هه‌واڵه‌كانی عێراق
میدیا

ئامێره‌ میدیاییه‌كه‌ی داعش بێدەنگە دوای پوکانەوەی گروپەکە

خالید تائی

سوپای عێراق چەند ئامێرێکی ئەلیکترۆنی نیشاندەدات کە لە تونێلێکی شارۆچکەی تەلەعفەری پارێزگای نەینەوادا دۆزرابوونەوە لە 11 تەمموز. ئامێرەکان هی وێستگەی رادیۆی ئەعماقی داعش بوون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سوپای عێراق چەند ئامێرێکی ئەلیکترۆنی نیشاندەدات کە لە تونێلێکی شارۆچکەی تەلەعفەری پارێزگای نەینەوادا دۆزرابوونەوە لە 11 تەمموز. ئامێرەکان هی وێستگەی رادیۆی ئەعماقی داعش بوون. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

شارەزایانی عێراق کە چاودێریی دەزگاکانی پروپاگەندەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەن بە دیارونا دەڵێن ئاماده‌یی میدیایی گروپەکە بەرە بەرە لە کەمبوونەوەدایە.

دەڵێن ئەمەش بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئه‌و ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و هەواڵگرییانه‌ی توانای تەکنیکیی گروپەکەیان کەمکردۆتەوە، وەك ئۆپەراسیۆنێك له‌ 10 تەمموز کە تێیدا دەزگاکانی هەواڵگریی عێراق دەستیانگرت بەسەر 142 سێرڤەری کۆمپیوتەری داعشدا.

بەگوێره‌ی دەزگا هەواڵگرییەکان، داعش ئەو سێرڤەرانەی بەکاردەهێنا بۆ پەخشکردنی هەواڵی کردەوە تیرۆریستییەکانی و ترساندنی دانیشتووانە مەدەنییەکە، بۆ "رووماڵكردنی میدیایی مەیدانی"ی کردەوەکانی لە موسڵ و تەلەعفەر و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا.

وەزارەتی بەرگری عێراق رایگه‌یاند كه‌ یەکەیەکی سوپا دەستیگرتبوو بەسەر کۆمەڵێك ئامێری پەخشدا لە گەڕەکی قەلعە له‌ تەلەعفەر و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەلایەن وێستگەی ئەعماقی داعشەوە بەکارهێنرابوون.

ئەفسەرێکی هەواڵگریی عێراق بارەگای میدیای داعش دەپشکنێت لە موسڵ له‌ 14 کانونی یەکەمی 2016. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی عێراق]

ئەفسەرێکی هەواڵگریی عێراق بارەگای میدیای داعش دەپشکنێت لە موسڵ له‌ 14 کانونی یەکەمی 2016. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی هەواڵگریی عێراق]

چالاکییە میدیاییەکانی داعش لە کەمبوونەوەدان چونکە گروپەکە خۆی رووخاوە، شارەزایه‌كی بواری ستراتیژی، ئەحمەد شەریفی بە دیارونای وت.

وتی هیچ ناوچەیەك لەژێر کۆنترۆڵیدا نەماوە و رێگەشی نەماوە بۆ گەیشتن بە داهات و سەرچاوەکانی پێشتر هەیبوون.

وتیشی کەمبوونەوەی چالاکییە میدیاییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ زیادکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی عێراق کە بنکەکانی پەیوەندیی داعشیان کردۆته‌ ئامانج، ئەو شوێنانەی ئامێرەکانی پەیوەندی و گواستنەوەی دیجیتاڵییان تێدا هەڵگیرابوون.

شەریفی وتی: "داماڵینی داعش له‌و سیستەم و توانا تەکنیکیانە نیشانەی پێکانی ئامانجێكی گەورەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم قۆناغەدا."

وتی کەمبوونەوەی توانای گروپەکە بۆ پەخشکردنی پەیامەکانی، بەندە بە کەمبوونەوەی توانای رەوانبێژی (رێتۆریك)ه‌كه‌ی کە ئامانجی دانانی کاریگەری بوو لەسەر رای گشتی عێراقی، چی له‌ڕێی هه‌ڕه‌شه‌كردنه‌وه‌ یان مێشكشتنه‌وه‌وه‌.

وتیشی: "مەدەنییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لەو قۆناغەدا ژیان کە داعش کۆنترۆڵی چەند ناوچەیەکی کردبوو، ئێستا دەزانن ئایدۆلۆژیای گروپەکە چەندە دوورە لە نرخە ئایینی و مرۆییەکانەوە."

'ئامێری میدیاکەی لە فه‌وتاندایه‌'

مامۆستای پەیوەندیگرتنه‌ جه‌ماوه‌ریییه‌كان لە زانکۆی فارابی، کازم میقدادی وتی چالاکییەکانی پەخشی داعش زۆر کەمبوونەتەوە لەم چەند ساڵەی دواییدا.

بە دیارونای وت فشاری توندی ئەمنی گروپەکەی بێبه‌شكردووه‌ له‌ زۆربەی پلاتفۆرمە میدیاییەکانی و تەکنەلۆژیا و وێنەگرەکانی و تەکنیکارانی دەنگ و پروپاگەندەچییەکانی جگه‌ له‌ ستافەکانی دیکەی گروپەکە.

وتی لەگەڵ ئەوەشدا چەندهەوڵێکی دیاریکراو دراون بۆ دانانی بەربەست بۆ وەستاندنی چەکدارانی داعش و هەوادارەکانیان لە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای گروپەکە و پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت "بەتایبەتی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".

میقدادی وتی: "ئامێری میدیایی داعش لە فه‌وتاندایه‌." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ گروپەکە "متمانەی له‌ده‌ستداوه‌ و چیدی کەس لێی ناترسێت".

وتی: "بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە زۆربەی مەدەنییەکان لە ناوچە رزگارکراوەکان بەبێ ترس بۆ میدیاکان دەدوێن لەسەر ئەو تراژیدیانەی ئەزموونیانکردووە لەکاتی دەسەڵاتی داعشدا."

پەیامی دژە تیرۆریزم پێویستە

مامۆستای رێکلام لە کۆلێژی میدیا لە زانکۆی بەغدا، عەبدول سەلام سەمیر، جەختیکردەوە لە گرنگیی بەئامانجگرتنی ئامێره‌ میدیاییه‌كه‌ی داعش و ئەو تەکنەلۆژیایەی بەکاریدەهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادرووست بۆ شەڕی دەروونی.

وتی: "پێویستمان بەوەیە بەردەوام توانا تەکنەلۆژییەکانی لەناوبەرین لەگەڵ ئه‌و شانانه‌ی بەرپرسن لە دروستکردنی بابەتە میدیاییەکان. دەبێت رێگەی لە گەیشتنی بە دنیای دیجیتاڵ بگرین و پلاتفۆرمەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەڵوەشێنینەوە."

وتی وەلانانی ئەو توانایانەی تەنیا کارێك نییە کە دەبێت ئەنجامبدرێت و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ پەیامی چالاکیی بەردەوام دژ بە تیرۆریزم پێویستە لە میدیا سه‌ره‌كییه‌كاندا.

وتیشۆ: "دەمێكە ئەو رۆژانە بەسەرچوون کە رای گشتی هاوسۆزبوو لەگەڵ پەیامەکانی داعش بڵاویدەکردنەوە، دوای ئەوەی درۆ و فێڵەکانی ئاشکرابوون. بەڵام ئەمە مانای ئەوەیە پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ پتەوکردنی توڕەیی رای گشتی دژ بە تیرۆریستەکان و بەردەوام تاوانە قێزەونەکانیان بیربێنینەوە."

سەمیر وتی: "دەبێت ئایدۆلۆژیا لادەرەکەیان بکەینە ئامانج لەڕێی بەرنامەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و فیلمی بەڵگەیی لە بەرنامەکانی تەلەفزیۆندا بۆئەوەی کاریگەریی پێچەوانەی بۆچوونەکانیان بڵاوببێتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500