هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

چالاکوانێکی میدیا لەنێو قوربانیانی هێرشێكی ئاسمانیدایه‌ له‌ ئیدلیب

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

دۆستان و خێزانەکەی، چالاکوانان و ئەندامانی کڵاوسپییەکان یەکشەممە (21 تەمموز) بەشدارییانكرد لە پرسەی چالاکوانی میدیادا، ئەنەس زیاب، لە شاری ئیدلیب. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

دۆستان و خێزانەکەی، چالاکوانان و ئەندامانی کڵاوسپییەکان یەکشەممە (21 تەمموز) بەشدارییانكرد لە پرسەی چالاکوانی میدیادا، ئەنەس زیاب، لە شاری ئیدلیب. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

سیوپێنج مەدەنی لەنێو 37 کوژراودا بوون له‌ هێرشێکی ئاسمانیی روسیادا دووشەممە (22 تەمموز) بۆ سەر بازاڕێکی باکوری خۆرئاوای سوریا.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند لانیکەم 100 کەس برینداربوون لە هێرشە ئاسمانیەکەدا کە "بازاڕێکی جوملەفرۆشی سەوزەی کرده‌ ئامانج لە شارۆچکەی مەعەرەت نوعمان" لە پارێزگای ئیدلیب.

روانگەکە رایگەیاند كه‌ ژمارەی کوژراوان دەکرێت هێشتا به‌رزببێته‌وه‌ چونکە زۆرێك لەوانەی برینداربوون هێشتا له‌ دۆخێکی هەستیاردان و لەژێر داروپەردوودا گیریانخواردووە.

بەڕێوبەری روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی 35 لەوانەی دووشەممە کوژران مەدەنی بوون، لەکاتێکدا دوو جەستەی دیکە هێشتا نەناسراونەتەوە.

دوو کەس لەسەر ماتۆڕێك باڵندەی لەقەفەسکراو هەڵدەگرن کە لە هێرشە ئاسمانیەکان رزگاریان بووە لەنێو دارپەردووی شاری کەفر نەبل له‌ ئیدلیب، لەکاتێکدا پیاوێکی دیکە دەوەستێت بۆ روماڵکردنی زیانەکان. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

دوو کەس لەسەر ماتۆڕێك باڵندەی لەقەفەسکراو هەڵدەگرن کە لە هێرشە ئاسمانیەکان رزگاریان بووە لەنێو دارپەردووی شاری کەفر نەبل له‌ ئیدلیب، لەکاتێکدا پیاوێکی دیکە دەوەستێت بۆ روماڵکردنی زیانەکان. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

زیانێکی زۆر بە شاری کەفر نەبل له‌ ئیدلیب کەوت لەکاتی هێرشە ئاسمانییە چڕوپڕەکانی روسیا و رژێمی سوریادا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

زیانێکی زۆر بە شاری کەفر نەبل له‌ ئیدلیب کەوت لەکاتی هێرشە ئاسمانییە چڕوپڕەکانی روسیا و رژێمی سوریادا. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

مۆسکۆ نکۆڵی لە بەرپرسیارێتی کرد و رایگه‌یاند كه‌ راپۆرتەکان "ساختەن".

هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمدواییە دوای رۆژێك لە چەند هێرشێکی ئاسمانیی سوریا و روسیا هاتن بۆ سەر ناوچەی ئیدلیب، کە زیاتر لەلایەن هاوپەیمانێتی توندڕەوی تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراوە، تیایاندا 18 کەس کوژران، لەنێویاندا چالاکوانێکی لاوی بواری میدیا.

ئەنەس زیاب، وێنەگرێکی 22 ساڵ و ڤیدیۆگرافەر بوو، ئەندامی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپیەکان) بوو، هه‌روه‌ها كاری بۆ ئاژانسی فرانس پرێسیش دەکرد.

بەگوێرەی رزگاربووان و روانگەکە و چالاکوانانی ناوچەکە، زیاب لە هێرشە ئاسمانیەکانی روسیادا بۆ سەر شارۆچکەکه‌ی خان شه‌یخون کوژرا لە باشوری پارێزگای ئیدلیب، رۆژی یەکشەممە.

'زیانێکی گەورە'

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان خان شه‌یخون بەتایبەتی زیانی گەورەی بەرکەوت و بە هەزارانی ناچارکرد لە ناوچەکە هەڵبێن.

کڵاوسپیەکان یەکشەممە رایگەیاند كه‌ بەڵام زیاب "بڕیاریدا بمێنێتەوە لەگەڵ خۆبەخشانی هاوڕێی لە خان شه‌یخون تا ئەمڕۆ".

بەڕێوبەری کڵاوسپیەکان، رائید ساڵح، وتی زیاب لەکاتێکدا کوژرا كه‌ "هەوڵیدەدا ئەوەی لە سوریا روودەدات نیشانی جیهانی بدات".

وتی: "ئەوە زیانێکی گەورەیە."

ساڵح وتی زیاب کە رەبەنە، دایکوباوك و سێ برای جێهێشت، کە یەکێکیان لەلایەن رژێمی سوریاوە گیراوە.

لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کڵاوسپیەکان رایگەیاند كه‌ گروپەکە "پرسەی کەوتنی قارەمان ئەنەس زیاب دەگێڕێت، کە خۆبەخش و چالاکوانی میدیا بوو لەگەڵ ناوەندی بەرگری شارستانی سوریا لە ئیدلیب".

ئەو گروپە فریاگوزارییە رایگەیاند كه‌ پێنج ئەندامی کڵاوسپیەکان کوژراون لەوکاتەوەی بارگرژی لە ئیدلیب دەستیپێکردۆتەوە.

دایك و باوکی زیاب و چالاکوانانی هاوڕێی و کارمەندانی فریاگوزاری یەکشەممە لە ئیدلیب گردبوونەوە تا ماڵئاوایی لێبکەن، له‌كاتێكدا جەستەی لە کفنێکی سپیەوە پێچرابووە.

بۆمبارانی بەردەوام رێگرییکرد لەوەی لە خان شه‌یخون بنێژرێت.

منداڵان و ژنان کوژراون

چالاکوانێكی ناوچەکە، هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت نۆ منداڵ و ژمارەیەك ژن لەنێو کوژراوانی یەکشەممەدا بوون و بە دەیان بریندارکران، زۆرێك لەوانە لە دۆخێکی هەستیاردا بوون.

وتی ژمارەی کوژراوانی یەکشەممە دەکرێت زیادبکات، بەگوێرەی ئەو چالاکوانانەی لە ناوچەکە کاردەکەن کە بریندارانیان ژماردووە.

ئیدلیبی وتی هێرشە ئاسمانیەکان چەند ناوچەیەکی ئیدلیبیان کردە ئامانج، بەڵام لەسەر شاری ئوروم جۆز چڕبووبوونەوە، لەکاتێکدا 12 کەس کوژران، لەنێویاندا پێنج منداڵ و دوو ژن.

وتی لە شارۆچکەی کەفرومە، پێنج کەس کوژران، لەنێویاندا چوار منداڵ و لە شارۆچکەی جبالە کەسێك کوژرا.

ئیدلیبی وتی هێرشە ئاسمانیەکان خان شه‌یخونیان کردە ئامانج، کە زیابی تێدا کوژرا، لەگەڵ کەفر نەبل، کە لەئێستادا تاڕادەیەك بەتەواوی وێرانكراوه‌.

وتیشی لە شارۆچکەکانی تەمانعە، کەفر سەجنە، سەراقیب، حاس، مەعر شورین، حیزارین، شێخ موستەفا، عابدین، ئەرینبە و ستوح ده‌یریش هێرشیان کرایە سەر، بەگوێرەی چالاکوانانی هه‌رێمی ئیدلیب.

چالاکوانانی ناوچەکە وتیان هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا و سوریا ناوبه‌ناو له‌نێوان زنجیره‌یه‌ك تۆپبارانی چڕوپڕدا ئه‌نجامدران.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500