هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

بەریتانیا گه‌رەنتی دەوێت پێش ئازادکردنی کەشتیەکە

سوڵتان بارعی لە ریاز و ئاژانسی فرانس پرێس

ئەم وێنەیە کەشتیی زەبەلاحی گرێیس 1 نیشاندەدات لە کەناری جەبەل تاریق لە 6 تەمموز. [جۆرج گوێرۆ / ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەم وێنەیە کەشتیی زەبەلاحی گرێیس 1 نیشاندەدات لە کەناری جەبەل تاریق لە 6 تەمموز. [جۆرج گوێرۆ / ئاژانسی فرانس پرێس]

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جێرێمی هەنت دووشەممە (15 تەمموز) وتی كرده‌وه‌كانی ئێران "بەتەواوی ناسەقامگیرکەرن" بەڵام وتی دەیەوێت بارگرژییەکان کەمبکاتەوە، پێش گفتوگۆکانی لەگەڵ هاوتاكانی لە یەکێتی ئەوروپا بۆ تاووتوێکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی 2015.

هەنت لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وتی: "بەرەو برۆکسل دەڕۆم بۆ تاووتوێکردنی بەپەلەی چۆنێتی کەمکردنەوەی بارگرژییەکان لەگەڵ ئێران."

هه‌نت شێوازی کارکردنی ئێرانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدا بە "به‌قوڵی ناسەقامگیرکەر" و وتیشی: "دەمانەوێت بارگرژی کەمبکەینەوە نەك زیادیبکەین لەسەر 'گرێیس 1' و خۆمان لابدەین لە ناوچەیەکی ئەتۆمدار".

بەرپرسانی جەبەل تاریق، كه‌ خاكی به‌ریتانیایه‌، لە 4 تەمموز ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر کەشتیی نەوتی ئێرانی 'گرێیس 1'دا.

ریزێك ئۆتۆمبیل لە دیمەشق چاوەڕوانی بەنزین دەکەن لەکاتێکدا کورتهێنانێکی توندی بەنزین هەیە. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

ریزێك ئۆتۆمبیل لە دیمەشق چاوەڕوانی بەنزین دەکەن لەکاتێکدا کورتهێنانێکی توندی بەنزین هەیە. [وێنەکە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە]

بەرپرسانی ئەمریکا باوەڕیان وایە کەشتیەکە بەرەو سوریا دەچوو بۆ گواستنەوەی نەوت، وەك پێشێلکاریی سزا جیاوازەکانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا.

گه‌رەنتی پێویستە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا شەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف، هەنت وتی کەشتیەکە ئازاد دەکرێت گەر ئێران گه‌رەنتی ئەوە بدات بەرەو سوریا ناچێت.

وتی "پەیوەندییەکی بنیاتنەرانە"ی ئەنجامداوە لەگەڵ زەریف کە وتی دڵنیای کردۆتەوە لەوەی تاران "هەوڵی برەوسەندنی" بارگرژییەکان نادات لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

هەنت وتی: "دڵنیامکردەوە لەوەی نیگەرانیی ئێمە شوێنی ئامانجی کەشتیەکەیە نەك ئەوەی نەوتی گرێیس 1 لەکوێوە هاتووە."

بەیاننامەیەکی ئێرانی گفتوگۆکەی پشتڕاستکردەوە و وتی هەنت ددانی ناوه‌ بە "مافی هەناردەکردنی نەوت"ی ئێراندا. راشیگەیاند کە تاران بەهیوایە لێکۆڵینەوە لە جەبەل تاریق بکرێت بۆ کەشتیە دەستبەسەرداگیراوەکە "کە ببێتە هۆی ده‌ستبه‌جێ ئازادکردنی کەشتیە ئێرانییەکە".

هەنت وتی بەریتانیا "ئاسانکاریده‌كات بۆ ئازادکردنی گەر گه‌رەنتیمان پێبدرێت کە ناچێت بەرەو سوریا، دوای پرۆسەی دادگایی لە [جەبەل تاریق]".

تاران بەتوڕەییەوە کاردانەوەی هەبوو بۆ دەستبەسەراگرتنەکە و بەریتانیا رایگەیاند بەلەمە جەنگیەکانی ئێران هەوڵیانداوە "بەربگرن بە رۆیشتنی" کەشتییەکی نەوتی بەریتانی لە گەرووی هورمز.

ئێران، لە بەیاننامەیەکدا کە میدیای دەوڵەت بڵاویکردەوە، وتی زەریف بە هەنتی وتووە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەناردەکردنی نەوت "لە هەر دۆخێکدا بێت" و شوێنی ئامانجی گرێیس 1 "یاسایی" بووە، بۆ "خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست" بووە.

ده‌ستنیشانی نەکرد بۆ کوێ.

هەنت وتی سەرەکوەزیرانی جەبەل تاریق، فابیان پیکاردۆ "کارێکی نایابی کردووە لە هەماهەنگیکردنی کێشەکە و گوێگرتن لە دیدگای بەریتانیا لەبارەی ئەوەی بەرەو کوێ بڕۆین".

'كرده‌یه‌كی پێویست'

بەگوێرەی پیکاردۆ، کەشتیە ئێرانیەکە ئەوپەڕی توانای خۆی باری هەڵگرتووە، كه‌ بریتییه‌ له‌ 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو.

پیکاردۆ رایگەیاند كه‌ کاپتنی کەشتیەکە و سێ لە ستافەکەی دەستگیرکران و دواتر هەینی بەبێ سزا ئازادکران.

پارێزەری سوری، بەشیر بەسام بە دیارونای وت: "دەستبەسەراگرتنی گرێیس 1 کارێکی پێویست بوو."

وتی دەستبەسەراگرتنی کەشتیەکە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە بەسەر سوریادا سەپێنراوە و ئاماژەیکرد بەوەی شوێنی ئامانجی کەشتیەکە گومانلێکراوە بەگوێرەی زانیاریی هەواڵگری و زانیاریی دەستخراو لەلایەن کاربەدەستانی بەریتانیاوە.

وتی راگەیاندنی ئەوەی کەشتیەکە ئازاد دەکرێت دوای لێکۆڵینەوەی شوێنی ئامانجی لەلایەن بەریتانیاوە سەیر نیە و ئاماژەیکرد بەوەی ئەمە کارێکی دروست بووە دوای بەئەنجامگەیشتنی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە.

بەسام وتی: "پێویسته‌ و گرنگیسە هەنگاوی توند بگیرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی سزا سەپێنراوەکان بەسەر رژێمی سوریادا تا لە تاوانەکانی بوەستێت بەرامبەر خەڵکی سوریا،" له‌وانه‌ هەوڵەکانی بۆ گۆڕانکاری دیمۆگرافی.

وتی کێشەی نەوت و به‌روبومه‌ نه‌وتییه‌كان کاریگەرییەکی گەورەی هەیە و فشارێكە بۆ سەر رژێمی سوریا لە ناوچەکانی ژێردەستی و ئاماژەیکرد بەوەی رژێم بەشێوەیەکی سەرەکی بەرپرسە لە کورتهێنانی توندی ماددە خاوەکان.

وتی زۆر خۆپیشاندان لە ناوچەکانی ژێردەستی رژێم کراوە دژی کورتهێنانی گاز و گازوایل و وتیشی بڕێکی زۆر لە پێکهاتە نەوتییەکان دەچن بۆ سوپا و میلیشیاکانی سەر بە رژێم.

هه‌روهه‌ا وتی هەر کورتهێنانێکی زیاتر کاریگەرییەکی سەختی دەبێت لەسەر جوڵەکانی سوپا و ئۆپەراسیۆنەکانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500