هه‌واڵه‌كانی عێراق
وزە

ئێران هەوڵی درێژکردنەوەی شەڕی سوریا دەدات بۆ بەرژەوەندیی خۆی

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

بەندەری بانیاس له‌ سوریا، کە له‌وێ کاروانەکانی نەوتی ئێران پێشوازییان لێده‌كرێت و ئامادەیان دەکەن بۆ دابەشکردنەوەی بەسەر بازاڕەکانی سوریادا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

بەندەری بانیاس له‌ سوریا، کە له‌وێ کاروانەکانی نەوتی ئێران پێشوازییان لێده‌كرێت و ئامادەیان دەکەن بۆ دابەشکردنەوەی بەسەر بازاڕەکانی سوریادا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

لەڕێی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ (پاسداران) و میلیشیاکانی سەر بەوەوە، ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی ئەوپەڕی قازانجی ئابوری دەدات بە چنینه‌وه‌ی بەرهەمی هەشت ساڵ شەڕ لە سوریا.

پسپۆڕان دەڵێن بەردەوامیدان بە شەڕ لە قازانجی ئێرانە و ئاماژە دەکەن بەوەی هاوردەی شمەکی ناوخۆیی و بییانیی بۆ نێو سوریا راگرتووە بۆ ناردنی کاروانی شمەکەکانی خۆی، بەمەبەستی سەرەکیی قۆستنەوەی بازاڕی سوریا.

توێژەری کاروباری ئێران لە ناوەندی شەرق بۆ توێژینەوە ناوچەیی و ستراتیژییەکان، فەتحی سەید وتی هەرچەندە پاسداران ئامادەیی خۆی لە سوریا سەپاندووە، بەشێوەیەکی دیار خۆی لە کێڵگە نەوتییەکان بەدوورگرتووە.

بە دیارونای وت پاسداران و میلیشیاکانی هه‌واداری پشتیوانیی هێزەکانی رژێمی سوریایان نەکردووە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و بۆرییەکانی دابینکردنی نەوت، لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ هێشتنەوەی کۆنترۆڵی خۆیان له‌سەر دابینکردنی نەوت.

سورییەکان لە دیمەشق پاڵدەنێن بە ئۆتۆمبیلەکانیانەوە بۆ وەرگرتنی بەنزین کە بۆتە کاڵایەکی دانسقە لە بازاڕەکاندا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

سورییەکان لە دیمەشق پاڵدەنێن بە ئۆتۆمبیلەکانیانەوە بۆ وەرگرتنی بەنزین کە بۆتە کاڵایەکی دانسقە لە بازاڕەکاندا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

کوشکێکی ئێرانی لە پێشانگایەکی ئابوریدا له‌ دیمەشق. ئێرانیەکان هەوڵی بە قوڵی چوونە نێو سوریاوه‌ دەدەن لەڕێی کۆمپانیاکانی سەر بە پاسدارانەوە. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

کوشکێکی ئێرانی لە پێشانگایەکی ئابوریدا له‌ دیمەشق. ئێرانیەکان هەوڵی بە قوڵی چوونە نێو سوریاوه‌ دەدەن لەڕێی کۆمپانیاکانی سەر بە پاسدارانەوە. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

وتی بەگوێرەی راپۆرته‌ جیاوازه‌كان، ئێران بڕێکی زۆر نەوتی خاوی بۆ سوریا ناردووە و بەردەوامیشە لە ناردنی.

وتی نەوتەکە لەڕێگەی کەشتیی ئێرانییەوە دەگاته‌ بەندەری بانیاس، لەوێ دەپاڵێورێت و دابەشدەکرێتەوە لەنێو سوریادا بەڕێژەی مامناوەندیی 60,000 بەرمیل لە رۆژێكدا، بەگوێرەی خەمڵاندنی شیکاروانە جیهانییە باڵاکان.

وتی: "ئەوەی وا ده‌رده‌كه‌وێت کۆمەکە، له‌ڕاستیدا ئامرازێکی بەهێزی دەستی پاسدارانە لە سوریا، چونکە نەوت ناگاتە سوریا تا راستەوخۆ پارەکەی نەدرێت لەڕێگەی هێڵێکی بانکییەوە کە لەنێوان دوو وڵاتەکەدا دامەزراوە."

وتیشی ئەم چالاکییانە تەحەداکردنی ئاشکرای سزا سەپێنراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکایە بەسەر رژێمی سوریادا و یارمەتیی دەدات لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و شەڕەکە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژبکاتەوە، بە ئاکامی نەخوازراوەوە.

پاسداران 'پێویستی بە کاتە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆی'

بەگوێرەی توێژەر شیار تورکۆ کە تایبەتمەندە لە میلیشیاکانی سەر بە پاسداراندا، پاسداران هەوڵی قۆستنەوەی کات دەدات بۆ بەهێزکردنی بوونی خۆی لە سوریا لەڕێی بەهێزکردنی هه‌ژمونی ئایدۆلۆژیی خۆی و دامەزراندنی گروپی سەر بە خۆیه‌وه‌ لە چەندین ناوچە.

وتی هەوڵی قۆستنەوەی کاتیش دەدات "بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکانی پارێزگای دێرەزووردا نزیك بە سنووری عێراق، وەك مەیادین و ئەلبوکەمال".

ئەمە پێویستە بۆ پاراستنی ئەو میلیشیا بییانیانەی لە ناوچەکە جێگیری کردوون، لەنێویاندا میلیشیاکانی زەینەبیون و فاتمیون، کە پێکهاتوون لە چەکداری ئەفغانی و پاکستانی، حەرەکه‌ت نوجەبای عێراقی و حیزبوڵای لوبنانی.

وتی دەروازەی سنووریی نێوان عێراق و سوریا شوێنی گەیشتنی پشتیوانییە بۆ ئەم میلیشیانە.

تورکۆ وتی ئەگەری ئەوە هەیە پاسداران دەروازەی سنووریی ئەلبوکەمال بەکاربهێنێت بۆ بەقاچاخبردنی نەوت بۆ عێراق، یان به‌نیازبێت هێڵی شەمەندەفەری پێشنیازکراوی ئێران-سوریابه‌كاربهێنێت بۆ دابینکردنی نەوتی خاو بۆ رژێمی سوریا.

ئابوریناس و پرۆفیسۆری زانکۆی عەین شەمس، شاهیر عەبدوڵا وتی بەگوێرەی خەمڵاندنەکان لە ئێستادا ئێران ساڵانە نزیکەی 6 ملیار دۆلاری لە سوریا خەرجکردووە بۆ پشتیوانی و پشتگیریی دارایی و چەکدارکردنی میلیشیاکانی و جێبەجێکردنی پلانە فراوانخوازیەکانی پاسداران.

بە دیارونای وت ئەمە له‌پاڵ پشتیوانیکردنیدا لە رژێمی سوریا.

وتی: "ئێران هەوڵدەدات وا ده‌ربخات کە ئەم پشتگیرییە کۆمەکی ئێرانە بۆ خەڵکی سوریا،" لەکاتێکدا "راستییەکەی ئەوەیە خەرجییەکان لەژێررێکەوتنێکی دوولایەنەدا دەکرێن لەنێوان هەردوولادا."

وتی قازانجی ئەو وەبەرهێنانە لەشێوەی قەرزاربوونی سوریا دەبێت بۆ ئێران، لەگەڵ کردنەوەی هه‌موو کەرته‌ ئابوری و ژیارییه‌كان، وەك کەرتی پەیوەندیگرتن و وزە و بنیاتنانەوە بۆ کۆمپانیا ئێرانیەکانی سەر بە پاسداران.

وتی ئەمە لە واقیعدا پاسداران دەکات بە هێزی سەرەكیی دەسەڵاتدار لە سوریا.

لە بەرژەوەندی ئێرانە شەڕەکە درێژبکاتەوە

عەبدوڵا وتی هیچ شتێك دۆخەکە ناگۆڕێت جگە لە دەرکردنی سەربازیی ئێران لە سوریا یاخود هەڵوەشاندنەوەی یاسایی رێکەوتنەکان لەگەڵ ئێران لەلایەن پەرلەمان یان حکومەتێکی نوێوە.

وتی بەمانایەکی تر، دەبێت گۆڕانکاریی ریشەیی بکرێت لە رژێمی دەسەڵاتداری ئێستای سوریادا تا دۆخەکە بگۆڕدرێت.

عەبدوڵا وتی هەربۆیەش کات زۆر گرنگە بۆ پاسداران، لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندیی ئەوه‌ قەیرانەکە درێژبكاته‌وه‌ تا جێبەجێکردنی پلانەکەی تەواوبكات.

وتیشی نەوت گرنگترین شتە کە لەڕێیەوە پاسداران دەسەڵات پەیدادەکات لە سوریا، كه‌ رژێمەکە و ناوچەکانی ژێردەستی لەئێستادا لەژێر چنگی پاسداراندان چونکە دابینکەری بەرهەمە نەوتیەکانە.

وتی: "دوور نیە پاسداران گەیشتنی هەندێك کاروانی راگرتبێت تا دڵسۆزانی رژێمی سوریا بووروژێنێت وەك ئامرازێك بۆ گوشار خستنە سەر رژێم." ئاماژەشیکرد بەوەی بارگرژییەکان لەنێوان ئەو دوولایەنەدا لەسەر دێرەزوور زیادیکردووە.

ئه‌مه‌ش بەتایبەتی روونە لە ناوچەکانی مەیادین و ئەلبوکەمال، کە شەڕ و پێکدادان دروستبووە لەنێوانیاندا بۆ کۆنترۆڵکردنیان و بوونەته‌ هۆی ئەوەی پاسداران و میلیشیاکانی کۆنترۆڵی تەواوەتیی ناوچە سنوورییه‌كانی ئەلبوکەمال بکەن.

وتی ئەمە بۆتە رێڕەوی لۆجستیی سەرەکی بۆ پاسداران و میلیشیاکانی کە لە ناوچەکە جێگیرکراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500