هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

جەنجاڵی نێو زیندانەکانی عێراق ترسی توندڕەوبوون دێنێته‌ ئاراوه‌

خالید تائی

بەرپرسانی عێراق سەردانی زیندانی ناوەندیی ناسریە دەکەن لە 1 نیسان بۆ پشکنینی دۆخی زیندانەکە. [خاوەنی وێنە: کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق]

بەرپرسانی عێراق سەردانی زیندانی ناوەندیی ناسریە دەکەن لە 1 نیسان بۆ پشکنینی دۆخی زیندانەکە. [خاوەنی وێنە: کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق]

ئەو زیندانانەی عێراق کە گومانلێکراوانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان تێدایە زۆر جەنجاڵ بوون و مەترسیی ئەوەیان لێدەکرێت ببنە شوێنی گەرادانان بۆ ئایدۆلۆژیای توندڕەوی، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

لە حوزەیراندا، حکومەت بڕیاریدا لەسەر پلانێك بۆ فراوانکردنی زیندانەکان، بەڵام زۆربەی زیندان و دەستگیرگەکان کێشەی خراپیی بەڕێوەبردن و جه‌نجاڵبوونیان هەیە به‌ زیندانیان، کە زۆرێکیان لەسەر تیرۆریزم یان تاوان دەستگیرکراون.

پەرلەمانتارێكی عێراقی، قوسەی عەباس، كه‌ سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤه‌ لە پەرلەمان، وتی بەگوێرەی هەندێك خەمڵاندن، عێراق "20,000 دەستبەسەرکراوی هەیە بە گومانی بوونی پەیوەندی بە داعشەوە".

بە دیارونای وت: "ترسی زۆرمان هەیە لەوەی تیرۆریستان هزری توندڕەوییان لەنێو زیندانەکاندا بڵاوبکەنەوە" و هۆشداریی دا لەوەی زیندانەکان دەبنە "خاکێکی بەپیت کە یارمەتی گۆڕینی ئەم زیندانانە دەدات بۆ شوێنگەی دروستکردنی تیرۆریستان".

عەباس وتی تێکەڵبوونی ئەندامانی گومانلێکراوی داعش لەگەڵ زیندانیانی دیکە لە شوێنی جەنجاڵدا مەترسیدارە و دەکرێت "ئاکامی نەخوازراوی" هەبێت.

وتی ئەو زیندانیانەی مێشکیان شۆراوەتەوە بە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی کە گروپی وەك داعش بڵاویانکردۆتەوە رەنگە "سوود لەم ژینگانە ببینن بۆ برەودان بە بیرۆکەکانیان و کاریگەرییان لەسەر زیندانیانی دیکە هەبێت".

وتیشی: "ئێمە زۆر سەردانی زیندانە ناوەندییەکان و ناوەندە کاتییەکانی دەستبەسەرکردن دەکەین و ئەوەی تووشی شۆکمان دەکات ژمارەی زۆری زیندانیان و دەستبەسەرکراوانە."

هه‌روه‌ها وتی هەندێکیان چەندین ساڵە لە زینداندان و چاوەڕێی دادگایی دەکەن، ئاماژەیکرد بەوەی "بەگوێرەی دەستوور و یاسا، پەسەندنەکراوە خەڵك بەبێ دادگایی دەستبەسەربکرێن".

وتی بگه‌ لەوەی دەبێت دڵنیایی بدرێت لەوەی پرۆسەی دادوەری لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، حکومەت دەبێت هەوڵەکانی خێراتربکات بۆ بنیاتنان یان فراوانکردنی زیندانەکان و جیاکردنەوەی زیندانیان بەگوێرەی تاوانەکانیان.

شوێنی گەرادانانی توندڕەوان

ئەنەس عەزاوی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی عێراق هۆشداریی دا لەوەی دۆخی زیندانەکانی عێراق "دەیانکات بە خاکێکی بەپیت بۆ توندڕەوی لەجیاتی ئەوەی دەزگای چاکسازی و راستکردنەوە بن".

بە دیارونای وت: "بەپێی خشتەیەکی ئاسایی سەردانی زیندانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن دەکەین لە تەواوی وڵاتدا و لە راپۆرتەکانماندا باسمان لە چەندین پێشێلکاری کردووە لە دۆخی ئەو شوێنانە."

وتی کاردانەوەی کاربەدەستان هێواشە و چارەسەریان بەپێی پێویست نەبووە، هەرچەندە "هاریکاری دەبینین لە کارگێڕانی زیندانەوە بۆ کارئاسانیی کارەکانی تیمەکانی چاودێریمان و ئەمەش هەنگاوێكە بەرەو پێشەوە".

عەزاوی وتی جەنجاڵیی زۆری نێو زیندانەکان و تێکەڵکردنی کەسانی نێو زیندان کە وادەکات "تیرۆریستی بەئەزموون" بخرێنە هەمان ژووری زیندانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئەوانەی گومانلێکراون به‌ تاوان، جێی نیگەرانییە.

وتیشی حکومەت دەبێت بەخێرایی چەند چاکسازییەك بکات کە سەرەتا ژمارەی زیندانیان لە هه‌ر دەزگایەكدا کەمبکاتەوە لەڕێگەی یەکلاییکردنەوەی کەیسی ئەوانەی دەستبەسەرن و چاوەڕێی لێکۆڵینەوە یان دادگان.

وتی دەبێت زیندانی نوێش بکرێنەوە کە پەیڕەوی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ بکەن.

عەزاوی پێشنیازی تەرکیزخستنە سەر بەرنامەی چاکسازی دەروونی و رەفتاریشی کرد بۆ زیندانیان لەگەڵ پرۆژەی هۆشیاریی ئایینی و کلتوری کە "باس لە مەترسییەکانی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی بکەن".

نەینەوا بەدەست کەمیی زیندانەوە دەناڵێنێت

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا غەزوان داودی بە دیارونای وت کورتهێنانێکی سەختی شوێنی دەستبەسەرکردن هەیە لە پارێزگای نەینەوا.

داودی وتی: "لەئێستادا سێ ناوەندی دەستبەسەرکردنی کاتییمان هەیە لە موسڵ و تەل کێف کە جەنجاڵن بە زیندانیان و دەستبەسەرکراوان بەجۆرێك ئەو هۆڵانەی تەرخانکراون بۆ چالاکی چاکسازی پڕكراون له‌ دەستبەسەرکراوان."

وتیشی: "راپۆرتەکانمان باس لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی جەنجاڵی و باشترکردنی خزمەتگوزاریی دابینکراو بۆ زیندانیان دەکەن." داوایکرد لە حکومەت کە گواستنەوەی ئەو زیندانیانەی حوکمدراون خێرا بکات بۆ نێو زیندانە فیدراڵییەکان.

هه‌روه‌ها وتی 2,000 زیندانی هەیە حوکمدراون بە تاوانی تیرۆر و چەند سزایەکی جیاوازیان بەسەردا سەپێنراوە و وتیشی کە "هیچ پێویست بەوە ناکات لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی پارێزگاکە بمێننەوە".

وتی ئەم دەستبەسەرکراوانە دەبێت ماوەی سزاکانیان لەنێو زیندانە فیدراڵییەکاندا بەسەر ببەن کە لە تەواوی وڵاتدا هەن.

ئاماژەی کرد بەوەش كه‌ بە مانەوەیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا، دەتوانن تێکەڵ بن لەگەڵ ئەو زیندانیانەی دیکە کە چاوەڕێی دادگایین بەهۆی تاوانی بچوکترەوە و ئەگەری ئەوە هەیە مێشکی ئەوانیدی بشۆرنەوە بە ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکەیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

حكومه‌ته‌كه‌، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرێت، ده‌بێت ئه‌و پیاوه‌ گه‌نجانه‌ له‌به‌رچاوبگرێت كه‌ فریودرابوون بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌ ریزه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش)ه‌وه‌، كه‌ ده‌ستیان سوور نه‌بووه‌ به‌ خوێنی عێراقییه‌كان و هیچ تاوانێكیان ئه‌نجام نه‌داوه‌. ئه‌وانه‌ ده‌كرێت ئازادبكرێن به‌گوێره‌ی به‌ڵێننامه‌یه‌ك و كه‌فیلێك تا بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێو ژیانی ئاساییان، دوور له‌ تووندڕه‌ویی رۆشنبیری و ئایینی. هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌دواداچوون بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ تۆمه‌تباركراوه‌كاندا و هه‌نگاوه‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ و ئه‌وه‌ی ئاخۆ له‌ژێر گوشاردا ئه‌نجامدراون و ئاخۆ ده‌شێت ددانپێدانانه‌كان دروستكراو بن. هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌دواداچوون بكات بۆ زیندانه‌كان و بارودۆخی نێو زیندانه‌كان.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌