http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/08/08/feature-01?di_exp_001=true

×
×

ئاساییش |

بێتاوانیی فه‌لاحی ده‌نگۆكانی ئێران بێده‌نگده‌كات

فارس عومران

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە

فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نبار، لیوا مه‌حمود فه‌لاحی، كه‌ لێره‌دا ده‌بینرێت له‌ 7 حوزه‌یرانی 2018، به‌ بێتاوان لەقەڵەمدرا له‌لایه‌ن سه‌ره‌كوه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌ ناڕه‌وا به‌ خیانه‌ت تۆمەتبارکرابوو. [خاوه‌نی وێنه‌: فه‌رمانده‌یی فیرقه‌ی پیاده‌ی 1]

لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ی پێشووی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نبار، لیوا مه‌حمود فه‌لاحی، دوابه‌دوای هه‌ڵمه‌تێكی ناوزڕاندن كه‌ تێیدا میدیاكانی نزیك له‌ ئێران تۆمه‌تباریان كرد به‌ خیانه‌ت، كۆتایی هات به‌ راگه‌یاندنی به‌ بێتاوان له‌لایه‌ن سه‌ره‌كوه‌زیرانی عێراقه‌وه‌.

دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی تۆمەتەکان دژی فه‌لاحی له‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كانی نزیك به‌ ئێران، له‌نێویاندا تۆڕی میدیای بەرەنگاری و ته‌له‌فزیۆنی ئیتیجاه، كه‌ میدیایه‌كی كه‌تائیب حیزبوڵایه‌، وه‌زاره‌تی به‌رگری بانگهێشتی كرد بۆ به‌غدا.

چەند لیژنەیەکی لێپرسینه‌وه‌ دامه‌زرێنران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌كان دژی فه‌لاحی.

ئه‌ندامانی میلیشیایه‌كی هه‌واداری ئێران، كه‌تائیب حیزبوڵا، له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌بینرێن كه‌ له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بڵاوبووه‌وه‌ له‌ 20 حوزه‌یرانی 2018.

لێکۆڵینەوەکە بەشێوەیەکی فەرمی کۆتایی هات بە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی کە 22 تەمموز لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکرایەوە و تێیدا سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند کە تۆمەتەکان دژی فەلاحی دەرکەوت هیچ باوەڕپێکراو نین.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار کەریم کەربولی وتی: "بەخۆشی و قایلبوونێکی زۆرەوە پێشوازیمان لە راگەیاندنەکە کرد." وتیشی کە "تۆمەتەکان لەکەیەك بوون بۆ ناوبانگی سوپا و فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ی".

بە دیارونای وت: "راگەیاندنی بێتاوانی، ناوبانگ و پێگەی سوپای عێراق دەپارێزێت وەك دەزگایەکی رەگداکوتاو کە بۆتە دیواری بەرگری لە نیشتیمان."

ئاماژەیکرد بەوەی لێکۆڵینەوەکە لەلایەن چەند تیمێکی تایبەتمەندەوە سەرپەرشتی دەکرا لە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە "دادپەروەرانە و دادوەرانە" لەقەڵەمیدا.

کەربولی وتی سەرەڕای بێتاوان دەرچوونی، فەلاحی رۆڵێکی دیکەی پێدراوە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، وتیشی کە بەهیوا بووە حکومەت بەو بڕیارەدا بچێتەوە.

پشتیوانی لەلایەن بەرپرسانی ئەنبارەوە

لەکاتێکدا کەربولی و بەرپرسانی دیکەی ئەنبار بە دیارونایان وت کە دڵخۆشن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، راگەیاندنەکە بووە هۆی تووڕەکردنیمیلیشیاکانی سەر بە ئێران.

لە بەیاننامەیەکدا، کەتائیب حیزبوڵا هەڕەشەی کرد کە "رێنادات شتەکان وا بە ئاسانی تێپه‌ڕن" و سەرکردە سیاسییە عێراقیەکانی نزیك بە ئێران چەند هەڵوێستێکی لەوشێوەیه‌یان راگەیاند، هەرچەندە بەرپرسان لە بایەخی ئەم هەڕەشانەیان کەمکردەوە و وەك قسەی پوچ له‌قه‌ڵه‌میان دان.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار فەرحان محەمەد دولەیمی بە دیارونای وت: "پشتیوانی لە ئاکامی [لێکۆڵینەوەی] کەیسی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار دەکەین."

وتی: "فەلاحی فەرماندەیەکی پیشەوەرە و تۆمارێکی درێژی لە خزمەت هەیە بە وڵات، لە شەڕی چەکدارانی تیرۆریستدا و شکستهێنان پێیان لە پارێزگاکە."

وتیشی بڕیاری بێتاوانیی فه‌لاحی دوای "لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە هات کە سەلماندی تۆمەتەکان له‌دژی ساختەن".

دولەیمی ئاماژەیکرد بەوەی سەرەکوەزیران سەرۆکی هێزە چەکدارەکانە و باش ئاگادارە له‌ کاریگەریی نەرێنیی تۆمەتی لەوشێوەیە لەسەر پێگەی جەماوەریی سوپا و ورەی سەربازەکان.

تۆمەتەکان دژی فەلاحی "بەهۆی پێگەیەوە بووە دژی گەورەبوونی میلیشیاکان، بەتایبەتی کەتائیب حیزبوڵا، لە ئەنبار و هەوڵەکانیان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر شارەکانی پارێزگاکەدا".

وتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە ئابورییەکانی ئەنباریان داوە، وەك لە پارێزگا رزگارکراوه‌كانی دیکە لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئەمەیان ئەنجامداوە.

دولەیمی وتی ئەم میلیشیانە هەوڵیانداوە "بە هەموو جۆرێك بیشکێنن، ئەمجارەیان بە تۆمەتبارکردنی بەوەی زانیاری دەداتە لایەنە دەرەکییەکان".

میلیشیاکان خزمەت بە بەرژەوەندیی ئێران دەکەن

پسپۆڕی سەربازی، رەبیع جەواری وتی بێتاوانیی فەلاحی "زلەیەکە لە رووی ئەم میلیشیانە، کە کاردەکەن بۆ پەراوێزخستنی رۆڵی سوپا" و زیادکردنی نفوزی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران).

بە دیارونای وت: "میلیشیاکان ویستیان لەڕێی ئەم تۆمەتانەوە چەند ئامانجێك بپێکن."

وتی بەهیوابوون کۆنترۆڵی خۆیان به‌سه‌ر وڵاتدا درێژەپێبدەن و سەرچاوەکانی تاڵان بکەن و دەزگای سوپا لاواز بکەن بە گومان دروستکردن لە دڵسۆزیی فەرماندەیەکی عێراقی بۆ وڵاتەکەی.

وتیشی ئەوە روونە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەوڵی کەمبایەخکردنی متمانەی خەڵکی عێراق دەدەن بە سوپا بە هەوڵدان بۆ لێدان لە ناوبانگی.

وتی: "بەڵام راستی ئەوەیە کە تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندی خۆیان و ئێران دەکەن" وەك دەردەکەوێت لە رەتکردنەوەی پابەندبوونیان بە بڕیارەکانی حکومەت بۆ وەستاندنی چالاکیە نایاساییەکانیان.

جەواری وتی: "حکومەت سوورە لەسەر نەکشانەوە لە بڕیارەکانی و هەنگاوەکانی بە ئامانجی بەرگرتن بەو چالاکیانە."

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
169
31

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha