هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

مەینەتی ژنانی ئێزیدی لەنێوان منداڵەکانیاندا لە داعش و گەڕانەوە بۆ نیشتمان

ئاژانسی فرانس پرێس

ئێزیدییه‌كی عێراقی، جیهان قاسم، 18 ساڵ، لە خانویەکی کاتیدا لە ناوچەیەك کە زۆر ئاوارەی لەخۆی گرتووە لە دەوروبەری شارۆچکەی باعه‌درێ له‌ باکوری خۆرئاوای عێراق لە 25 حوزەیران 2019. جیهان ده‌بوو واز لە سێ منداڵەکەی بهێنێت کە لە مێردە داعشەکەی بوون، ئه‌گه‌ر نا لەلایەن کۆمەڵگەکەیەوە ده‌رده‌كرا. [سەفین حامید/ ئاژانسی فرانس پرێس]

ئێزیدییه‌كی عێراقی، جیهان قاسم، 18 ساڵ، لە خانویەکی کاتیدا لە ناوچەیەك کە زۆر ئاوارەی لەخۆی گرتووە لە دەوروبەری شارۆچکەی باعه‌درێ له‌ باکوری خۆرئاوای عێراق لە 25 حوزەیران 2019. جیهان ده‌بوو واز لە سێ منداڵەکەی بهێنێت کە لە مێردە داعشەکەی بوون، ئه‌گه‌ر نا لەلایەن کۆمەڵگەکەیەوە ده‌رده‌كرا. [سەفین حامید/ ئاژانسی فرانس پرێس]

دوای ئازادکردنی لەدوای چەند ساڵێك بەندبوون لەلای توندڕەوانه‌وه‌، جیهان ره‌ووبه‌ڕووی کێشەیەکی ئازاربەخش بووه‌وە: وازهێنان لەو منداڵانەی کە باوکیان له‌ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بوو یان خۆ خستنە بەردەم مەترسیی دەرکران لە کۆمەڵگە.

جیهان قاسم راستییەکی سادەی خستەڕوو لەکاتێکدا لەنێو چەند پارچە کۆنکرێتێكدا دانیشتبوو کە ئێستا پێیده‌ڵێت ماڵەوە: "بەدڵنیاییەوە ناتوانم بیانهێنمەوە ئێرە. ئەوان منداڵی داعشن."

وتی: "چۆن دەتوانم، كاتێك هێشتا سێ خوشك و برام لەژێردەستی داعشدان؟" ئاماژەی بەو راستیە نەگریسەش کرد کە منداڵەکان هەمووکات ئەو دڕندەییەی بیردەخەنەوە کە بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزیدیی داخراو و پێکەوە گرێدراو ئەنجامدرا لەلایەن داعشەوە.

دەیان ژن و کچانی ئێزیدی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لاقەکران، فرۆشران یاخود لە توندڕەوان مارەکران، لەکاتێکدا لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون لە نیشتمانی باووباپیرانی خۆیان لە شەنگال لە 2014، رووبەڕووی هەمان کێشە دەبنەوە. چی بکرێت لەو منداڵانەی لەم پێکەوەبوونە بەزۆرانە دروستبوون؟

منداڵانی ئێزیدیی ئاوارە لە تەنیشت خێمەیەکەوە راوه‌ستاون لە کەمپێك لە خانکێ، لە پارێزگای دهۆکی عێراق، لە 24 حوزەیران 2019. دەیان ژن و کچانی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون رووبەڕووی کێشەیەك دەبنەوە: یان ئەو منداڵانەیان بەجێبهێڵن کە باوکیان داعشە یاخود خۆیان تووشی مەترسیی ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ لەلایەن کۆمەڵگاکەیانه‌وه‌ ره‌تبكرێنه‌وه‌. [سەفین حامید/ ئاژانسی فرانس پرێس]

منداڵانی ئێزیدیی ئاوارە لە تەنیشت خێمەیەکەوە راوه‌ستاون لە کەمپێك لە خانکێ، لە پارێزگای دهۆکی عێراق، لە 24 حوزەیران 2019. دەیان ژن و کچانی ئێزیدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون رووبەڕووی کێشەیەك دەبنەوە: یان ئەو منداڵانەیان بەجێبهێڵن کە باوکیان داعشە یاخود خۆیان تووشی مەترسیی ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ لەلایەن کۆمەڵگاکەیانه‌وه‌ ره‌تبكرێنه‌وه‌. [سەفین حامید/ ئاژانسی فرانس پرێس]

وتیان لەئێستادا کە ئازادن، ژنەکان تامەزرۆی چارەسەرکردنی ئەو برینانەن كه‌ لەلایەن کەمینەیەکی موحافه‌زه‌كاره‌وه‌ بەسەریاندا سەپێنراوە -- بەڵام گەورەکردنی نەوەی توندڕەوان چارەسەری کۆتایی دەکاتە ئەستەم.

جیهان کە بە 13 ساڵی رفێندرا، ناچارکرا هاوسەرگیری بكات لەگەڵ چەکدارێکی داعشی تونسیدا لە 15 ساڵیدا و دواتر چوار مانگ لەمەوبەر لەگەڵ ئەو و منداڵەکانی هەڵهات لە بنکەی بۆمبارانکراوی داعش لە باغوزی سوریا.

کاتێك هێزەکانی پشتیوان بە ئەمریکا زانییان جیهان ئێزیدییە، خۆی و کوڕە دوو ساڵەکەی و کچە یەك ساڵەکەی و بەبە چوار مانگەکەیان جیاکردەوە بۆ پەناگەیەکی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا کە پەنای دایکانی دیکەی دابوو لەو کەمینە ئازاردراوه‌.

ئەو پەناگە ئارامە، ناسراو بە ماڵی ئێزیدییەکان، وێنەکەی لەسەر فەیسبوك بڵاوکردەوە و برا گەورەکەی، سامان، کە هێشتا لە باکوری عێراق بوو، خوشکەکەی ناسییەوە کە ماوەیەکی زۆر بوو ونبووبوو.

ویستی بیگەڕێنێتەوە ماڵەوە. بەڵام بەبێ منداڵەکانی.

دوای بگرە و بەردەیەکی زۆر، جیهان بڕیاریدا منداڵەکانی لای کاربەدەستانی کوردانی سوریا جێبهێڵێت لە بەرامبەر ئەوەی له‌قه‌ڵه‌میدا به‌ خێزانه‌ راستەقینەكه‌ی خۆی.

له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ وتی: "زۆر منداڵ بوون. زۆر هۆگرم بووبوون و منیش هۆگریان بووم... بەڵام ئەوان منداڵی داعشن."

وتی هیچ وێنەیەکی منداڵەکانی لا نییە و نایەوێت بیری بکەونەوە.

وتیشی: "یەکەم رۆژ سەختە و دواتر ورده‌وورده‌ بیرماندەچنەوە."

'کەس پرسیاریان لێناکات'

بۆ ماوەی چەند سەدەیەکە، ژنانی ئێزیدی کە لە دەرەوەی تایه‌فەكه‌ی خۆیان هاوسەرگیرییان بكردایه‌ -- تەنانەت دژی ویستی خۆیان -- لە کۆمەڵگە دەرده‌كران.

ئەو کچانەش كه‌ بەزۆر لەلایەن داعشه‌وه‌ رفێندران لە 2014 دەکرا هەمان چارەنووسیان هەبێت، بەڵام بڕیارێکی مێژوویی لەلایەن رابەری رۆحیی ئێزیدییەکانه‌وه‌، باباشێخ، رایگه‌یاند كه‌ رزگاربووانی دەستی چەوساندنەوەی سێکسی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ دەبێت پێشوازییان لێبکرێت لەنێو کۆمەڵگە.

بەڵام ئەم هاوسۆزییەوە منداڵەکانیان ناگرێتەوە.

لە نیساندا، ئەنجومەنی باڵای رۆحانیی ئێزیدییەکان بڕیارێکی ناڕوونی بڵاوکردەوە کە پێشوازی ده‌كات له‌ "نەوەی رزگاربووان"، بووە هۆی بڵاوکردنەوەی هیوای چاکسازییه‌كی دووەم بۆ په‌سه‌ندکردنی ئەوانەی لە دایکێکی ئێزیدی و باوکێکی داعش لەدایکبوون.

بەڵام کاردانەوەیەکی توند روویدا لەلایەن ئێزدییە موحافه‌زەکاره‌كانەوەکە بووە هۆی ئەوەی ئەنجومەنەکە روونیبکاتەوە کە بەیاننامەکەی گۆڕیوە: تەنیا پێشوازی لەو منداڵانە دەکات کە لە دایکوباوکێکی ئێزیدی لەدایکبوون.

چالاکوانی ئێزیدی، تەلال موراد وتی هەر چاکسازییەکی زیاتر بە هەڕەشە دادەنرا و ده‌روازه‌ی گۆڕانکاریی لەو کۆمەڵگەیه‌دا دەکردەوە كه‌ له‌ژێر كاریگه‌رییه‌ ده‌روونییه‌كانی رووداوه‌كاندان.

موراد، بەڕێوبەری ئێزیدی24، كه‌ بڵاوکراوەیه‌كه‌ی رووماڵی کاروباری ئێزیدییەکان دەكات، وتی: "گەر گۆڕانکارییەك لە بڕیارەکەدا هەبێت، دەکرێت شتی دیکەش بگۆڕێن -- رووخانێك روودەدات، داڕمانی تەواوەتیی ئایینی ئێزیدییەکان."

نوێنەری ئەنجومەن، عەلی خدر بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت مشتومڕەکە تەنیا لەبارەی چاکسازی ئایینییەوە نییە.

خدر لە بنکەی ئەنجومەن لە شێخان وتی: "سەرەتا، بەگوێرەی یاسای عێراق، هەر منداڵێك کە باوکی دیارنەبێت راستەوخۆ وەك موسڵمان تۆماردەکرێت."

شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، کە دەستووری عێراقی لەسەر بنیاتنراوە، مشتومڕی ئەوە دەکات کە ئایین لە باوکەوە وەردەگیرێت.

خدر وتی لەڕووی دەروونییشەوە، کۆمەڵگەی ئێزیدی زۆر زیانی بەرکەوتووە بە بەردەوام رفاندنی ئەندامەکانی تا قایلبێت بەوەی منداڵانی ئەو کەسە چەوسێنەرەوانە په‌سه‌ندبکات.

وتیشی: "تائێستا، هەزاران ژن و کچانی ئێزیدی لە دەستی داعشدان. کەس لێیان ناپرسێته‌وه‌. لە چەند منداڵێك ده‌پرسنه‌وه‌ کە به‌ په‌نجه‌ی ده‌ستێك ده‌ژمێردرێن."

ئەنجومەنەکە رایگه‌یاند كه‌ ئەو ئامارانە رەتدەکاتەوە کە باس لە ژمارەی رزگاربووانی ئێزیدی دەکەن لەگەڵ ئەو منداڵانەی بەهۆی لاقەکردنەوە لەدایکبوون.

گۆشت و خوێن و فرمێسکەکان

لەکاتێکدا زۆربەی دایکانی ئێزیدی منداڵەکانیان لە ماڵی ئێزیدی لە سوریا جێدەهێڵن، هەندێکیان ئەو منداڵانەیان هێناوەتەوە کە لە داعش لەدایکبوون بۆ نێو عێراق. ئەوانه‌ چاوپێکەوتنیان رەتکردەوە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە.

ژنێك بەرامبەر خێزانەکەی سووربوو لەسەر گەورەکردنی کۆرپە یەك ساڵانەکەی کە باوکی داعشێکی ونبوو بوو، بەڵام دوودڵ بوو کاتێك زانیی ناتوانێت ناسنامەی عێراقیی بۆ بەدەستبهێنێت چونکە باوکی دیار نەبوو.

دکتۆرەکەی وتی وازی لێهێنا تا یەکێك لەخۆی بگرێت.

بەگوێرەی کارمەندێکی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی کە کەیسەکەی بینیبوو، كچێكی دیکەی 18 ساڵ گەیشتە عێراق لە بەهاردا دوای ئەوەی ئازادکرا، بەڵام سکی لەلایەن رفێنەرە داعشەکەیەوە پڕکرابوو.

كچه‌كه‌ چەند رۆژێکی لە پەناگەیەکی ئارام بەسەربرد بێ ئەوەی خێزانەکەی پێی بزانێت، تا منداڵەکەی بوو، دواتر کۆرپەکەی بەخشی تا پەیوەندی بکات بە خزمەکانیەوە لە کەمپێکی ئاوارەکان.

ساڵی رابردوو، پێنج منداڵی لەدایکبوو لە دایکانی ئێزیدی و باوکانی داعش لە هەتیوخانەیەکی موسڵ جێهێڵدران، کە یارمەتی موسڵمانانی ناوچەکەی دا لەخۆیان بگرن، بەگوێرەی بەڕێوبەری کێشەی ژنان و منداڵان لە موسڵ سوکینە یونس.

لەئێستادا وەك موسڵمان تۆمارکراون.

کاریگەریی دەروونیی ئەم جیاکردنەوەیە ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت. جیهان خۆی هێشتا بێتاقەت دەردەکەوت.

چەند هەفتەیەك لەوەوبەر، باسی منداڵەکانی کرد بۆ کارمەندێکی کۆمەڵایەتی وەك "گۆشت و خوێن" و وتی بیریان دەکات.

لەکاتێکدا کەمتر هۆگر دەردەکەوت کاتێك بۆ ئاژانسی فرانس پرێس قسەی کرد، زەردەخەنەیەکی بەشەرم لەسەر رووی بوو کاتێك بیری دەهاتەوە. کاتێك لەبەرچاوی براکەی نەدەما، بەبێدەنگی دەگریا.

وتی: "بەدەست من بوومایە، دەمهێنانەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئازاره‌كانی ژنانی رزگاربووی یه‌زیدی: جیهان قاسم، ژنێكی یه‌زیدیی خه‌ڵكی عێراق، له‌ ماڵێكی كاتیدا له‌ ناوچه‌یه‌ك كه‌ زۆر له‌ ئاوه‌ره‌كانی لێ ده‌ژین له‌ ده‌وروبه‌ری باعه‌درێ، له‌ باكوری عێراق، وێنه‌یه‌ك كه‌ له‌ 25 حوزه‌یرانی 2019 گیراوه‌. به‌هۆی ترسی گۆشه‌گیربوون له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا، جیهان ناچاربووه‌ واز له‌ هه‌ر سێ منداڵه‌كه‌ی بهێنێت چونكه‌ باوكیان چه‌كدارێكی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش)ه‌. سه‌فین حه‌مه‌د\ئاژانسی فرانس پرێس. چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا، له‌ رایدۆ (؟؟؟)، كه‌ من له‌وباوه‌ڕه‌دام مه‌به‌ستی هه‌مان كه‌س بێت، به‌ڵام ناوی نه‌بردووه‌. ئه‌و خانمه‌ قسه‌كانی وه‌رگیرابوو كه‌ وتوێتی ته‌مه‌نی 13 ساڵ بووه‌ له‌ 2014 كاتێك رفێندراوه‌ و دراوه‌ به‌ شوو، هه‌رچه‌نده‌ كه‌مته‌مه‌ن بووه‌. ئێستا سێ منداڵی هه‌یه‌ (ته‌مه‌نیان دوو ساڵ، یه‌ك ساڵ و چه‌ند مانگێك و یه‌كێكیان چوار مانگه‌ (ساوایه‌)). "له‌ [كه‌مپی] حه‌ول به‌جێمهێشتن و دوو ساڵانه‌كه‌یان هاواری دایكی ده‌كرد و ده‌یوت: 'دایه‌، له‌گه‌ڵ خۆت بمبه‌.' ئه‌مه‌ چه‌ند جارێك دووپات بووبووه‌وه‌. منداڵی دووه‌م جارێكا ناتوانێت قسه‌بكات. وتی منداڵه‌كه‌ی پاككردۆته‌وه‌، [ناخوێنرێته‌وه‌]ی گۆڕیوه‌ و [ناخوێنرێته‌وه‌]ی كڕیوه‌. وتی كه‌ بۆ دواجار هه‌ردوو مه‌مكی پێداوه‌. وتی منداڵن و منیان له‌بیرده‌چێته‌وه‌. ئه‌مه‌ حاڵه‌تێكی زۆر سه‌خته‌، كه‌ خۆشه‌ویستی و رق له‌ منداڵاندا تێكه‌ڵ بوون. ئایا هیچ مرۆڤێك له‌ دونیادا نییه‌ بتوانێت كۆمه‌كی ئه‌و ژنانه‌ بكات به‌ دابینكردنی ژیانێكی باش بۆیان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان به‌ هه‌ر مانایه‌ك بێت؟ چونكه‌ من له‌وه‌ ده‌ترسم ئه‌و منداڵه‌ بێتاوانانه‌ بكه‌ونه‌ ده‌ست تاوانكاران و بازرگانانی منداڵ. ئێمه‌ هه‌موو قوربانیی حوكمداران و بازرگانان

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

ئه‌مه‌ وشه‌یه‌كی راست و لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌! وێبسایته‌كه‌تان چی كردووه‌ ده‌رباره‌ی تاوانه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش) دژی یه‌زیدیه‌كان پێش ئه‌وه‌ی باس له‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌ بكه‌ن؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌