بەهۆی گیرخواردنیانهوه لەنێوان پێشڕەویی هێزەکانی رژێمی سوریا لەلایەك و هاوپەیمانێتی تووندڕەوی تەحریر شام لەلایەکی دیکەوە، دانیشتوانی پارێزگای ئیدلیب کۆبوونەوە لە ژمارەیەك شارۆچكه بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی هەردوولا، چالاکوانێکی سوری وتی.
چالاکوانێكی مەعەرەت نوعمان، هانی نوعمان بە دیارونای وت: "ژمارەیەك خۆپیشاندان لە ژمارەیەك شار و شارۆچکەی ئیدلیب و ناوچە گوندنیشنەکانی ئەنجامدران بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی پێشڕەویی هێزەکانی رژێم بۆ ناوچەکە."
وتی پێشڕەویی رژێم شەپۆلێك لە ئاوارەیی دروستکردووە، کە وایکردووە مەدەنیەکان هەڵبێن بۆ ناوچەی سەلامەتتر لە ناوەوەی پارێزگاکە.
بەڵام تەنیا پێشڕەویی رژێم هۆکاری تەقینەوەی تووڕەیی جەماوەر نەبوو.
وتی: "خۆپیشاندانەکان دژی تەحریر شام و سیاسەتەکانیشی بوون،" لەنێویاندا دەستگیرکردنی رکابەرەکانی "یان ناچارکردنیان به جێهێشتنی ناوچەکە".
نوعمان وتی: "ئەمە سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی تەواوی گرێبەستە بازرگانییە بنەڕەتیەکان لەلایەن ئەو هاوپەیمانێتیە تووندڕەوەوە وبەرزبوونەوەی نرخ و سەپاندنی باجسەرەڕای خراپیی دۆخی ئابوری کە خەڵك رووبهڕووی بوونهتهوه."
خۆپیشاندان لە سهرجهمی پارێزگاکە
وتی خۆپیشاندان لە مەعەرەت نوعمان، سەراقیب، بینیش، ئەریحا و کەفر تەخاریم ئەنجامدران.
وتیشی: "زۆر کەس بەشدارییان تێداکردن، ئاڵای شۆڕشیان بەرزکردەوە، لەگەڵ لافیتە کە هێرشیان دهكرده سەر هەریەك لە رژێم و تەحریر شام."
لافیتەکان داوایان لە تەحریر شام کرد ناوچەکە جێبهێڵێت و تۆمەتباریان کرد بەو دۆخە سەختەی ئێستا مەدەنیەکان رووبهڕووی بوونهتهوه.
نوعمان وتی دەرفەتی کار دەگمەنە و خێزانەکان دۆخێکی سەختیان تووشبووە بە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و نزیکبوونەوەی وەرزی زستان چونکە بەشێوەیەکی ئاسایی خەرجیی خێزانەکان بەرزدەبێتەوە.
وتی: "خەڵك لێره ترسێكی راستەقینەیان هەیە لەوەی تەحریر شام دەکشێتەوە لە ناوچەکانیان" بە پێشڕەویی رژێم بۆ ئەو ناوچانە، وەك چۆن لە خان شهیخون روویدا.
وتیشی: "ئەمە دەبێتە هۆی شەپۆلێکی فراوانی ئاوارەیی بەرەو ناوچە سنورییەکان و خەڵك دوو بژاردەی تاڵیان دەبێت: یان دەبێت بڕۆن یان بمێننەوە و تووشی مەترسی دەستگیرکردن ببن لەلایەن رژێمەوە."
وتی ئەمە نیگەرانییەکی راستەقینەی زۆر کەسە لەبەرئەوەی ژمارەیەکی بەرفراوان لە خەڵك داواکراون لەلایەن رژێمەوە و ئاماژەیکرد بەوەی لەنێویاندا لاوان مەترسیی دەستگیرکردنیان هەیە "بە پاساوی ئەنجامدانی خزمەتی سەربازیی بەزۆر".