ژمارەی دانیشتوانی کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای نەینەوا هێدی هێدی کەمدەکات لەبەرئەوەی ئەو خەڵکەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە ماڵەکانیان دەرکرابوون بە ژمارەی فراوان دەگەڕێنەوە، بەرپرسانی ناوچەکە بە دیارونایان وت.
زۆرێك لە ئاوارەکان بڕیاری گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان دەدەن، سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی هاوشانی گەڕانەوەیە، وەك ئاستی خراپی خزمەتگوزاریی گشتی و دۆخی ژیان.
لەنێو ئەوانەدا كه بەمدواییانە گەڕانەوە بەکر سەلمان و خێزانهكهی بوون، کە لە سەرەتای ئابدا بڕیاریدا کەمپی جەدعە بهجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی لە موسڵ.
سەلمان بە دیارونای وت ماوەیەکی درێژ بوو پلانی گەڕانەوەی بۆ گەڕەکی سەحەی خۆرئاوای موسڵ دانابوو، بەڵام بڕیارەکەی دواخستبوو بەهۆی ئەو راپۆرتانەی باس لە "خراپیی خزمەتگوزاری گشتی" دەکەن لە ناوچەکە.
وتی: "خزمەتگوزارییەکان باش نین، بەڵام لەم دوو ساڵەی رابردوودا باشتر بوون و ئەمەش هانیداین بگەڕێینەوە."
سەلمان وتی هەستدەکات بەختی هەبووە چونکە ماڵەکەی زیانی بەرچاوی بەرنەکەوتووە لەکاتی شەڕدا و ئاماژەیکرد بەوەی "ماڵی روخاو و بێکاری لەنێو هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکاندان".
رۆژانە سەدان کەس دەگەڕێنەوە
لە سێ ساڵی رابردوودا، بهڕێوبهرێتی کۆچ و کۆچبەرانی نەینەوا گەڕانەوەی 70,000 خێزانی تۆمارکردووە لە کەمپی ئاوارەکانەوە لە کەنارەکانی موسڵەوە بۆ ماڵەکانیان لە سهرانسهری پارێزگاکەدا.
بەڕێوبەری بەشی میدیا و پەیوەندییە جەماوەرییەکان، بەسمان ئەکرەم ئەحمەد وتی هەرچەندە بەدڵنیاییەوە چەند ئاستەنگێك هەن، قەیرانی ئاوارەیی لە نەینەوا "هێندهی رابردوو خراپ نیە".
بە دیارونای وت بهڕێوبهرێتیهكه "رۆژانە لەنێوان 300 بۆ 500 داوای پێدەگات لەو ئاوارانەوە کە دەیانەوێت کەمپەکان جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان".
ئەحمەد وتی: "لەئێستادا 20,000 فۆرمی تەواوکراومان هەیە لەو ئاوارانەی کە لە لیستی چاوەڕوانیدان تا وەك گەڕاوە پۆلێن بکرێن."
وتی بهڕێوبهرێتیهكه سەرپەرشتیی 14 کەمپ دەکات، كه زۆربەیان کەوتوونەتە باشوری موسڵ: شەش کەمپی جەدعە، لەگەڵ مودەریج، حاج عەلی، نەمرود، سنجار، دوو کەمپی حەمام عەلیل و دوو کەمپی سەلامیە.
وتیشی: "لە سەرەتای 2016وە، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاوارەکان کەمپەکانیان جێهێشتووە." ئاماژەیکرد بەوەش كه تەنیا 33,000 خێزان -- نزیکەی 155,000 کەس -- ماونەتەوە.
ههروهها وتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پشتیوانیی دارایی و خزمەتگوزاریی دیکەی دابینکردووە بۆ زۆرێك لەو خێزانانەی بڕیاری گەڕانەوەیان داوە.
وتی باربوو بە بڕی 1.5 ملیۆن دینار (1,250 دۆلار) دراوەتەوە 12,000 خێزانی گەڕاوە، کە 6,400یان خەڵکی نەینەوا بوون.
وتیشی جیا لەم بڕە باربووە، "وەزارەت بەرنامەیەکی پشتیوانیی هەیە بۆ گەڕاوەکان لەشێوەی یارمەتیداندا بۆ چاکسازیی پیشەیی و کار و دامەزراندنی كاسبیی بچوك".
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەدین عەبار بە دیارونای وت چەند ئاماژەیەك هەن بەوەی قەیرانی ئاوارەیی لە نەینەوا "بەرەو چارەسەركردن دەڕوات، بەهۆی باشبوونی رێژەیی خزمەتگوزارییە گشتیەکانەوە".
عەبار وتی ئەنجومەنەکەی کاردەکات بۆ هێنانەوەی دانیشتوانی نەینەوا بۆ ماڵەکانیان بە زیادکردنی هەوڵەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریهكانی وەك ئاو و کارەبا و چاککردنەوەی ژێرخانی وەك رێگا و پردەکان.
خێزانەکان لە هەولێرەوە دەگەڕێنەوە
بەرپرسی پەیوەندییەکان لە نوسینگەی وەزارەتهكه لە هەرێمی کوردستان، بوراق عەوف عەبدولڕەحمان وتی دانیشتوانی ئاوارەی نەینەوا لە شوێنی دوورتریشەوە دەگەڕێنەوە، بەجۆرێك نزیکەی 8,500 کەس لە هەولێرەوە لە چەند ساڵی رابردوودا گەڕاونەتەوە.
بە دیارونای وت شەش کەمپ لە هەولێر -- دوو کەمپی حەسەن شام، خازهر، دیبەگە، بەحرکە و ئەرشام -- هەزاران ئاوارەی موسڵ و شارەکانی دیکەی نەینەوایان لەخۆگرتووە.
وتی نوسینگەکەی هەفتانە 30 بۆ 50 خێزان تۆماردەکات کە دەگەڕێنەوە و ئهمهش ئاماژەیەکی ئەرێنیە، "هەرچەندە هەندێك خێزان رەنگە گەڕابێتنەوە بۆ کەمپەکان لە ئەنجامی خراپیی خزمەتگوزاریی گشتی و دەگمەنیی دەرفەتی کاردا".
عەبدولڕەحمان وتی وەزارەت هەوڵی بەرچاو دەدات بۆ هاندانی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان و وتیشی کە "ئهگهر له حاڵهتێكدا ئاوارەیەك سەرکەوتوو نەبوو لە گەڕانەوەیدا، کەمپەکانمان پێشوازی له گهڕانهوهیان دهكهن".