http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/08/07/feature-03?di_exp_001=true

×
×

تێرۆریزم |

توندڕه‌وانی ئیدلیب و حه‌ما له‌لایه‌ن چه‌ند بكوژێكه‌وه‌ كرانه‌ ئامانج

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە

فه‌رمانده‌یه‌كی حوراس دین، ئه‌بو وه‌لید تونسی له‌و ئۆتۆمبیله‌دا بوو كه‌ له‌ ناوچه‌ی ئیدلیبی گوندنشین ته‌قێنرایه‌وه‌. ناوبراو له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌دا كوژرا. [وێنه‌كه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌]

چالاكوانێكی ناوخۆ وتی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی پارێزگا گوندنشینه‌كانی ئیدلیب و حه‌ما پێگه‌كانیان پته‌وده‌كه‌ن به‌ ئامانجی پاراستنی خۆیان دوای ئه‌و زنجیره‌ هێرشانه‌ی چه‌كدار و فه‌رمانده‌ بیانییه‌كانیان تێیاندا كرانه‌ ئامانج.

حوراس دینی سه‌ر به‌ قاعیده‌و ئه‌نسار ته‌وحید، كه‌ هه‌ردوو گروپه‌كه‌ له‌ حه‌ما و ئیدلیبی گوندنشیندا ئاماده‌ییان هه‌یه‌، بنكه‌ و پێگه‌كانیان پته‌وتر كردووه‌ دوای تیرۆركردنه‌كانی ئه‌مدواییه‌، چالاكوانێكی ئیدلیب، هه‌یسه‌م ئیدلیبی به‌ دیارونای وت.

ناوبراو وتی تیرۆركردنه‌كان كه‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كانی هه‌ردوو گروپه‌كه‌یان كردۆته‌ ئامانج، له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازی ئیدلیب و حه‌ما ئه‌نجامدراون و له‌ ئه‌نجامدا 10 چه‌كداریان تێدا كوژراوه‌.

دوو چه‌كداری حوراس دین له‌ شه‌ڕێكی ئه‌مدواییه‌دا ده‌بینرێن له‌ پارێزگای گوندنشینی حه‌ما. [وێنه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌]

چه‌كدارێكی حوراس دینی سه‌ر به‌ قاعیده‌ له‌ پارێزگای گوندنشینی ئیدلیب ده‌بینرێت. [وێنه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌]

ئیدلیبی وتی فه‌رمانده‌یه‌كی حوراس دین كه‌ به‌ ئه‌بو وه‌لید تونسی ناسراوه‌ له‌كاتێكدا تیرۆركرا كه‌ ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی گه‌شتی پێده‌كرد له‌ شارۆچكه‌ی ته‌فته‌ناز له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئیدلیب ته‌قێنرایه‌وه‌.

تونسی دووچاری سوتاوی بوو، له‌ڕێگای چووندا بۆ بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستیی ناوچه‌كه‌ مرد.

ئیدلیبی وتی ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن ته‌حریر شامه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانییه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ هیچ به‌یاننامه‌ یان وته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی رووداوه‌كه‌ بڵاونه‌كرده‌وه‌.

ناكۆكییه‌ نێوخۆییه‌كان

زیاتر له‌ 10 چه‌كداری بیانی (كه‌ خه‌ڵكی چین و به‌لجیكان) به‌ جیا له‌ دوو شوێن كوژران؛ شوێنێكیان ده‌كه‌وێته‌ نزیك شارۆچكه‌ی خیربه‌ت ناقوس له‌ باكوری ناوچه‌ی گوندنشینی حه‌ما، شوێنه‌كه‌ی تریش ده‌كه‌وێته‌ نزیكی شارۆچكه‌ی موشه‌یرفه‌ له‌ باشوری ناوچه‌ی گوندنشینی ئیدلیب.

ئیدلیبی وتی: "هێرشبه‌ره‌كان چوونه‌ته‌ ناو ئه‌و ناوچانه‌وه‌ و چه‌كدارانی حوراس دین و ئه‌نسار ته‌وحیدیان كردۆته‌ ئامانج و دواتر هه‌ڵهاتوون بێئه‌وه‌ی ده‌ستگیربكرێن."

ناوبراو وتیشی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و دوو شوێنه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ته‌حریر شامدان، كه‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌بوو، به‌یاننامه‌شی بڵاونه‌كرده‌وه‌، جگه‌ له‌ جێگیركردنی ژماره‌یه‌كی زیاتری چه‌كداره‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌ و پته‌وكردنی پێگه‌كانی خۆی.

ئیدلیبی ئاماژه‌ی به‌ ناكۆكییه‌ نێوخۆییه‌كانی حوراس دین كرد كه‌ له‌نێوان چه‌كداره‌ بیانییه‌كان و فه‌رمانده‌ عه‌ره‌به‌كاندا له‌ئارادایه و گه‌یشتوونه‌ته‌ راده‌یه‌ك كه‌ چه‌ندین سكاڵانامه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.

ناوبراو وتی چه‌كدارانی حوراس دین ئه‌میری گروپه‌كه‌، ئه‌بو حومام شامی، تۆمه‌تبارده‌كه‌ن به‌ گه‌نده‌ڵی و راشیانگه‌یاند كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خراپ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی گروپه‌كه‌ كردووه‌.

حوراس دین له‌ 2018 دامه‌زرا و پێكدێت له‌و چه‌كدارانه‌ی لایه‌نگری ئایدیۆلۆژیای قاعیده‌ ده‌كه‌ن و ره‌تیانكردۆته‌وه‌ بچنه‌ نێو ریزه‌كانی ته‌حریر شامه‌وه‌.

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
5
1

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha