ساختەدا) بەکارهێناوە بۆ دەستێوەردان لە کاروباری هێزە ئەمنیەکان.

لە پۆستەکەدا، داوای لە دانیشتوانی ناوچەکە کردبوو هاریکاریی دەستپێشخەری گەنجێك نەبن بۆ دابەشکردنی شەربەت بەسەر ئەندامانی دەوریەی پۆلیسدا لە کەنارەکانی شارەکە.

عەجیلی وتی کەسێکی دیکە لە سەرەتای ئابدا دەستگیرکرا بە تاوانی هێرشکردنە سەر هاوکارێکی لە خوێندنگەیەکی بنەڕەتی و داواکردنی جیاکردنەوەی خوێندکاران.

وتی دەستگیرکردنەکە پشتی به‌ هەواڵدانی خەڵك به‌ست و ئاماژەیکرد بەوەی شارەکە لەئێستادا رووداوی لەمشێوەیە بە هه‌ند وه‌ردەگرێت بە پێچەوانەی رابردووەوە.

وتیشی: "لەئێستادا وەك مەترسییەك دەیانبینن کە هەڕەشەی دەستپێکی قۆناغێکی نوێی وێرانکاری و مەرگە،" هەربۆیە بەگوێرەی ئەوەش کاردانەوەیان دەبێت.

خەڵك دەیانەوێت لە ئاشتیدا بژین

بەڕێوبەری پۆلیسی نەینەوا، لیوا حەماد نامیس جەبوری بە دیارونای وت دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا زۆر بەسادەیی دەیانەوێت وەك خەڵکی دیکە بژین.

وتی: "لەسه‌ر دوورگەیەکی گۆشەگیر نین و دەبینن خەڵکی دیکە لە جیهاندا بە ئازادی و ئاشتی دەژین."

وتیشی: "خەڵك لێرە ساختەیی دروشمەکانی داعشیان بینیوە و چیتر خواست و حەزیان لە بیستنی مشتومڕەکانیان نیە، لەنێویاندا فەرمانە ئایینیه‌كان کە سەلمێنراوە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نیە و لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ بوون بۆ گونجاندنیان له‌گه‌ڵ خواسته‌ نەخۆشەکانیان."

ئاماژەیکرد بەوەی لە دەرکردنی گروپەکەوە، خەڵك بە چەندین شێوە کاردانەوەیان دژی میراتە توندڕەوانە ناقۆڵاکەی نیشانداوە.

وتی: "هەندێك خەڵك دژی هەموو ئەو شتانەن کە داعش داوای دەکردن په‌یوه‌ست به‌ رێساکانی جلوبەرگ، خواردن، خواردنەوە و ئاهەنگ گێڕان و هەندێکی دیکەش بەدوای هەر کەسێکدا دەگەڕێن کە برەویان پێبدات و بانگەشەیان بۆ بکات یان ئایدۆلۆژیاکەیان لەخۆبگرێت، تا هەواڵیان لەبارەوە بدەن."

دانیشتویه‌كی فەلوجە، خدر عەباس جومەیلی بە دیارونای وت خەڵك لە شارەکەی ئەو مەلایانە په‌سه‌نددەدەن کە برەو بە ژیان و سادەکردنەوەی شتەکان دەدەن، نەك ئەوانەی چیرۆك دروستدەکەن بۆ دروستکردنی دووبەرەکی له‌ کۆمەڵگەدا.

ئاماژەیکرد بەوەی هەندێك مزگەوت بە چۆڵی ماونەتەوە بەهۆی ئەوەی مەلاکانیان وتاری تووندڕەوانە دەدەن و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نوسینگەی وەقفی سوننە بیانگۆڕێت.

وتی ئەمە ئاماژەیەکە بەوەی کۆمەڵگە چیتر نایەوێت گوێبیستی قەوانێکی شکاو بێت کە بووە هۆی لەدەستچوونی ژیانی هەزاران کەس.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500